سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە کۆبوونەوەی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی عێراق کرد

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری کرد لە کۆبوونەوەی دەوریی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆى پۆلیتەکنیکی ناوەڕاست میوانداریی کرا و له‌ شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی فیدڕالی، د.حەیدەر عەبد زەهد و سەرۆکی لیژنەی پڕۆژەی چاکسازیی خوێندن و مەشقی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق، د.حامد خەڵەف ئەحمەد و راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، عەلا عەبد حەسەن و سەرۆکی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی عێراق و هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەی بوون، باس لە هەنگاوەکانی بەرەپێشبردنی خوێندنی تەکنیکی وپیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.

دوای پێشکەشکردنی گوتارەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەکە خرایە روو کە لە میانی نۆ تەوەری جیادا باس لە سەربەخۆیی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی بە تایبەتی لەو بەشانەی کە سیستەمی بۆڵۆنا پەیڕەو دەکەن، هەروەها پێشنیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشووی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی لەبارەی گۆڕینی پەیمانگاکانی تەکنیکی بۆ کۆلێژ، پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی خوێندنی تەکنیکی لە عێراق و گۆڕینی بۆ فەرمانگەی خوێندنی تەکنیکی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی بۆلۆنا و ئەو ئاستەنگانەی کە رێگرن لە بەردەمی جێبەجێکردنییدا، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و تاوتوێکردنی بنیاتنانی ژێرخان بۆ ئەو زانکۆیانەی  کە تازە دروستکراون هەروەها کارکردن بۆ گۆڕینی خاوەندارییەتی زەوییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی لەگەڵ چەند بابەتێکی دیکەیی هەنووکەیی خرانە بەرباس.