بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆبوونەوەی تایبەت بە وەرگرتنی قوتابیان لە بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان بەرێوەچوو

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 17ـی ئابی 2023، لە سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەوشی خوێندن و بەردەوام بوونی خوێندن و وەرگرتنی قوتابیان لە بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە کۆلیژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە کە لە  نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و خاچی سووری نێودەڵەتی ئەنجامدرا، بەسەرپەرشتی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بەڕێز  پ. ی. د. محمد کلاری ، وە شاندی زانکۆمان بریتی بوو لە بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان، شاندی خاچی سووری نێودەوڵەتی بریتی بوو لە بەڕێز تیگران بێتانیان بەڕێوەبەری پڕۆگرامی (𝗉𝗁𝗒𝗌𝗂𝖼𝖺𝗅 𝗋𝖾𝗁𝖺𝖻𝗂𝗅𝗂𝗍𝖺𝗍𝗂𝗈𝗇) لە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە بەغدا و بەڕێز یان لیبێک بەڕێوەبەری هاوبەشیەکان لە رێکخراوی ناوبراو. شایانە باسە بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەشێک لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو و وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، تەواوی پاڵپشتی خوی دەربڕی بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە گفتوگۆی لەسەرکرا و پێشنیاری گونجاو لە بارەی بەشەکەوە خرایەڕوو وەک:

1- بەردەوام بوونی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی و مەعنەوی تا کۆتایی ساڵی 2026 بۆ هەردوو خوولی یەکەم و دووەمی وەرگرتنی قوتابیان.

2- دابین کردنی بوودجە بۆ 2 ستافی ئەکادیمی بیانی بۆ وانە ووتنەوە لە هەردوو خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر لە لایەن خاچی سووری نێودەوڵەتی بەڕێژەی 75% وە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە رێژەی𝟤𝟧% .

3- بۆ وەرگرتنی قوتابییان لە خوولی سێیەم واتا بۆ ساڵی ئەکادیمی 2024 – 2025 پێویستە گشت لایەنە هاوبەشەکان هاوکاری و هەماهەنگی بکەن لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆگرامە.

4- خاچی سووری نێودەوڵەتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەوڵ دەدەن بە دۆزینەوەی سپۆنسەر بۆ ئەم پڕۆگرامە بەتایبەتی بۆ خوولی سێیەم و خوولەکانی دواتر.

5- هەوڵ بدرێت بە زووترین کات کار بکرێت لەسەر وەرگرتنی متمانەی ئەکادیمی بۆ ئەم بەشە لە لایەن دامودەزگا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە متمانە بەخشین بە پرۆگرامی ئەکادیمی، بۆ ئەوەی ئەم بەشە بتوانێ قوتابییانی بیانی وەربگرێت.

6- بەردەوام بوون لە کردنەوەی خوێندنی باڵا بۆ ئەم بەشە بەمەبەستی دابین کردنی ستافی ئەکادیمی پسپۆری ناوخۆیی.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا نوێنەرانی خاچی سووری نێودەوڵەتی تەواوی پاڵپشتی خۆیان دەربڕی بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆگرامە.