رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 5ـی شوباتی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ کاروباری زانستی و بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار، لەگەڵ گەورە راوێژکارانی پرۆژەی کۆواتەر لە بواری سێکتەری ڤێتیرنەری کۆبوویەوە.
شاندی میوان پێکهاتبوون لە (مارک ڤانستینکیست) بەلجیکی و (براین ستەینس) سکۆتلەندی راوێژکارانی باڵای پرۆژەی سێکتەری پەرەپێدانی ڤێتیرنەری لە یەکێتی ئەوروپا.
سەرەتا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و باسی لە گرنگی و هەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد لەگەڵ زانکۆیەکانی یەکێتی ئەوروپا و گواستنەوەی ئەزموونی ئەوان لە بواری کشتوکاڵ و سێکتەری ڤێتێرنەری کە ئەمەش دەبێتە پاڵپشتی و هاندانێکی گرنگ بۆ هەریمی کوردستان.
دواتر هەریەکە لە بەرێزان مارک و براین باسی پرۆژەکەیان کرد کە جێبەجێ دەکرێت لە لایەن دامەزراوەی (کۆواتەر ئینتەرناشناڵ) و (جی.ئای. زی)ـی ئەڵمانی و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت.
پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت کە دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش: پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندنی بەشی ڤێتێرنەری لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ناردنی ستافی ئەکادیمی بەشی ناوبراو بۆ زانکۆیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ ولاتی بەلجیکا و هۆلەندا بەمەبەستی ئاشناکردنیان بە نوێترین شێوازی تەکنیکی بەشی ڤیتێرنەری و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەردەمییانە و چارەسەرکردنی کەمکردنەوەی کێشە کشتوکاڵیەکان و زیاترکردنی بەرهەم.
لایەنی دووەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی دانە بە ستافی کارگێری بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆ، ئەنجامدانی چەند وۆرکشپێک لە بواری پەرەپێدانی تواناکان و دروست کردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاری کار و گواستنەوەی ئەزموونی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان.