رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 4ـی کانونی دووەمی 2023 لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما بتو پرۆسەی تۆمارکردنی بەشداربووانی پرۆژەی ئیمپاکت دەستی پێکرد.
پرۆژەی ئیمپاکت بە چاودێری رێکخراوی خۆراکی جیهانی (دەبلیو ئێف پی) لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر – بەرێوەبەرایەتی سەنتەری پەرەپێدان بۆ کارەوە جێ بەجێ دەکرێت، و لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیا و بالیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق پاڵپشتی دارایی دەکرێت.
پرۆژەکە بە مەبەستی هاوکاری کردنی گەنجانی پەنابەری سوری و ئاوارەی ناوخۆی عێراق و گەنجانی سنوری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری جێبەجێ دەکرێت بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار، وە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی زانستی کە لە ئاست خواستی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان بێت. لە رێگەی کردنەوەی خولی بەهێزکردنی تواناکانی بەشداربووان لە بوارەکانی (زمانی ئینگلیزی و زانستی کۆمپیوتەر) بۆ ماوەی 10 مانگ.
ئەم پرۆژەیە دەبێتە هاندانێک بۆ ئامادەکردنی دەرچووان بۆ بەدەست هێنانی هەلی کار لە ئێستا و لە داهاتوودا، وە دابینکردنی پێداویستییە زانستی و ڕۆشنبیری و مادییەکان.
شیاوی باسە پرۆژەی ناوبراو لە لایەن مامۆستایانی شارەزا و لێهاتووی زانکۆمانەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت بۆ 150 دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگەکان.