Daily Archives: شوبات 24, 2021

حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی ئەندازیاریی لە نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی بەرێوەدەچێت

رۆژی چوار شەممە رێککەوتی 24ـی شوباتی 2021 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و سەرۆکی زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی د. ئیدریس هادی صالح مەراسیمی کردنەوەی حەوتەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی ئەندازیاری بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی دەستی بەکارەکانی خۆی کرد، کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە گوێ گرتن لە سرودی نیشتمانی دەستی پێکرد و دواتر سەرۆکی زانکۆی تیشک د. ئیدریس هادی وتەی بەخێرهاتن و کردنەوەی پێشکەش کرد.
پاشان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و گووتی : “خۆشحاڵم کە حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەندازیاری ئەنجام دەدەین لە نێوان زانکۆمان و زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی، بە خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی نوێنەری وەزیری خوێدنی باڵا دەکەم، بەرێزان ئێمە لە ساڵی 2014 ـەوە کۆنفرانسی ساڵانە ساز دەکەین لەگەڵ هاوکارانی ئەندازیارانمان لە زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی، ئەم کارە هاوبەشەمان ساڵانێکە پەرەدەسێنێت، ئێمە پلاتفۆرمێکمان بۆ توێژەرانی ئەکادیمی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دابین کردووە بۆ پێشکەش کردنی داهێنان لە توێژینەوەکانیان.

هەرچەندە ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) گۆڕانکاری لە هەموو بوارەکانی ژیان کرووە بەمەش کاریگەری لەسەر خوێندن لە هەموو وڵاتانی جیهان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەبووە، ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان بەکارخستووە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم تەنگەژەیە لەرێگەی گۆرینەوەی زانیاری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو دوورکەوتنەوە کۆمەڵایەتییەی کە لە ئارادایە.
ئەم کۆنفرانسە بەوردی خزمەتی ئەم بوارەی کردووە بە کۆکردنەوەی 113 کەسی ئەکادیمی و توێژەر لە 37 دامودەزگا و رێکخراوی ئەکادیمی لە 10 وڵاتی جیاواز بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری لە بواری ئەندازیاری، و بۆ دروست کردنی رەنگدانەوەیەکی باش لەسەر ئەم بارودۆخە ناهەمووارە ئەم کۆنفرانسە لەژێر ناونیشانی

“Research & Innovation amid Global Pandemic”

بەرێوە دەچێت و توێژینەوە پەسەندکراوەکان لە هەردوو گۆڤاری پۆلیتەکنیک و

Eurasian Journal of Science and Engineering

بڵاو دەکرێنەوە، لە کۆی 65 پەیپەر کە هەڵسەنگاندیان بۆ کراوە لە لایەن هەردوولاوە ، تەنها 46 پەیپەر بەگوێرەی داخوازییەکانی کۆنفرانسەکە بوون.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا د. کاوە گووتی: ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەمانەوێت دەستپێشخەربین لە گەشەسەندن و بەرزکردنەوەی رانکی زانکۆ و باشترکردنی کوالیتی توێژینەوەکانمان، هەروەها سازدانی کۆنفرانسی لەم شێوەیە بەشێکە لە ستراتیژیەتمان بۆ بەرەوە نێودەوڵەتی بوون و بەجیهانی بوون، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیان، خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
لە کۆتاییدا سوپاسی لێژنەی باڵای رێکخستنی کۆنفرانسەکە دەکەم ماندووبوون و هەماهەنگیتان بەرز دەنرخێنم و دووبارە بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووان دەکەم و هیوادارم گفتوگۆ زانستییەکانمان لەم دوو رۆژەدا بەرهەمدار بن”.
شیاوی باسە ئەم کۆنفرانسە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت لە رۆژانی 24 و 25/2/2021، بە بەشداری 113 کەسی ئەکادیمی و توێژەر لە 37 دامودەزگا و رێکخراوی ئەکادیمی لە 10 وڵاتی جیاواز بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری لە بواری ئەندازیاری.