Daily Archives: تشرینی یه‌كه‌م 6, 2020

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دووەمین وێبیناری هەفتانەی ئەنجامدا

رۆژی سێ شەممە رێککەوتی ٦ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۰ لە درێژەی زنجیرە وێبینارەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە بەشداری زیاتر لە 350 مامۆستا و قوتابی دووەمین وێبینار لەژێر ناونیشانی ((خۆپاراستنى مامۆستایان و قوتابیان لە کۆرۆنا لە کاتى وانە خوێندن لە پۆل)) بەڕێوەچوو کە لەلایەن بەڕێز پ.ی.د. دەشتی بستانی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناو و دڵ و رۆماتۆلۆجی پێشکەش کرا.

لە دەسپێکی وێبینارەکە سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی سوپاسی پ.ی.د. دەشتی بستانی کرد بۆ پێشکەش کردنی وێبینارەکە، هەروەها تیشکی خستە سەر مەترسیەکانی پەتای کۆرۆنا داوای لە قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد رێنماییە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکەن بۆئەوەی خۆیان و هاوپۆل و مامۆستاکانیان لە مەترسی تووشبوون بەم ڤایرۆسە بپارێزن.

دواتر د. دەشتی بابەتەکەی پێشکەش کرد و تیایدا تیشکی خستە سەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەتایبەت لە ئێستادا کە بەرەو وەرزی زستان دەڕۆین، خوێندن لە زانکۆکان دەستی پێکردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا باس لە چۆنیەتی خۆپاراستنی قوتابیان و مامۆستایان کرا لە کاتی خوێندنی نێو کامپەس تاکو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبن و خۆیان بپارێزن چونکە مەترسیەکی گەورەیە لە سەر ژیانی قوتابیان.

دواتر دەرگای گفتوگۆ کرایەوە قوتابیان و مامۆستایان بە ئامادەبوونی بەرێز سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەر و ڕاگرە بەڕێزەکان راستەوخۆ وەلامی مامۆستا و قوتابیانیان دایەوە کە ئەمەش بووە جێگای دلخۆشی بەشداربووانی وێبینارەکە.

بەڕێز پ.ی.د. دەشتی بستانی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناو و دڵ و رۆماتۆلۆجیە هەروەها سەرۆکی لێژنەی زانستی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە لە هەولێر و ئەندامی لێژنەی زانستی عێراقە بۆ چارەسەری کۆرۆنا هاوکات ئەندامی لێژنەی راوێژکاری باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

تەواوی وێبینارەکە ببینە: