Daily Archives: تشرینی یه‌كه‌م 1, 2020

سەرۆکی زانکۆ بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ۲۰۲۰-٢٠٢١ پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن پەیامێکی ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان کرد.

 وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی ۲۰۲۰-٢٠٢١ لەپەیامەکەدا هاتووە کە ئێمە وەک ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خەمی تەندروستی قوتابیان و خوێندکارانمانە، هەر بۆیە پاڵپشت بە پێشنیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری دەست پێکردنەوەی خوێندنمان داوە بە شێوەی خوێندنی ئاوێتە وە لە رێککەوتی ٤ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۰ بە کردار خوێندن دەست پێدەکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی زانکۆ

ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەستپێدەکەینەوە

مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست، سەرەتا پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنتان لێدەکەین.

دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، لە بارودۆخێکی ئەوهادا کارێکی ئاسان نیە، ئەمڕۆ پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی ترسناک لە هەرێمەکەمان بڵاوبووەتەوە. لەلایەکەوە خەمی تەندروستی ئێوەمانە و لەلایەکی دیکەشەوە نابێت ساڵێکی تەمەنی ئێوە بەخۆڕایی بڕوات، بەڵکو دەبێت ڕەوڕەوەی خوێندن بەردەوام بێت و قوتابیان و خوێندکاران مافی خۆیانە کە زانیاری و زانستی پێویست وەربگرن.

هەر بۆیە ئێمە لە ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر, پاڵپشت بە پێشنیازی وەزارەتی خوێندنی باڵا و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندنمان دا بە شێوەی خوێندنی ئاوێتە

(Blended Learning)

 ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی خوێندنە و ڕۆژی خۆئامادەکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانە، وە ڕۆژی یەکشەممە رێککەوتی ٤ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۰ بە فیعلی خوێندن دەستپێدەکەینەوە، بەشێوەیەک وانە تیۆرییەکان بە ئەلیکترۆنی دەخوێندرێن و وانە پراکتیەکانیش لەناو کامپی زانکۆ بە گروپی بچووک بچووک ئەنجام دەدرێت  بە جێبەجێ کردنی رێنماییە تەندروستییەکان، داوا لە بەشە زانستیەکان دەکەین کە خشتەی وانەکان لەگەڵ ئەم بارودۆخە بگونجێنن.
هیوادارین هەموومان هاوکاری یەکتر بین بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.
د. کاوە شێروانی
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر