رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 1ـی شوباتی 2023 د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە هاوبەشانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پرۆژەی (کامپڵەس) کە پێکهاتبوون لە حەوت دامودەزگای نێودەوڵەتیی لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا و یۆنان.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت هەروەها هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرس و راهێنەرانی پرۆژەکە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەیبوون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی شاندی هاوبەشانی ئەورووپی لە پرۆژەی کامپڵەس کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کارکردنی هاوبەشی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دامەزراوە ئەورووپییەکان، هەروەها سوپاسی هاوبەشانی کرد کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی کامپڵەس، هەروەها ئامادەیی وەزارەتەکەی نیشاندا بۆ هەر کارێکی پێکەوەیی بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەنجان و قوتابیانی کوردستان و پەنابەرانی کەمپەکان.
جێی باسە ساڵی رابردوو، شەش مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان لە خولێکی تایبەت لە وڵاتی ئیتاڵیادا کرد بەمەبەستی بوون بە راهێنەر لەم سەردانەی شاندە ئەرووپییەکە بڕوانامەی راهێنەرییان پێ دەبەخشرێت.
ئەم پرۆژەیە بە کۆمەکی دارایی یەکێتی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت کە ئامانج لێی یارمەتیدانی پەنابەران و دەرچووانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە لە بەرەوپێشبردنی پرۆژەکانیان و رەخساندنی هەلی کار بۆیان.