Blog

‎زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کورسیی بەتاڵی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکیەکان رادەگەیەنێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاگاداری ئەو قوتابییانە دەکاتەوە کە لە هیچ کۆلێژ و پەیمانگەیەک وەرنەگیراون، ڕۆژی یەکشەمە رێکەوتی 23/10/2022 دەتوانن سەردانی بەشی تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆمان بکەن، بۆ وەرگرتنی فۆرمی راستەوخۆ (تەنها بۆ ئەو قوتابیانەی لە هیچ بەشێك وەرنەگیراون)، بەمەبەستی وەرگرتنیان لەو بەشانەی کەوا (پلانی وەرگرتنیان پڕ نەبووتەوە) لە کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکیەکانی سەر بەزانکۆمان.

تێبینی: فۆرمەکان لە بەشی تۆماری ئەو کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییانە دابەش دەکرێت کە پلانی وەرگرتنیان پڕ نەبۆتەوە (واتا لە سەرۆکایەتی زانکۆ فۆرم دابەش ناکرێت).

لیستی ناوی بەشەکانیش لە خوارەوە دیاری کراوە.‎

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لیستی ناوی وەرگیراوانی دەرچووی پیشەیی بە سیستەمی ئێواران رادەگەیەنێت

دوابەدوای فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە 18152 لە 18/10/2022 وە فەرمانی زانکۆییمان ژمارە 8960 لە 18/10/2022، بەڕێوبەرایەتی تۆماری گشتی لیستی ناوی وەرگیراوانی پیشەیی لە بەشە هاوشێوەکانیان بەشێوەی سیستەمی ئێواران بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 راگەیاند بەمشێوەیەی خوارەوە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نۆتینگهام وێرکشۆپێکی دوو رۆژە بەڕێوەدەبەن

بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وێرکشۆپی بەنێودەوڵەتیکردنی ستراتیژییەتی خوێندنی باڵا، پرۆگرامی خوێندن، وڕاهێنان وپەروەردەی پیشەیی و تەکنیکی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی نۆتینگهامی بەریتانی لە 18 و 19ـی ئۆکتۆبەری 2022 ڕێکخست.

وێرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان بەڕێوەچوو کە پێکهاتبوو لە چوار بابەتی گرنگ لە لایەن پسپۆڕ و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆی نۆتینگهام بەڕێزان پ.د. جولیەت ثەندلانە، پ. د. ڤۆڵکەر ویدکایند، و جۆشوا هاکینز بەشێوەی ئۆنلاین پێشکەشکران.

بابەتەکان تایبەت بوون بە بەرەوپێشەوەچوونی ستراتیژییەتی بەنێودەوڵەتیکردن لە جیهانی دوای کۆڤید-19 ، بنیاتنانی هاوبەشییەکی پەروەردەیی سەرکەوتوو، چەمکە سەرەکییەکان و سەرنجەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن، و کێشە دیبەیتەکانی چوارچێوەی لێهاتوویی و پرۆگرامی پیشەیی وکارکردن. هەروەها چەند بابەتێکی جیاواز باسی لێوە کرا وەک بەرچاوڕوونییەک لەسەر جۆر و ئاستی نێودەوڵەتیبوونی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر .

ئەم وێرکشۆپە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی لە نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و نۆتینگهام کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ واژوو کرا بەڕێوەچوو.

شایەنی باسە کە زانکۆی نۆتینگهام لە پلەی هەژدەهەمینە لەسەر ئاستی بەڕیتانیا و ١٣٠هەمینە لەسەر ئاستی جیهان بە پێی ڕێزبەندی

 Times Higher Education.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەرفەتی خوێندنی وەرزێك(سمستەرێك) دەدات بە قوتابیان لە زانكۆی بێڵێفدی ئەڵمانی و ڤرۆچتسوافی پۆڵەندی


دوای ئەوەی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ماوەی رابردوودا یاداشتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ هەردوو زانكۆی بێڵێفیڵد بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و زانکۆی ڤرۆچتسواف بۆ زانست و تەکنەلۆژیا واژوو كرد و لە چوارچێوەی چالاكیەكانی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان بە ئامانجی بە نێودەوڵەتی كردنی زانكۆ، دەرفەتی خوێندن بۆ یەک وەرز (سمستەر) بۆ قوتابییانی قۆناغی دووەم و سێیەمی کۆلێژەکانی زانکۆمان دەڕەخسێنێت لە هەردوو زانکۆی ناوبراو کە پێکهاتووە 5 کورسی بۆ هەر زانکۆیەک.


بۆ بەشداری كردن لەم پڕۆگرامە پێویستە قوتابی ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدابێت:
١-پێویستە قوتابی قۆناغی (دووەم یان سێیەم)ـی كۆلێژەکان بێت.
٢-پێویستە قوتابی ئینگلیزی زۆر بەباشی بزانێت و یەکێک لە بڕوانامەکانی (تۆفڵ/ B2) یان (ئایڵتس/ ئاستی 5-6)ـی هەبێت.
٣-گشت خەرجیەكان لەسەر ئەستۆی قوتابیە.
٤-قوتابی دەبێت وەكالە و كەفالە بکات و بەڵێننامە پڕ بكاتەوە كە دوای تەواوكردنی خوێندن بگەرێتەوە.
٥- لیژنەیەك پێك دێت بۆ هەڵسەنگانی قوتابیانی بەشداربوو.

٦- رۆژی 20/10/2022 دواکاتە بۆ پێشکەش کردن.
قوتابی ئارەزوومەند بە گوێرەی ئەم مەرجانە لە ڕێگەی ئەم لـــیـــنـــــــکـــــەوە دەتوانێت بەشداری بكات.