Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆ نازناوی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەری بەخشییە د. عیماد عەزیز محەمەد

ڕۆژی پێنج شەممە 2ی مایسی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نازناوی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەری بەخشییە د.عیماد عەزیز محەمەد راگری پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان.

لە رێوڕەسمەکەدا هەریەکە لە پ.ی.د.عەبدولخالق نادر قادر راگری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە، پ.ی.د. سەرسام خەلیل شوانی راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پ.ی.د. سیروان لەتیف حاجی راگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران ئامادەیبوون ، د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆ، خۆشحاڵی خۆی بە پلەبەرزکرنەوەی راگری پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان دەربڕی و گوتی: زۆر پێخۆشحاڵم بەهۆی پلە بەرزکردنەوەی ئەندامان و مامۆستایانمان ئەوەش کۆڵەکەیەکی گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆمانە، و پشتگیری تەواوی هەموو مامۆستایان دەکەم بۆ ئەوەی بگەن بەئاستی بەرزتر تا خزمەتی زیاتر و باشتر بکەن، دڵخۆشم کە ئێستا رێژەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانمان پلەی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەریان وەرگرتووە، دڵنیاتان دەکەمەوە لەم کارە باشانە بەردەوام دەبین بۆ خزمەتی زانکۆ و ئەندامان و قوتابیانمان.

لای خۆشیەوە پ.ی. د. عیماد عەزیز محەمەد زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووانی کرد و هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان خواست و زۆر دڵخۆش بوو بە ڕێزلێنان و پلە بەرزکردنەوەکەی و بەڵێنی دا بە هەموو توانای خۆی کار بۆ پێشخستنی پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکات.

 

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ خولێکی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرایەوە

ئەمڕۆ پێنچ شەممە 2ی مایسی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و قوتابییان، ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە بەشداری کرد لە مەراسیمی کردنەوەی خولی زمانی ئینگلیزی و پەرەپێدانی زمانی ئاخاوتن کە لەلایەن دەزگای (University Institution) و سەنتەری تۆێژینەوە و پەرەپێدان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ بەزمانی ئینگلیزی بەخێرهاتنی سەرپەرشتیاران و ئامادەبووانی کرد و گوتی: خۆشحاڵین ژمارەیەک مامۆستای بەئەزموون بەشدارن لەگەڵمان لەخولێکی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان، خۆشحاڵین ئاستی زمان بەرەوپێش بچێت لەزانکۆمان، بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک مامۆستای بەهرەدار کەزۆربەی وڵاتانی جیهان گەراون و تەمەنێکی زۆرباشیان لە بواری پێداگۆجی و زمانەوانی بەسەربردووە لێرەن، خۆشحاڵین بەمیوانداری کردنیان، زانکۆ زۆر پێویستی بەکەسانی پسپۆر هەیە بەگشتی و بەتایبەتی لەبواری زمانی ئینگلیزی، کەچۆن زانکۆ بەرەو پێش بچێت، ئێمەش وەک سەرۆکایەتی زانکۆ لەبەجیهانی بوونی زانکۆمان نەوەستاوین و لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەو مەبەستە.

مامۆستایانی بیانی کەسەرپەرشتی ئەو خولە دەکەن سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و سەنتەر و بەرێوەبەری توێژینەوەیان کرد کە خەمخۆرانە هەوڵدەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ زانکۆ خواست و دڵخۆشی خۆیان بەو پێشوازییە گەرمەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەربڕی بۆ بەرەو پێشبردنی کەسییان.

ئەم خولە بە سەرپەرشتی 10 مامۆستای پسپۆری بیانی خاوەن ئەزموون لە بواری ئینگلیزی و فێربوون و سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت کە تیایدا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ بەشدارن و بۆ ماوەی 2 هەفتە بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی خولەکەشدا بەشداربووان بروانامەی تایبەتیان پێ دەبەخشرێت.

 

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە کونسولی کۆماری چیک لە هەولێر دەکات

رۆژی سێ شەممە 30ی نیسانی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە بەڕێز کارێل کۆرتانێک کونسوڵی کۆماری چیک لە هەولێر.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان و بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەیبوون گفتوگۆکرا دەربارەی دروست کردنی پەیوەندی نێوان هەردوو لا، هەر لەو دیدارەدا کونسولی چیک ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی زانکۆمان لە دروستکردنی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتەکەی.

دوای دیدارەکەش بەڕێز کونسوڵ سیمینارێکی لەسەر بەڕێوەبردنی کات لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پێشکەشکرد کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژی ناوبراو بەشدارییان تێدا کرد کە ئارەزووی فێربوونی ستراتیژی بەڕێوەبردنی کات لە ژیانی کەسی و پیشەیی خۆیاندا به‌شداربوون.

 

بیست و نۆهەمین دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بە میوانداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.فواز احمد الزغول بەرێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی، 29هەمین دیداری زانکۆ عەرەبییەکان بۆ ئالوگۆری دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان بە بەشداری زیاتر لە 70 سەرۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆمان، دەستی بە کارەکانی کرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەک لە کونسوڵی وڵاتە عەرەبییەکان، مامۆستا ئەحمەد کانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان حوسێن کەلاری سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان، خاتوو شیرین خالد بەرپرسی ناوچەی ئایندە، سەرۆکی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆک بەش و مامۆستایان و قوتابیان بەڕێوەچوو.

دوای ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی کۆماری عێراق و مارشی نیشتمانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن مامۆستا هاوڕێ چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێدرایەوە دواتر فیلمی دۆکیۆمێنتاری تایبەت بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نمایشکرا.

دواتر پ.د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆ وتارێکی بە زمانی عەرەبی پێشکەشکرد کە تیایدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و خۆشجاڵی خۆی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی دەربڕی بە ئامادەبوونی میوانان و شاندی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەی بە دەرفەتێکی زێڕین لەقەڵەم دا بۆ قوتابییانی زانکۆکانی بەشدار لە یەکێتییەکە گوتی، ” خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کەوا ئەمڕۆ لە ئامێزی زانکۆی تەکنیکی هەولێر بە دیدارتان شاد دەبین، لە ئەنجامدان و رێکخستنى  کۆڕبەندی بیست و نۆهەمین بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی ڕاهێنان لە نێوان زانکۆ عەرەبییەکان. ئەم کۆڕبەندە دەکەوێتە چوارچێوەی گشتی ئاراستە ئەکادیمییەکانمان بۆ پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وبوارەکانى تری قوتابییەکانمان، هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی ڕاهێنان لە نێوان زانکۆ عەرەبییەکان.مەشقی هاوینە گرنگی بە هەڵسەنگاندنی قوتابیانمان دەدات لەسەر بنەمای هەستە ئەرێنییەکانیان لە بواری کاردا، هەروەها شێوازی کارکردنیان لەگەڵ کەسانی تر، توانای فێربوون و دانبەخۆداگرتن وهەستکردن بە بەرپرسیارێتی، گەشەپێدانى کارامەیی و توانای خوێندکاران بۆ دروستکردنی پەیوەندی پیشەیی. سەرەڕای تواناکانیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگەی دەوروبەر. هەروەها توانا و ئاستیان لە  چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەرەدەسەنێت.

ئەمڕۆ، لە سەرتاپای جیهان، زانکۆکان بەگشتی گرنگییەکی زۆر بە مەشقی مەیدانی دەدەن، لەنێویاندا زانکۆکەمان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کە زانکۆیەکی زیندوو و پراکتیکییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە خاوەنی ستراتیژێکی تایبەتی خۆیەتى لە بواری مەشقی هاوینە. لەو چوارچێوەیەدا زانکۆکەمان گرنگییەکی زۆری داوە بە ناردنی قوتابی وخوێندکارەکانی بۆ دەرەوەی هەرێم، ئەمە جگە لە ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە بواری مەشقی مەیدانی لەگەڵ زانکۆ نیشتمانی و هەرێمی و بیانییەکان.

پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە مەشقی هاوینەدا لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان زۆر مەبەست لەخۆدەگرێت، لەوانە ئامانجی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و سیاسی، هەروەها فێربوون وئاشنابوون بە داب و نەریتی گەلان و ڕێزگرتن لێیان. واتە ئاڵوگۆڕکردنی قوتابیان وخوێندکاران بۆ بەشداریکردن لە مەشقی هاوینەدا دەرفەتی فێربوونی شێوازی ژیانی نوێ و ناوازە و بەدەستهێنانی ئەزموونی گرنگ دەڕەخسێنێت هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کەمکردنەوەی بارودۆخی گرژی و ململانێ لە جیهاندا و دروستکردنى پردی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان گەلان، کە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی هەلی کاری نوێ لە جیهاندا جگە لەوەش، پرسی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران پەیوەست بووە بە پرسی (نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان)، بەو پێیەی بە یەکێک لە نیشاندەرەکان دادەنرێت بۆ ڕیزبەندیکردنی زانکۆکان لە زۆرێک پۆلێنبەندییە نێودەوڵەتییەکان. بۆیە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخێکی زۆر بە بابەتی مەشقی هاوینە و ئاڵوگۆڕی قوتابیان دەدات لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی تایبەتمەند لەو بوارەدا.

 لەکۆتاییدا سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆمتان پێشکەش دەکەم بۆ بەشداریکردنتان لە کارەکانی ئەم کۆڕیەندە، بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەم بۆ ئامادەبوونیان لە هەولێری خۆشەویست پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ هیوا ونزای دڵسۆزانەمان بۆ سەرکەوتنتان. “

دوای وتاری ئەنجومەنی عەرەبی لە لایەن پ.د.فواز احمد الزغول بەرێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی و هەروەها وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵا لە لایەن پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەت، پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشییە وەزارەتی خوێنی باڵا وز زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پارێزگاری هەولێر.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا رێزبەندی ئەو زانکۆیانە خوێندرایەوە کە لە ساڵی 2023دا باشترین بوون لە مەشق دان بە قوتابییان و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا.

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی چەند پرێزنتەیشن و سیمنارێک لەوانە: پێشەکیەک لەسەر هاوکارییەکانی زانکۆکانی ڕوسی بەڕێز د.بشیر سماحە، پێشەکیەک لەسەر ڕێکخراوە عەرەبییەکان کەبەرپرسن لەوەرگرتن و تۆمارکردن لە لایەن پ.د.بسام لامحادین ئەمینداری گشتی رێکخراو.

دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت میوانان و بەشداربووانی دیدارەکە سەردانی فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابیانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێریان کرد و سەرسامی خۆیان بە ئاستی لیێهاتوویی قوتابییانی زانکۆمان دەربڕی لە ئەنجامدانی پرۆژەی دەرچوونیان و ئاستی زانستییان.

دواتر دوو سیمناری دیکە پێشکەش کران لەسەر مەشق لەزانکۆکانی مالیزیا کە لە لایەن پ.د. رضوان بن رشید بەرێوەبەری رۆشنبیری مالیزیا، هەروەها پێشەکیەک لەسەر دامەزراوەی یونیراکس بەڕێز شریف الجاد، بەڕێز مجدی حسین، خاتوو لیندا قبلاوی پێشکەش کرا.

دواتر هەر لە چوارچێوەی بەرنامەکانی دیدارەکەدا شاند و میوانانی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بەشدارییان کرد لە فیستیڤاڵی تایبەت بە فۆلکلۆری کوردیی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، لە کۆتاییشدا سەردانی قەڵای هەولێر و شوێنەوارە دێرینەکانی دیکەیان کرد.

بڕیارە رۆژی دووشەممەش دیدارەکە لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە بەردەوام بێت کە تیایدا سیمناری تایبەت بە روونکردنەوەی چۆنیەتی ئاڵوگۆری هەلی ڕاهێنان، ئاڵوگۆرکردنی هەلی ڕاهێنان لەنێوان زانکۆ بەشداربووەکان، هەروەها بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کۆتایی کۆبوونەوەکە کە خۆی لە ڕاگەیاندنی پێشنیارەکان و گفتوگۆکردن، وتەی شاندە بەشداربووەکان و ڕێزلێنان لە (ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری و لێژنەی جێبەجێکاری و پێشکەشکارانی بەرنامەی پێشەکی) دەبینێتەوە.