هەولێر، کەمپی ١
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێکەوتی ١8ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاھیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لهكهمپهسی (1)ی زانكۆمان مەراسیمێکی شایستەی بۆ بەرزڕاگرتنی “ڕۆژی ئاڵای کوردستان” بهڕێوهچوو.
لە مەراسیمەکەدا، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، و ژمارهیهك له ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، و د. ئامانج برادۆستی بەرپرسی ناوچەی ئاسۆ، و مامۆستا کۆڤان بارزانی بەرپرسی ڕێکخراوی مامۆستایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابیان ئامادەی بوون، و چەند چالاکییهكی جۆراوجۆر پێشکەش کران.
سەرەتای مەراسیمەکە بە وتەی بەخێرهاتن لەلایەن پ.ی.د. سەرسام خەلیل، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی دەستی پێکرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر پیرۆزی و شکۆی ئاڵای کوردستان. پاشان پ.د. ئیدریس هەرکی، سەرۆکی زانکۆ، بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: “ئەم ئاڵایە پیرۆزه، تەنها پارچە پەرۆیەک نییە، بەڵکو بەرهەمی خوێنی گەشی شەهیدانی کوردستانە.” هەروەها داوای لە قوتابیان کرد وەک بیلبیلەی چاویان پارێزگاری لەم هێما نەتەوەییە بکەن. سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە وتەیەکی سەرۆک بارزانی کرد کە دەفەرموێت: “من لەژێر سایەی ئەم ئاڵایەدا هاتوومەتە دنیاوە، بۆیه تاكو مردن پارێزگاری لێ دهكهم”، ئەم وتهیه جۆش و خرۆشێکی زۆری لای قوتابیان دروست کرد.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، شاعیر کازم کۆیی بە چەند هۆنراوەیەکی نیشتمانپەروەری هەستی ئامادەبووانی هەژاند، دواتر دوو فیلمی دۆکیۆمێنتاری لەسەر مێژووی ئاڵا نمایش کران. مەراسیمەکە بە گرتنی وێنەی یادگاری قوتابیان و مامۆستایان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ کۆتایی هات.
ئەنجامدانی ئەم چالاكییە دووپاتکردنەوەی ستراتیژی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە وەک ناوەندێکی زانستی و نیشتمانی، کە هەمیشە هەوڵ دەدات زانست و نیشتمانپەروەری لە دڵی نەوەی نوێدا ئاوێتە بکات.






























































































































