Author Archives: admin

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان دیدارێک ئەنجام دەدات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 8ـی ئاداری 2022 بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێکی لە ژێرناونیشانی (جیاوازی جێندەری لە دیدی کۆمەڵگە و ئایین) بە بەشداری د. هێشو رێبوار علی، د. مولود خضر قەرەنی و ئاڤان فارس جاف ئەنجامدا.

لە سەرەتای چالاکیەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەرێز ئانۆ جەوهەر و خانمان و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و میوانەکانی کرد و پیرۆزبایی لە ئافرەتانی سەرۆکایەتی زانکۆ و کوردستان و جیهان کرد بە بۆنەی ٨ـی مارسەوە و هیوای خواست ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی زیاتر لە بواری مافەکانی ئافرەتان لە کوردستان و جیهان، لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: “ئێمە وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە کاری خۆمانی دەزانین کە گفتوگۆی راشکاوانە لەسەر چۆنیەتی تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردستان لە ماف و ئەرکی ئافرەتان بکەین و دیبەیتی بۆ ئەنجام بدەین و و پاشان توێژینەوەی جددی لەسەر بکەین لە کۆتاییدا دووبارە پیرۆزبایی لە خانمان و ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم بەبۆنەی ئەم رۆژەوە.

دواتر دیدارەکە بە سەرپەرشتی د. سەلار عثمان دەستی پێکرد و پانێلیستەکان گفتوگۆیەکی چڕ و پڕیان کرد دەربارەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئافرەتان لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکان و ژیانی رۆژانەیاندا. هەروەها بە گرنگی و پێزانینەوە باس لە توانای خانمان کرا لە سەرجەم کایەکانی ژیان سەرباری ئەوەی ئەرکی دایکایەتی و خێزانیشیان لەسەرە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئایینەکانیش ئافرەتیان لە پێگەیەکی بەرز داناوە، دواتر دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و میوانەکان راو سەرنجی خۆیان خستەڕوو وە لە لایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵامیان درایەوە ، لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی رێزلێنانی بەخشییە پانێڵیست و ئەندامانی لێژنەی ئامادەکاری دیدارەکە و دووبارە سوپاسی ئامادەبوونی میوانان و خانمانی کرد و رایگەیاند کە نووسراوی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی فەرمانبەرانی ئافرەت لە سەرۆکایەتی زانکۆ کردووە.

ساڵانە سەرۆکایەتی زانکۆ لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا چالاکی تایبەت بەم بۆنەیە ئەنجام دەدات و بۆ ئەمساڵیش سەرۆکی زانکۆ سوپاس و پێزانین بە سەرجەم فەرمانبەرانی ئافرەت دەدات

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی سپارکی هۆڵەندی کۆتایی بە خولێکی راهێنان دەهێنن

رۆژی یەکشەممە رێکەوتـی 6ـی ئاداری 2022 لە هۆتێلی کانیۆن لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە شێروانی و بەرپرسانی رێکخراوی سپارک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن و بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ کۆتایی هات بە خولی مەشقکردنی بنیاتنانی تواناکانی قوتابیان لەچوارچێوەی پرۆژەی

(Innovation Hub Lab) .

شیاوی باسە پرۆژەکە بە پاڵپشتی وەزراەتی دەرەوەی هۆڵەندا بەرێوەچوو و ماوەی 4 رۆژی خایاند کە مەبەست لێی نزیک کردنەوەی زانکۆکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بوو لە رێگای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو بەربەستانەی کە دێتەبەردەم کۆمپانیاکان لە لایەن قوتابیانی داهێنەر و خاوەن بیرۆکەی داهێنەرانە، بە بەشداری هەر دوو زانکۆی تەکنیکی باکوور و زانکۆی موسڵ و سێ کۆمپانیا لە بوارەکانی پسپۆڕی قوتابیانی بەشداربوو، رۆژی یەکشەممە کۆتایی بە خولەکە هات و بەشداربووان بروانامەی بەشدارییان پێبەخشرا.

Trainers (Experts):
Haya Jreaa- Trainer
Filipe Carrera-Lead trainer
Ali Al-Bawi -Trainer

زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر و كۆمپانیاى هواوى چینی رێككه‌وتنامه‌یەکی لێكتێگه‌یشتن واژوو دەكەن

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 2ـی ئاداری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی پێشوازی کرد لە شاندێکی کۆمپانیای هواوی چینی کە پێکهاتبوون لە جێگرى به‌رێوه‌به‌رى كۆمپانیاى هواوى له‌ عێراق د. رافد الخفاجى و به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى كۆمپانیاى هواوى له‌ عێراق د.جمال نورى.

لە دیدارێکدا لە ئۆفیسی سەرۆکی زانکۆ بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما بتۆ و راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی.د. بۆتان مجید احمد و سەرۆکی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن لە کۆلێژی ناوبراو مامۆستا سالار احمد و ژمارەیەک لە بەرێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ رێکەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرو کۆمپانیای هواوی چینی واژووکرا.

واژووکردنی یاداشتەکە به‌مه‌به‌ستى دامه‌زراندنى ئه‌كادیمیاى هواوى (ئای سی تی)ـیە له‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر، کە باره‌گاى سه‌ره‌كى له‌ ناو كۆلێژى ته‌كنه‌لۆجى هه‌ولێر ده‌بێت و راسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن به‌شى (ته‌كنه‌لۆجیاى زانیارى و گه‌یاندن/ ئای سی تی) سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت به‌ هه‌ماهه‌نگى و یارمه‌تى كۆمپانیاى هواوى كه‌ مه‌به‌ست له‌م ئه‌كادیمیایه‌ گه‌یاندنى زیاترین و نوێترین زانیارییه‌ بۆ قوتابیان و مامۆستایان و خوازیاران له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆجیاى زانیارى و گه‌یاندن.

گرنگترین ئامانجه‌كانى ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ بریتیه‌ له‌ پێدانى زانیارى و ره‌خساندنى هه‌لى كار بۆ به‌شداربووان له‌ خوله‌ به‌رده‌وامه‌كان، شیاوی باسە ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ ده‌بێته‌ چواره‌م سه‌نته‌رى ئه‌كادیمى كۆمپانیاى ناوبراو له‌سه‌ر ئاستى كوردستان، کە به‌ دڵنیاییه‌وه‌ واژووكردنى ئه‌م رێككه‌وتنامه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆى زیاتر هه‌ماهه‌نگى و له‌ نزیكه‌وه‌ كاركردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى هواوى

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک بۆ مامۆستا دڵشاد وەسانی رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 1ـی ئاداری 2022 کاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی بونەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ نووسەر و رۆژنامەنووس مامۆستا دڵشاد وەسانی لە ژێر ناونیشانی بارزانی نەمر.. رابەرێک لە سەدەی بیستەمدا بەڕێوەچوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ئازاد جوندیانی ڕاوێژكاری ڕوناكبیری و سیاسی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەردوو بەرپرسی ناوچەی ئاسۆ لاوەند دزەیی و بەرپرسی ناوچەی ئایندە کوان قەساب و بەڕێوبەری لە گشتی وەزارەتی رۆشنبیری هەڵگورد جوندیانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ لە یادی 43 ساڵەی کۆچی دوایی، بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و گوێگرتن لە سرودی ئەی رەقیب دیدارەکە دەستی پێکرد.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە شێروانی وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی پانێڵیست و میوان و بەرپرسانی حیزبی و حکومی کرد.

دواتردەست کرا بە پێشکەش کردنی دیدارەکە و مامۆستا دڵشاد باسی لە سەرەتاکانی ژیانی بارزانی نەمر کرد و قۆناغ بە قۆناغ باسی رۆڵی بارزانی لە شۆڕشەکانی ساڵی 1931-1932 بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی ”مێرگەسوور و شێروان” کرد.

پاشان باسی لە قۆناغی دامەزراندنی کۆماری مهاباد کرد کە بارزانی نەمر بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ـی پێ بەخشرا.

هەروەها بە وردی باسی لە قۆناغی دوای کۆماری مهاباد و چوونی بارزانی و هاوەڵانی بۆ یەکێتی سۆڤێتی جاران و گەڕانەوەیان بە سەروەری و ڕێز و شکۆیەکی زۆرەوە پێشوازیی لێ کرانیان لەلایەن خەڵکەوە کرد.

هەروەها باسی لە  ‌ئەیلوول کرد کە مەلا مستەفا بارزانی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕایگەیاند و ھەتا 11ی ئازاری ساڵی 1970 بەردەوام بوو.

شۆڕشی ئەیلول بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر، دەسەڵاتدارانی عێراقی ناچاری گفتوگۆ کرد و ڕێککەوتنی ئاداری 1970ی لێ کەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و بۆ یەکەم جاریش زمانی کوردی لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات.

پاشان مامۆستا دڵشاد باسی لە کۆمەڵێک بەسەرهات و روداوی مێژووی کرد کە بارزانی چەند بە تەنگ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئاین و ئاینزا و کەمە نەتەوەییەکان بووە بەڵگەش بۆ ئەوە بوونی چەندین بەرپرس و هاوەڵ کە کورد و موسوڵمان نەبوون و لە دەوری بارزانی بوون.

پاشان دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن پانێڵیستەوە وەڵام درانەوە.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی سوپاس و پێزانینی بەخشییە مامۆستا دڵشاد و سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ پێشکەش کردنی سیمنارەکە