دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٥، پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر، سیمپۆزیۆمی (دیدگای داهاتوو، دەرمانسازی بۆ ساڵی 2050) رێکخست و دواتر بەشداربووان ئامادەبووان دیدگا و پێشبینی خۆیان بۆ ساڵی 2050 تۆمارکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبووانی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.دتیران جەمیل پیرۆ راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی، یاریدەدەری راگر، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆلێژ و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، سەرجەم پێشبینی و دیدگاکان لەناو کەپسولێکی تایبەت داندران لەلایەن ئامادەبووانەوە کەپسولەکە لە شوێنێکی تایبەت لە گۆڕەپانی پەیمانگا هەڵگیرا و لە ساڵی 2050 کەپسولەکە دەکرێتەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی بەشداریی لەم چالاکییە دەکات و رایگەیاند کە بەداخەوە رۆژی سێشەممە بەهۆی نالەباری کەشوهەوا نەتوانرا لەدوای تەواوبوونی سیمپۆزیۆمی (دیدگای داهاتوو، دەرمانسازی بۆ ساڵی 2050) دیدگا و پێشبینییەکان لەناو ئەم بۆکسەدا هەڵبگیرێن، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ئەم کارە ئەنجام دەدەین کە بۆ یەکەمجارە زانکۆ بیر لەوە دەکاتەوە لە داهاتوودا چۆن دەبێت..
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتیشی دەبینین تەکنۆلۆژیا بەتەواوی کۆنتڕۆلی جومگەکانی کردووە بە تایبەت ژیری دەستکرد، لە بواری تەندروستی و پزیشکی و دروستکردنی دەرمان لە تەواوی جیهان پێشکەوتنيکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە،بەڵام پێشبینییەکان چۆن دەبێت بۆ ساڵی 2050 بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە بۆچوون و پێشبینی خۆمان نووسینی، ئەمڕۆ ئێمەش لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتانیان بەیەکەوە پێشبینیمان بۆ ساڵی 2050 خستە نێو کەپسولێک کە ئەمەش لە دونیای ئەمڕۆدا بابەتێکی باوە، ئەمڕۆش ئێمە وەک یەکەم زانکۆ ئەو هەنگاوە دەنێین و بیرو بۆچوونی ئەو بەڕێزانەی کە بەشداربوون هەڵدەگرین و لە ساڵی 2050 دەکرێنەوە.
سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر نەوەکانمان باس لەوە دەکەن کە لە رابردوودا ژیان چۆن بووە، بۆیە ئەم هەنگاوەش کە دوای ٢٥ ساڵی دیکە ئەم کەپسولە دەکرێتەوە ئەوکات دەردەکەوێت بیرمەندانی ئێستا چۆن بیریان کردووەتەوە، هەروەها ئەم هەنگاوە هەموولایەک هان دەدات کە بیر لە داهێنان بکەنەوە.
جەختی لەوەشکردەوە کە یەکێک لە ئامانج و کارە سەرەکییەکانی زانکۆ ئەوەیە کە هانی قوتابیان بدات کە زیاتر بیر بکەنەوە و چۆن داهێنان بکەن، پێمانوایە زانکۆ ناوەندی داهێنانە دەبێ قوتابیانی زانکۆ داهێنەر بن، بۆیە ئێمە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ پشتگیری ئەم بیرۆکەیەمان کرد.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە خاوەنی بیرۆکەکە و پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.