Daily Archives: ئایار 5, 2024

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداریی لە دیداری خوێندنی باڵا ئوردن – کوردستان دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (٥/٥/ ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د. مڕمون محمد ئەلدبەیعی ئەمینداری گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وڵاتی ئوردن و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکوومەتی ھەرێم و بریکاری وەزارەت و دەیان سەرکردەی ئەکادیمی و سەرۆکی زانکۆکان لە ئوردن و ھەرێمی کوردستان، لە شاری ھەولێر دیداری خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان و ئوردن بەناونیشانی ( وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) بەڕێوەچوو.

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەدتاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆ و ھەریەک لە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.کەیھان زرار غەفوور راگری کۆلیژی تەکنەلۆجی و پ.ی.د.عبدالخالق نادر قادر، راگری کۆلیژی تەکنیکی شەقڵاوە بەشدارییان لە دیدارەکەدا کرد

مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەھیدان و سروودی نیشتیمانی دەستی پێکرد، پاشان وتاری لێژنەی ڕێکخستن و ئامادەکردنی دیدارەکە، لەلایەن د.محەمەد حسین سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتیاری و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خوێندرایەوە، لە وتارەکەدا دوای بەخێرھێنانی میوانان، بە گرنگیەوە باسی لە ڕێکخستن و لایەنە جیاکانی دیدارەکەی کرد و وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان، کە میوانداری ئەم دیدارەی ئوردن-کوردستان دەکات، جەخت لەسەر ڕادەی جددییەتی خۆی لە چەسپاندنی دیدگاو ئەرکەکانی دەکاتەوە بۆ دانانی بناغەیەکی بەھێز و دروست بۆ کاری پێکەوەیی و دڵسۆزانە لە پێناو بەرزکردنەوەی پێگەی خوێندنی باڵا، بەو پێیەی بەردی بناغە و بەھێزکردنی پایەکانی بونیادنانی داھاتوی کۆمەڵگەیە و بەشداری گرنگ لە پەرەپێدانی خێرای جیھانەکەماندا بکات، وتیشی ئەم دیدارە پشتڕاستی پەرۆشی وەزارەتەکەمان بۆ چەسپاندنی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی قوڵ لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی ئوردن دەکاتەوە.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا سوپاسی ھەموو ئەو کەسولایەن و دامەزراوانەی کرد، کە ھاوکار و ھەماھەنگیان بون بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەچونی دیدارەکە، بۆ ئەوەش سوپاس ھەریەک لە بەڕێزان د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و کونسڵی گشتی شانشینی ھاشمی ئوردن لە ھەولێری کرد، ھەروەھا سوپاسی ھەریەک لە زانکۆی تیشک، زانکۆی جیھان-ھەولێر، زانکۆی لوبنانی- فەرەنسی، زانکۆی نۆڵج کرد، کە پشتیوان و ھاوکار و سپۆنسەری سەرەکی ڕێکخستنی چالاکیەکانی دیدارەکە بون.

لە مەراسیمی کردنەوەی دیدارەکەدا بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، لە ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنە یارمەتیدەری پرۆسەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

لە وتارەکەیدا باسی لە کارنامەی کابینەی نۆیەم کرد بۆ گرنگیدان بە کەرتی خوێندی باڵا و لەو چوارچێوەیەدا ڕایگەیاند: پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامەزراوە ئەکادیمییەکان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان، چونکە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، لە ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنە یارمەتیدەری پرۆسەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریمان، وتیشی ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان ھەبێت، ھەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین، ھەربۆیە پێویستە زانکۆکانمان، ھاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، ھاریکاریی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی ھەمەلایەنەی خۆی بدات.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمی بەڕێوەچونی دیدارەکەدا، ڤیدیۆیەکی تایبەت بە واقیعی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان نمایش کرا، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان ئامادە کرا بوو، تایبەت بەدۆخی خوێندنی باڵا لە ڕابردو و ئێستا و داھاتوی ھەرێمی کوردستان.

ھەر لەو دیدارەدا ھەریەک لە فوئاد مەجالی کونسڵی گشتی شانشینی ھاشمی ئوردن لە ھەولێر و د. مڕمون محمد ئەلدبەیعی ئەمینداری گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئوردنی بەجیا وتاریان پێشکەش کرد، کە بەبایەخەوە باسیان لە لایەنە جیاکان و پێویستی بەڕێوەچونی دیدارەکەیان کرد، پاشان کورتە ڤیدیۆیەک لە بارەی خوێندنی باڵا لە ئوردن نمایش کرا.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، لەلایەن ھەریەک لە د.سەباح ئیبراھیم ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان و د. مڕمون محمد ئەلدبەیعی ئەمینداری گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئوردنی، پرزنتەیشنی جیایان لەبارەی پێکھاتەی وەزارەت و پێشکەوتنەکانی خوێندنی باڵا پێشکەش کرد.

لایەنێکی دیکەی گرنگی دیدارەکە بریتی بوو لە واژۆکردنی ڕێککەوتنامەیەک لە نێوان د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.مڕمون محمد ئەلدبەیعی ئەمینداری گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئوردن، کە چەندین مادە و خاڵی گرنگی سەبارەت بە نەخشەڕێی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوان ھەردو لای لە خۆگرتووە بۆ  کاری ھاوبەش و خزمەتکردن بە ھەردوو وڵات.

تەوەرەکانی دیکەی دیدارەکە تەرخانکرا بۆ پێشکەشکردنی چەند پانێڵێک سەبارەت بە لایەنە جیاکانی خوێندنی باڵا لە ئوردن و ھەرێمی کوردستان، کە بەتایبەت بون بە (متمانە و دڵنیایی جۆری لە خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی، خوێندنی بەردەوام، بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵا، پراکتیزەکردنی شێوازەکانی فێرکردن لە پسپۆڕییە پزیشکیەکان، خوێندن و ڕاھێنانی تەکنیکی و پیشەیی، کارسازی و داھێنان لە خویندنی باڵا لەگەڵ تەکنەلۆژیای زانیاری و زیرەکی دەستکرد).

(٥) ئایار ڕۆژی جیهانی پەرستاری مامانی پیرۆز ڕاگیرا

ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێکەوتی: ٥/ئایار/ ٢٠٢٤ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاری مامانی بەشی ئافرەتان و لە دایکبوون/ ئێوارانی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بە ئامادەبوونی بەڕێز ڕاگری پەیمانگە (پ.ی.د تیران جمیل پیرۆ) و یاریدەدەری ڕاگر (مامۆستا پشتیوان ظاهر مجيد) چاڵاکیەک لەلایەن بەشی ئافرەتان و لەدایک بوون/ئێواران ڕێکخراو. بەڕێز ڕاگر بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە مامۆستایان و قوتابیان ئەم بەشە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و کارەکەیانی بە پیشەیەکی پیرۆز وەسف کرد بۆ خزمەتکردنی دایکانی دووگیان و کۆرپەکەیان.
ئەم مەڕاسیمە بە سەرپەرشتی سەرۆکی بەشی ئافرتان و لەدایک بوون بەڕێز (مامۆستا مهاباد محمد حسین) و قوتابیانی بەشی ناو براو ڕێکخراو بوو بۆ پیرۆز کردنی ئەم یادە جیهانییە.