زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی هەشتەمی پێداگۆجی هێنا و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا

ڕۆژی پێنچ شەممە 22ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د. ژاڵە سعید خطاط بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، لە رێوڕەسمێکدا کۆتایی بە خولی هەشتەمی پێداگۆجی هات و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێرای بەخێرهێنان پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەکە کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو خولەو گوتی:

“بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشەکی دەستخۆشی لەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەین کەماوەی شەش مانگ بەردەوام بوون لەو خولە و وانەوتنەوە تێیدا، کە بەردەوامن و هەر بەردەوامیش دەبن لەگەڵمان، بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هاتوون و بەشداری دەکەن لەگەڵمان، دەستخۆشیتان لێدەکەین و سوپاس گوزارین، زۆر زۆر بەخێربێن. هەوەها پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی مامۆستایانیش دەکەین کە بەشداربوون سەرکەوتووانە خولەکەتان تەواو کرد، ئیتر دوای تەواوکردنی ئەم خولە و بەدەستهێنانی‌ئەو بڕوانامەیە دەتوانن داواکارییەکانتان پێشکەش بکەن و ببنە مامۆستا لەیەکێک لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند، خولەکانی پێداگوجی مەرجێکە بۆ‌ ئەوەی بتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و ببن بەمامۆستای زانکۆ، گرنگی ئەو خولە کە بۆماوەی شەش مانگ بەردەوام بووە دڵنیام گرنگی و سوودێکی زۆری هەیە ، دەسپێکێکی زۆرباشە بۆ ئەوە ی ببیت بەمامۆستایەکی سەرکەوتوو لە بواری خوێندنی باڵا بەتایبەتی، بەڵام ئەوە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو بەردەوامی دەوێت ئەوەتا ئێمە 30 ساڵە مامۆستای زانکۆین هێشتا پێویستمان بەخوێندن و خۆئامادەکردن هەیە، هەوڵدەدەین زیاتر فێربین لەپیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی، پیشەی مامۆستایەتی دەریایەکە و پێویستە ڕۆژانە هەوڵبدەین شتی زیاتر فێربین بەتایبەتیش لەزانکۆ، تەنها بەخولێک تۆ نابیتە مامۆستایەکی شایستە و سەرکەوتوو، وادابنێ لەزانستەکەی خۆت زانستێکی مام ناوەندیت هەیە و زۆر ئیمتیازت نییە، بەڵام دەتوانی مامۆستایەکی نایاب بیت بەپلەی یەک زۆر لەو مامۆستایانەش باشتربیت کە ئیمتیازیان هەیە، بۆیە لەئێستا بەدواوە و دوای وەرگرتنی ئەو بروانامەیە خۆتان دروست بکەن و ببن بەمامۆستایەکی نایاب، بۆ ئێمەش هەر ئەوە گرنگە چونکە ئێوە لێرەن بۆ ئەوەی ببن بەمامۆستا، پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەم ‌و هیوادارین‌ سەرکەوتووانە لەزانکۆکانی کوردستان خزمەت بکەن”.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە مامۆستایانی بەشداربووی خولی هەشتەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

شایەنی باسە بەشداربووانی خولی هەشتەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکهاتبوون لە 69 قوتابی کە بە سەرپەرشتی ژمارەیەک مامۆستا لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ماوەی شەش مانگ سەرپەرشتی وتنەوەی وانەکانی خولەکەیان کرد.