لە رۆژی زمانی دایکدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پانێڵێکی ئەنجامدا

ڕۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆ، بەئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی و حکومی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پانێڵێکی لەژێر ناونیشانی “گرنگی و رۆڵی زمان لە مانەوەی نەتەوە و پێکەوەژیان لە کوردستاندا” رێکخست.

سەرەتای پانێڵەکە بەخولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان لەگەڵ سرودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد بەتێکهەڵکێش لەگەڵ چەند پارچە شیعرێکی تایبەت بەزمانی شیرینی کوردی .

بەر لە دەستپێکی بەرنامەی پانێڵەکە سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد:

دەقی وتەکانی سەرۆکی زانکۆ:

“بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، بەناوی خۆم و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانە خۆشەویستەکان دەکەین بەگشتی، بەتابیەتی میوانانی دەرەوەی زانکۆمان بەڕێزان د.ڕەشاد میران ، پرفیسۆر د.عبدالڵە حوسێن ، پ.ی.د. سالار ، مامۆستا صباح ، بەڕێز ستیڤان رۆژنامەڤان، مامۆستا تەلعەت تاهیر.

بەڕێزان وەک لای هەمووان ئاشکرایە ڕۆژی زمانی دایک دەکەوێتە 21ی شوبات، و هەموو ساڵێک یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزە دەکرێتەوە کەلەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە ئەو ڕۆژە هەڵبژێردراوە ، مێژووی دیاریکردنی ئەو ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێک کەبەنگلادیش بەشێک بوو لەوڵاتی پاکستان لەساڵی 1952، دیارە لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 21ی شوبات بەنگلادیشیەکان خۆپیشاندانێکیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی داوا لەپاکستانیەکان بکەن کە بەزمانی دایکی خۆیان بخوێنن و گفتوگۆ بکەن و پەروەردە بکرێن، ئەوکاتە وەڵامی پاکستانیەکان بۆ بەنگلادیشیەکان بەچەک و بەزەبربووە و ژمارەیەکی زۆریان لێ شەهیدکردوون، دوای ئەوەی بەنگلادیشیەکان سەربەخۆییان وەرگرت و لەسەر داوای بەنگلادیشیەکان لە یونسکۆ ڕۆژی 21ی شوباتی ساڵی 1999ـەوە ئەو ڕۆژە کراوەتە ڕۆژی فەرمی زمانی دایک لەجیهاندا .

بەڕێزان ئێمەی کوردستانی و کورد بەتایبەتتر زۆرباش درک بەو ئازارەی بەنگلادیشیەکان دەکەین کەچەشتویانە، لەمێژووی وڵاتەکەماندا زۆرجار ڕووبەرووی ئەو زەبرە بووینەتەوە بۆ ئەوەی زمانی کوردی و نەتەوەی کورد نەمێنێت، ئێمە لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەپێویستمان زانی ‌وەک ناوەندێکی ئەکادیمی ڕۆڵمان هەبێت لە بەرزراگرتنی ئەو یادانە، ئامانجمان ئەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی وشیاری، فرە زمانی، فرە ڕەنگی، فرە فەرهەنگی، بۆئەوەی بتوانین لەوڵاتێکی ئازاد بەیەکەوە بژین، خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەکوردستاندا لەسایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی کوردستان توانیومانە تاڕادەیەکی زۆر ئەو ئامانجە بپێکین، ژیان و پێکەوە ژیانی ئازادانەی پێکهاتەکان لە کوردستان لە ناوچەکە دەنگیداوەتەوە”.

دواتر دەستکرا بە پێشکەش کردنی بەرنامەی پانێڵەکە کە لە دوو تەوەر پێکهاتبوو، تەوەری یەکەم لەژێر ناونیشانی (ڕۆڵ و بایەخی زمانی دایک لەپرۆسەی نەتەوەسازیدا) بەبەشداری پ.ی.د.سالار عوسمان ئەکادیمی و نووسەر، پ.د.ڕەشاد میران جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی، پ.د.عبدالڵە حسین ڕواندزی مامۆستای زانکۆ لەبەشی زمانی کوردی زانکۆی سەلاحەدین، مامۆستا تەڵعەت تاهیر حەمەد سەعدی مامۆستا لە کۆلێژی زمان زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەشداربووان بەوردی باسیان لە بایەخی زمانی دایک لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا بۆ ئامادەبووان تاوتوێ کرد.

تەوەری دووەمی پانێڵەکە لەژێر ناونیشانی (زمانی دایک و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان) بە بەشداری م.صباح صالح احمد بەرێوەبەری گشتی فێرکردنی تورکمانی وەزارەتی پەروەردە، پ.ی.د. سیروان ئەنوەر مەجید مامۆستا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ستیڤان شانی رۆژنامەڤان و چالاکوانی کلدانی، د.عەلی عبدالڵە صالح مامۆستا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو کە تیایدا بەشدابووانی پانێڵ باسیان لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان کرد کە لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە ئازادانە لە ناوەندەکانی خوێندندا بە زمانی دایکی خویان دەخوێنن و بە داتا ژمارەی قوتابخانە و ناوەندە کلتووری و فەرهەنگییەکانی تایبەت بە پێکهاتەکان خرانەڕوو، بە پرسیار و پێشنیاری میوانان و قوتابییان و وەڵامدانەوەیان لە لایەن بەشداربووانی پانێڵەکە بابەتی تەوەرەکان دەوڵەمەندتر کران.

لە کۆتاییشدا پ.د. ئیدریس هەرکی خەڵاتی رێزلێنانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە بەشداربووانی پانێڵ و بەڕێوبەری تەوەرەکان، و دووبارە سوپاسی کردن.