ڕۆژی سێ شەممە 20ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، بە هاوکاری زانکۆی لیڤەرپول لە بەریتانیا و زانکۆی بور سەعید لە میسڕ دوو وۆرکشۆپ بە ناونیشانی (بنەماکان وپرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکرد لە خوێندنی باڵا) و( ئەپڵیکەیشنەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری توێژینەوە) لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی بۆ ژمارەیەک توێژەر و مامۆستای زانکۆمان بەڕێوەچوو.
بەر لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکان سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە رێکخەرانی وۆرکشۆپەکە کرد و بابەتی زیرەکی دەستکردی بە گرنگ زانی و رایگەیاند ئەم بابەتە پێشهاتێکی نوێی جیهانییە لە بواری تەکنەلۆژیا و کەم تا زۆر بایەخ و گرنگی خۆی هەوەرها لایەنی نەرێنیشی هەیە بۆیە هیوادارم ئەم وۆرکشۆپە سوودی بۆ توێژەر و مامۆستایانمان هەبێت.
وۆرکشۆپەکان تایبەت بوون بە بواری زیرەکی دەستکرد و خوێندنی باڵا لەژێر ناونیشانی (بنەماکان و پرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکرد لە خوێندنی باڵا) و (ئەپڵیکەیشنەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری توێژینەوە)، کە لەلایەن پسپۆری بەریتانی پ.ی.د. نەشوی اسماعیل و پ.ی.د. یارا عبد العاطی وەکو قسەکەری نێودەوڵەتی و پ.ی.د. شەهاب وەهاب کەریم وەکو قسەکەری ناوخۆ و د. سەلار عثمان علی وەکو بەڕێوەبەری وۆرکشۆپەکان وستافی زانکۆمان ئەنجامدرا، کە تیایدا مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆمان لە نوێترین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی زیرەکی دەستکرد ئاشناکران.
ئامانج لەم وۆرکشۆپە بریتیبوو لە (بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە چەمکەکانی زیرەکی دەستکرد، بەکارهێنانی زانیارییەکانی بنەماکانی زیرەکی دەستکرد لە جیهانی ڕاستەقینەی خوێندنی باڵا، و بەشداریکردن لە گرووپەکانی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگ ودەرفەتانەی کە پەیوەندییان بە زیرەکی دەستکرد هەیە لە خوێندنی باڵا.