زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد لە بواری خوێندنی باڵا رێکدەخات

ڕۆژی سێ شەممە 20ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، بە هاوکاری زانکۆی لیڤەرپول لە بەریتانیا و زانکۆی بور سەعید لە میسڕ دوو وۆرکشۆپ بە ناونیشانی (بنەماکان وپرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکرد لە خوێندنی باڵا) و( ئەپڵیکەیشنەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری توێژینەوە) لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی بۆ ژمارەیەک توێژەر و مامۆستای زانکۆمان بەڕێوەچوو.

بەر لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکان سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە رێکخەرانی وۆرکشۆپەکە کرد و بابەتی زیرەکی دەستکردی بە گرنگ زانی و رایگەیاند ئەم بابەتە پێشهاتێکی نوێی جیهانییە لە بواری تەکنەلۆژیا و کەم تا زۆر بایەخ و گرنگی خۆی هەوەرها لایەنی نەرێنیشی هەیە بۆیە هیوادارم ئەم وۆرکشۆپە سوودی بۆ توێژەر و مامۆستایانمان هەبێت.

وۆرکشۆپەکان تایبەت بوون بە  بواری زیرەکی دەستکرد و خوێندنی باڵا لەژێر ناونیشانی (بنەماکان و پرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکرد لە خوێندنی باڵا) و (ئەپڵیکەیشنەکانی زیرەکی دەستکرد لە بواری توێژینەوە)، کە لەلایەن پسپۆری بەریتانی پ.ی.د. نەشوی اسماعیل و پ.ی.د. یارا عبد العاطی وەکو قسەکەری نێودەوڵەتی و پ.ی.د. شەهاب وەهاب کەریم وەکو قسەکەری ناوخۆ و د. سەلار عثمان علی وەکو بەڕێوەبەری وۆرکشۆپەکان وستافی زانکۆمان ئەنجامدرا، کە تیایدا مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆمان لە نوێترین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی زیرەکی دەستکرد ئاشناکران.

ئامانج لەم وۆرکشۆپە بریتیبوو لە (بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە چەمکەکانی زیرەکی دەستکرد، بەکارهێنانی ⁠زانیارییەکانی بنەماکانی زیرەکی دەستکرد لە جیهانی ڕاستەقینەی خوێندنی باڵا، و ⁠بەشداریکردن لە گرووپەکانی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگ ودەرفەتانەی کە پەیوەندییان بە زیرەکی دەستکرد هەیە لە خوێندنی باڵا.