سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە دوو قوتابی زانکۆمان کرد کە بۆ یەک وەرز لە زانکۆیەکی پۆڵەندا دەخوێنن

رۆژی پێنج شەممە 15ی شوباتی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە دوو قوتابی کۆلێژەکانی تەکنیکی کارگێری و ئەندازیاری هەولێر کە بۆ وەرزێک لە زانکۆی وارشۆ University of life scinces warsaw لە وڵاتی پۆڵەندا درێژە بە خوێندن دەدەن.

ناردنی ئەو قوتابییانە و خوێندنیان لەو زانکۆیە لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی زانکۆمانە لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتی و جیهانییەکانە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی شەنتەری توێژینەوەی زانستی ئامادەیبوو، سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی گەرمی قوتابیان و کەسوکاریانی کرد و هیوای گەشتێکی زانستی سەرکەوتوی بۆ خواستن، بەهیوای‌ ئەوەی بەدەستکەوتی باشەوە بگەڕێنەوە، گوتی، ” ئامانجی سەرەکی ئێمە بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆمانە کە سەرەنجام لە بەرژەوەندی قوتابیان و مامۆستایان و سەرجەم ستافی زانکۆیە بەگشتی، لەئێستادا هەماهەنگی هەیە لەگەڵ 70 زانکۆی جیهانی کەچۆن ئاڵوگۆری قوتابیان بکەین.

پێمان خۆشە قوتابیانمان لە دەرەوە کولتور و سیمای جوان زانست و زانیاری بەسوود بهێننەوە بۆ وڵاتەکەمان، و زۆر گرنگی بەو بابەتانە دەدەین کە گەشتەکەتان زانستی و پەروەردەییە، بۆمان گرنگە تاچەند دەتوانن سوود لەو کۆرسانە وەربگرن و نمونەیی بن لەرووی دەوام و هەڵسوکەوت پشتیوان بەخوا بە زانستی باشترو زانیاری زیاتر دەگەڕێنەوە”.

پاشان بەرێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی، “ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دوای هەوڵ و ماندووبوون و کێبرکێیەکی زۆر لەگەڵ بەشێکی زۆری زانکۆکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانیمان ئەو ئۆفەرە بەدەست بهێنین لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکانی عێراق ئەو پاڵپشتییە داراییەما بۆ قوتابیان وەرگرت تاکو لەسەر خەرجی زانکۆی ناوبراو ئەو کۆرسە بخوێنن.

دواتر قوتابییەکان سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژەکانیان کرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەپشتگیری و هاندانی قوتابیان بۆ گەشتی هاوشێوە بۆ وڵاتانی جیاواز، و رایانگەیاند لە ئاستی چاوەڕوانی مامۆستایان و زانکۆدا دەبن.

شیاوی باسە ئەو دوو قوتابییە لە بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و بەشی ئەندازیاری شارستانی لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر، دوای پرۆسەیەکی وردی هەڵسەنگاندن لە لایەن بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لەو ئۆفەرە بەشدار بن، و بڕیارە لەم نزیکانە لە وڵاتی پۆڵەندا دەست بەخوێندن بکەن.