ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەکات

ڕۆژی چوار شەممە 7ی شوباتی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی شاندێک و بەمەبەستی پیرۆزبایی و هاوئاهەنگی سەردانی سکرتاریەتی یەکێتی ‌ئافرەتانی کوردستانی کرد.

شاندەکەی زانکۆ پێکهاتبوون لە هەریەک پ.د.ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، پ.ی.د.بۆتان مەجید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د.یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، پ.ی.د.ڕەنج سیروان بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ.

سەرۆکی زانکۆ و یاوەرانی لەلایەن بەڕێز زیبا تەها شاهین سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئەندامانی سکرتاریەت لیا سەیفەدین، ڕێژین سیامەند، خاتوو دڵڤین پێشوازییان لێکرا.

سەرۆکی زانکۆ بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی ستافی نوێی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی کرد و ستایشی ڕۆڵی خانمانی کرد و رۆڵی ئافرەتانی بەگرنگ زانی کە شان بەشانی پیاوان خزمەت دەکەن، و گوتی “خەباتی شار و شاخی خانمان لەبەرچاوە و لەبیر ناکرێت”.

هەروەها گوتی : زۆر خۆشحاڵین ڕۆژانە دەبینین خانمان و ئافرەتانی وەک بەڕێزتان و ئەندامانتان جیا لەکاری ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ و سەرپەرشتی کردنی کاری خێران لەفەرمانگە و زانکۆ و پەیمانگاکان بەرپرسیاریەتیان هەیە و سەرکەوتووانە کارەکانیان ڕادەپەرێنن، ئێمە هاوکارین و هاوکارتان دەبین.

لای خۆیەوە سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی شاندەکەی زانکۆ دەربڕی و گوتی: ئێمە شانازی دەکەین پەروەردەی دەستی ئێوەی مامۆستایانین، ئێمەش وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاریەکین هەرکات پێویستیتان پێمان هەبێت.