سەرۆکی زانکۆ سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دەکات

ڕۆژی سێ شەممە 6ی شوباتی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ستافی نوێی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر سەردانی ئەو دامەزراوەیەی کرد.

شاندی زانکۆمان پێکهاتبوون لە هەریەک لە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، پ.ی.د.ڕەنج سیروان بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە، مامۆستا کۆڤان عومەر بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆکار و مامۆستا زانیار جەبار مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر هاوکات رێکخەری پیوەندی نێوان زانکۆ و ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر.

شاندەکەی زانکۆ لەلایەن بەڕێز گیلان حاجی سعید سەرۆکی ژوور، جێگرانی سەرۆکی ژوور کامران صلاح باجگر و معروف عزیزخان هەرکی، هەریەک لەابراهیم گەردی، شیرین یەحیا ئەندامانی ئەنجومەنی کاڕگێری ژوور، بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی گرنگی ئەو ژوورەی کرد لە هاوکاری کردنی زانکۆکان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش بەیەکەوە لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە، کە لە کۆتاییدا سودی دەبێت هەم بۆ حکومەت و هەم بۆ دەرچووان، بەو کارە ئەرکی سەرشانی حکومەت و دەرچووانیش کەم دەبێتەوە هەم لە رووی دۆزینەوەی ئیش و کارو هەم لە رووی دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووان. بۆیە ئومێد دەکەین ستافی هەردوولامان کەنوێین بەیەکەوە هاوکار بین خزمەتی بەرچاو پێشکەش بکەین.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە دا، کە پێشتر کاری زانکۆ ئەوەبوو قوتابی دەرچووێنێ بۆ حکومەت و ئەویش دایبمەزرێنێ، بەڵام ئێستا ئیشی زانکۆ لەهەمان کاتدا دۆزینەوەی هەلی کارە، بەخۆشحاڵیەوە یەکەم زانکۆیین لە هەرێمی کوردستان پێشانگای هەلی کار بکەینەوە کە ئێستا لە زانکۆمان گرنگی زۆری پێدەدرێت، دەمانەوێت لەو بوارەدا بەیەکەوە کاربکەین لەڕێگای ۆوک شۆپ و پێشانگای لەو شێوەیە و قوتابییان بەکۆمپانیاکان بناسێنین کەکاریان دەست کەوێت، بەشی ئۆتۆمبێڵ و مارکێتینگ لەزانکۆمان کاری ڕاستەوخۆی بۆ قوتابیان دابین دەکات، بەڵام هێشتا پێویستمان بەهاوکاری زیاترە.

لە لای خۆیەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندی زانکۆمان پشتگیری وتەکانی سەرۆکی زانکۆی کرد و رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە لە لای خۆمانەوە هاوکار دەبین، بە پلان و هەماهەنگی تەواو و بەکردەیی بەیەکەوە کاری لەسەر دەکەین.

هەوەها گوتیشی : پێم باشە زانکۆکان توێژینەوە لەبارەی هەلی کار بکەن کەچۆن هەلی کار بۆ قوتابیان و دەرچووان بدۆزرێتەوە، هاوکاردەبین بەپێ تواناو پشتگیری دەکەین، دڵنیابن کەمتەرخەم نابین و هاوکار دەبین.