زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆیەکی ئەڵمانی تاقیگەی تایبەت بە وزەی نوێبووەوە لە هەولێر دادەمەزرێنن

لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی THMی ئەڵمانی تاقیگەی تایبەت بە وزەی نوێبووەوە لە هەولێر دادەمەزرێنن.

ئەم هەنگاوەی هەردوو زانکۆکە لە میانی سەردانی فەرمی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و شاندی یاوەری و ستافی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئەڵمانیا و لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی THMی ئەڵمانی هات.

لەو دیدارەدا باسی ئەو پڕۆژە هاوبەشەی نێوان هەردوو زانکۆکە کرا کە لە سەرەتای ساڵی 2022 دەستی پێکردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی تەواو ببێت.

لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆیUniversity of Applied Sciences (THM) ئەڵمانی و پاش وەرگرتنی FUND و جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوبەش بە ناونیشانی (Academic Education in the field of Renewable Energies) کەلەلایەن مامۆستای پسپۆری زانکۆی THM جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن دەزگای DAADی ئەڵمانییەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.

هەر لەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەکانی دیکەی پەیوەندی نێوان هەردوو زانکۆ کرا بەتایبەت بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە لەڕووی ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و ستاف و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی یەکتر لە بوارە جیاجیاکاندا.

سەرۆکی زانکۆ و ستافی زانکۆی THM ئەڵمانی خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بە ئەنجامدانی کاری هاوبەش لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە لە ماوەی دووساڵی کارکردندا ئەم پڕۆژە گرنگە بەسەرکەوتوویی دەگاتە قۆناغی کۆتایی.

هاوکات باس کارەکانی داهاتووی نێوان هەردوو زانکۆی EPU و THM کرا بەتایبەت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئالوگۆڕی قوتابیانی خوێندنی باڵا بۆبەدەسهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ، جگە لە ئالوگۆری قوتابیانی زانکۆ کە بەر لە تەواوکردنی قوناغی دەرچوون سەردانی وڵاتان دەکەن بەمەبەستی مەشقی هاوینە لەسەر بنەمای زانستی.

ئامانجی لە دانانی پڕۆژەی تاقیگەی تایبەت بەوزەی نوێبووە لە زانکۆمان لەلایەن زانکۆی ئەڵمانییەکە هەنگاونان بوو بۆ دامەزراندنی بەشی تایبەت بە ووزەی نوێ بوونەوە لە کۆلێژی تەکنۆلۆجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە بۆ ئەم ساڵ قوتابی وەردەگیرێن .

جێی ئاماژەیە ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2022 دەست بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کرا و بڕیارە تاکۆتایی ئەمساڵ گشت ئامێرەکانی تایبەت بەم تاقیگەیە زانکۆ کارەکانی کۆتایی پێبێت.