زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکان رێکدەخات

رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلولی 2023، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ، وۆرک شۆپێک لەژێر ناونیشانی (پەرەپێدانی توانای کارگێری و ئەکادیمییەکان) بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەرێوەچوو کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د.ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و باسی گرنگی و پێویستی ئەو جۆرە وۆرکشۆپانەی کرد و گوتی: “ئەو وۆرکشۆپە یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکان و پێویستە ساڵانە لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و پێش هەر سمستەرێک وۆرکشۆپی لەو شێوەیە سازبکرێت و بەو دەسەڵات و رێنماییانەی هەیە پێویستە ئاگاداری و رێنمایی بەسەرۆک بەشەکان بدرێت، هەندێک بابەت هەیە کەساڵانە دووبارە دەکرێتەوە و کاری تێدا دەکەین، سیستەمی بۆلۆنا پرۆسێس کە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و بەردەوام پێش دەخرێت، چونکە ئەو سیستەمە پرۆسەیەک نییە هەڵبگیرێت و گرنگی پێ نەدرێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام کاری لەسەر بکرێت، بۆیە پێمان باشە هەموو ساڵێک و سەرەتای دەستپێکی هەموو سمستەرێک وۆرکشۆپ یا خولێکی لەو شێوەیە بکرێتەوە و تیایدا سەرۆک بەشەکان میوانداری بکرێن و زانیاری بدرێت لەسەر ئەو پێشکەوتنانەی هاتووەتە پێش و بزانرێت چییان کردووە و چییان ئامادەکردووە”.

لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ گوتی، “ئومێدەوارم سوود لەو هەنگاوە گرنگە وەربگرن و هیوادارم هەمووکات سەرکردەی لێهاتووبن بۆ ئەوەی هەموومان بەیەکەوە بتوانین زانکۆمان زیاتر بەرەوپێش ببەین، ئەگەر سەیری جیهان بکەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەوەی زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکان دەیکەن بە زانکۆ بە ئەکادیمییەکان ناکرێت.

بۆیە زانکۆکەمان بەردەوام پێویستی بەپێشخستن هەیە و دەبێت بە هەوڵی هەموومان هەم فراوان بکرێت و هەمیش ئەدایەکەی و کادیرەکانی و ئەوانەی لەناو زانکۆ کاردەکەن زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر زانکۆکەمان بەرەوپێش ببەین، دووبارە زۆر بەخێربێن و ئومێد دەکەم ئەو دوو رۆژە سوود لەو وۆرکشۆپە و زانیارییەکانی وەربگرن”.

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە کە تیایدا جگە لە باسکردنی ناوەرۆکی سیمنارەکان، نوێترین بەرنامە و پلانی زانکۆ بۆ سەرۆکی بەشە زانستییەکان رووندەکرێتەوە هەروەها لە نوێترین رێنماییەکان ئاگادار دەکرێنەوە.

لە رۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا هەریەکە لە پ.ی.د.عباس برهان ساڵەیی لە ژێر ناوی پلانی توێژینەوە بۆ ساڵی داهاتوو لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د.مهدی خالد قادر لەژێر ناوی هەندێک لە یاساکانی سەرکردایەتیکردن سیمیناری تایبەتی خۆیان پێشکەش کرد، بڕیارە لە رۆژی دووەمی وۆرکشۆپەکەشدا هەریەک لە پ.ی.د سەرسام خلیل عمر لەژێر ناوی رێنماییەکانی تۆماری گشتی، مامۆستا یاسین حمید رشید و مامۆستا گۆران مغدید کریم لەژێرناوی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی بەکارهێنانی داتابیسی سیستەمی بۆلۆنا ECTS سیمینارەکانیان پێشکەش بکەن بۆ سەرۆک بەش و ڕاگرو مامۆستایان.