پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری د. نەجیب توما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان، کۆلێژی تەکنیکی سۆرانی بەسەرکردەوە و و لەلایەن م. پاکستان محەمەدئەمین یوسف، ڕاگری کولێژ و ئەندامانی ئەنوجومەنی کۆلێژ پێشوازییان لێکرا.
لەو سەردانەدا سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆڵییەوە.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆلێژی تەکنیکی سۆران، سەرۆکی زانکۆ بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی قوتابیان، بەشەناوخۆیی نوێی کۆلێژەکە و بەشێک لە پڕۆژەکانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داخوازییەکانی قوتابیان گرت و بەلێنی پێدان کە هەرچی لە توانایدا بێت هاوکار بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی کە هەن.
دواتر لە رێوڕەسمێکدا کە بەمەبەستی بەخشینی سوپاس و پێزانین بۆ مامۆستایانی سەرکەوتوو لە پرۆسەی دلنیایی جۆریی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١- ٢٠٢٢ رێکخرابوو، سەرۆکی زانکۆ گوتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لە گرنگی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و بەردەوام هەوڵدان و پەرەپێدان بەتواناکان لە لایەن مامۆستایان کرد و دواتر بڕوانامە بەسەر مامۆستایاندا دابەشکرا.




