Daily Archives: كانونی یه‌كه‌م 13, 2022

زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر سیمپۆزیۆمی ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە ئەنجامدەدات

بە ئامادەبوونی پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، راوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە میوانان و مامۆستایان و توێژەران، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێکی لەژێر ناونیشانی (ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە لە هەرێمى کوردستان) ئەنجامدا.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیرهەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەناوی خۆی و ئەنجوومەنی زانکۆوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ناوەندێکی زانستی و مەعریفی بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا هەنگاو دەنێت و بایەخ بە پرسە هەنووکەییەکان دەکات..

گوتیشی: “لەکاتێکدا جیهان هەنگاو دەنێت بە ئاراستەی بەکارهێنانی وزەی خاوێن ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای جیهان، هەرێمی کوردستانیش لەم بوارەدا  هەنگاوی باشی ناوە. بایەخدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە حکوومەت لەمبارەیەوە گرتوویەتیەبەر”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەر لە گوتەکەیدا باسی هەردوو رووداوەکەی شاری سلێمانی و دهۆکی کرد و ئاماژەی بە هەنگاو و رێکارەکانی حکوومەت لەمبارەیەوەدا.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی راشیگەیاند “ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو باس لە ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە بەشێوەیەکی گشتی و گازی شل بەتایبەتی بکەین و خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێین، بەشێوەی زانستیانە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەین و راسپاردەکانی ئەم سیمپۆزیۆمە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەت بکەین تاوەکو بکرێتە بەشێک لە بەرنامەی کاری چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستاندا. زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خۆشحاڵە بەوەی زانستییانە ئەم هەنگاوە دەنێت و بە ئومێدی ئەوەین بتوانین لە رێگەی ئەم هەنگاوە زانستییەمانەوە سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنین”.

هەر لە سیمپۆزیۆمەکەدا پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گوتەیەکدا سوپاسى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد بۆ ئەنجامدانى ئەم سیمپۆزیۆمە و بە هەنگاوی گرنگ و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی زانکۆی زانی.

 بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى: “بەهۆى ئەم ڕوداوانەى لەماوەى ڕابردوو ڕویاندا بە تایبەت ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە بەهۆى گازى شل کە کارەساتى گەورەى لێکەوتەوە، لەسەر پێشنیازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەک ئەرکى سەرەکى زانکۆکانى کوردستان کاردەکەین بۆ ئەنجامدانى بەدواداچوون و توێژینەوەى زانستى لەبارەى هۆکار و چارەسەرەکان”.

هەروەک گوتیشى: “ئەرکى زانکۆکانمان تەنها بەخشینى بڕوانامە نیە، بەڵکو ئەرکێکى گرنگى دیکەى زانکۆکانى کوردستان وەک ناوەندێکى گرنگى ئەکادیمى بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لەبارەى کێشەو گرفتەکانى کۆمەڵگە. بۆیە دەرەنجامەکانى ئەم سیمپۆزیۆمە دەبێتە هۆکارێک بۆ چارەسەر و هۆکارەکان”.

پاشان هەریەک لە پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا، پ.د.بەکر فەرنگی، پ.ی.د.عەبدولخالق محەمەد قادر و د.هاوڕێ غازی حوسێن لە چوار بابەتی جیاوازدا باسیان لە ئاڵنگارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە و جێبەجێکردنی لامەرکەزییەتی وزە، کوالێتی لە سیستەمی گازدا لەگەڵ ستراتیژییەتی کەمکردنەوەی رووداوەکانی سیستەمی گاز لە هەرێمی کوردستان، کرد.

دوای پێشکەشکردنی بابەتەکان و گفتوگۆکردن لەلایەن ئامادەبووانەوە، بڕوانامە بەسەر قسەکەرەکاندا دابەشکرا.

سەرۆکی زانکۆ ئامادەی کۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا له‌گەڵ سه‌رۆكی دەستەى متمانه ‌به‌خشین و دڵنیایی جۆری ئوردن بوو

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەی پێشوازیی و کۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ شاندێکی فراوانى وەزارەتى پەروەردەو خوێندنى باڵاى وڵاتى ئوردن.

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/12/13) د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازى کرد لە شاندێکی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنى باڵای وڵاتى ئوردن، کە پێکهاتبون لە د. ظافر الصرایرە سەرۆکى دەستەى متمانە بەخشین لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و دڵنیایى جۆرى و ژمارەیەک سەرۆک زانکۆ و ئەمیندار و ئەندامانى دیکەی ئەنجوومەنى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى گرنگ کرا لەوانە ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و قوتابیان و ئەزموونە هاوبەشەکان، هاوکاری و کارکردن بۆ چڕکردنەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە بوارە جیا جیاکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئوردن بەتایبەتی باس لە ئەنجامدانی دیدار و کۆنفرانسی زانستی لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی یەرمووک لە ئوردن کرا.