Daily Archives: كانونی یه‌كه‌م 5, 2022

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.. کۆبوونەوەیەکی فراوان دەربارەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو

رۆژی 5ـی کانونی یەکەمی 2022 لەهۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و گشت بەڕێوبەرەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرجەم بەڕێوبەرانی کارگێڕی لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەربە زانکۆمان کۆبوونەوەیەکی فراوان دەربارەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی لە زانکۆمان بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و بە گرنگییەوە باسی لە سیستەمەکە کرد و دەستخۆشی لەو کۆلێژ و پەیمانگایانە کرد کە چالاکن و کار بەسیستەمەکە دەکەن هەروەها ئەو کۆلێژ و پەیمانگایانەی کە بەهەر هۆکارێک چالاک نەبوون راسپارد کە لەمەودوا پێویستە کار بە سیستەمەکە بکەن بۆ راییکردنی کاروبارە کارگێڕییەکانی دامەزراوەکانیان.

هەروەها سەرۆکی زانکۆ پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ئامادەبووان دەربڕی بە دابینکردنی هەر پێداویستیەک کە بۆ کارکردن بەسیستەمەکە پێویستە.

دواتر لە لایەن بەڕێوبەری کارگێڕی سەرۆکایەتی زانکۆ م. سەرمەند بەرزنجی کۆمەڵێک تێبینی و پێشنیار خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی رۆتینی کارگێڕی لە سەرۆکایەتی زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگەکان، بەمەبەستی زووتر راییکردنی کاروبار و مامەڵەی سەردانیکەرانی زانکۆ.

پاشان بەرپرسی سیستەمی ئەلیکترۆنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەندازیار محسین علی بە داتای ورد کەموکوڕییەکانی خستەروو هەروەها روونکردنەوەی پێویستی بە ئامادەبووان دا لە چۆنیەتی کارکردن بە سیستەمەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکان بەباشترین شێوە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و (یو. تی. ئێچ)ـی ئەڵمانی خولێکی راهێنان بەڕێوەدەبەن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی (یو. تی. ئێچ)ـی ئەڵمانی خولێکی زانستی لە ژێر ناونیشانی تاقیگەی بنەڕەتی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبرد کە ماوەی یەک هەفتە بەردەوام بوو.

خولەکە لەلایەن رێکخراوی (دی.ئەی.ئەی.دی)ـەوە سپۆنسەر کرابوو، و ماوەی هەفتەیەکی خایاند لە رێکەوتی  27/11/2022 تا 1/12/2022، بەبەشداری ستافی ئەکادیمی هەریەک لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری زانکۆمان و سێ ستافی بەشی فیزیا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەددین.

دوای کۆتایی هاتنی خولەکە رۆژی دووشەممە رێکەوتی 5ـی کانونی یەکەمی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی لە سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی لە سەرپەرشتیار و مامۆستایان و بەشداربووانی خولەکە کرد و بڕوانامەی بەشداریکردن و رێزلێنانی پێ بەخشین.