زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆنفرانسی زانستی قوتابیان لەژێر ناونیشانی کۆڤید19 لە بەرنگارییەوە بۆ دەرفەت بەرێوەدەبات

ئەمڕۆ یەکشەممە رێککەوتی 16ـی ئابی 2020 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابیان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی قوتابیان لە ژێرناونیشانی “کۆڤید 19 لە بەرەنگارییەوە بۆ دەرفەت” بە شێوەی ئۆنلاین لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد، کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێ گرتن لە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد، دواتر سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس مامۆستا اومێد ارشد حەوێزی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و مامۆستایان و قوتابیان کرد و وتی: خۆشحاڵ و بەختەوەرین وەک لێژنەى ئامادەکارى یەکەم کۆنفراسى زانستى قوتابیانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر ئەنجام بدەین لەژێر ناونیشانى کۆڤید 19 لەبەرەنگاریەوە بۆ دەرفەت لە رێککەوتی 16تا 18ـی ئابی 2020 ، لاى هەموو لایەکتان ئاشکرایە زانکۆکەمان بەداهێنان و هەم بە پێشەنگ لە بوارى تەکنیک و لە بوارى دەستپێشخەرى ڕۆڵى خۆى هەیە لە کاروانى زانستى لە هەرێمى کوردستاندا ئەمجارەش سەرەڕاى بارودۆخى تەندروستى نەخوازراو و بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆڕۆنا کەواى لە کۆنفراسەکەمان کرد بکرێتە شێوازى ئەلیکترۆنى دیسان بەردەوام بووین و نەوەستاین.

هەروەها سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری دەربارەی وردەکاری کۆنفرانس دوا و وتی: بەرێزان قوتابیانمان بە (100) پڕۆژە بەشدارى کۆنفراس دەکەن کە باشترین توێژینەوەى سەر هەریەک لە بەشە زانستیەکانە کە کەرتەکانى پزیشکى و ئەندازیارى و کارگێرى و کشتوکاڵى و IT پێک دێنین بۆ گشت کۆلێژو پەیمانگەکانى سەر بەزانکۆکەمان لەخۆ دەگرێت وە مەبەستى سەرەکیمان دروست کردنی ڕۆحى کێبرکێ و دەرفەت لەم بارودۆخە سەختەى تەندروستى کە هەرێمەکەمان پێیدا تێپەر دەبێت و بۆ ئەوەى مامۆستایان و قوتابیانمان بەرهەمى کارى ئەم ساڵیان بخەنە ڕوو و باشترین بژاردەمان لەم کاتەدا هەڵبژاردنى شێوازى ئەلیکترۆنیە بۆ ئەنجام دانى کارەکانى کۆنفراس کە ئەمەش خۆى لەخۆیدا ئەزمونێکی نوێیە و ئێستاش لەزۆربەى ووڵاتان پەیڕەو دەکرێت، بەرێزان کۆنفراس لە دوو ڕۆژی یەکەمدا پرێزنتەیشن لە لایەن قوتابیانەوە پێشکەش دەکرێت و لەهەمان کاتدا لەلایەن لێژنەى هەڵسەنگاندن بەپێی پێوەرى زانستى هەڵدەسەنگێندرێ وە لە ڕۆژى سێەم کۆنفرانس کۆتایی بەکارەکانى دێنێ.

  دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و مامۆستایان و قوتابیانی کرد و وتی : خۆشحاڵین ئەمرۆ کە لەیەکەم کۆنفرانسی زانستی قوتابیان بەیەک شاد دەبینەوە بۆ ئەوەی پرۆژەی قوتابیانمان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەم دوو رۆژەدا پێشکەش بکرێت، لێرەدا دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو قوتابیانە بکەم کە بەشدارن هەروەها سوپاسی لێژنەکانی باڵا و ئامادەکاری کۆنفرانس هەروەها لێژنەی کەرتییەکانی زانکۆمان لێژنەی کەرتی کشتوکاڵی، لێژنەی کەرتی تەکنەلۆجی و ئەندازیاری، لێژنەی کەرتی تەندروستی، لێژنەی کەرتی کارگێری و راگر و سەرۆک بەش و مامۆستایانی سەرپەرشتیار دەکەم هەروەها سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەم کە لە ماوەی رابردوودا زۆر ماندوو بوون و لەم بەرودۆخەدا هەموومان توانیمان ئەم کۆنفرانسە ئەنجام بدەین.

هەروەک لە دروشمی کۆنفرانسەکەدا دیارە کە زۆرجاران دەکرێت بەرەنگاری و ئاڵنگاریەکان بکرێن بە دەرفەت وە مەبەستمانە قوتابیان رابهێنین کە بارودۆخە ناخۆشەکان وبەرەنگارییەکان بکەنە دەرفەت و سوودی لێ ببینن، لەوانەیە کۆنفرانسێک کە 100 پرۆژەی تیا بەشداربێت لە بارودۆخێکی وەک ئێستا وەک خەون وابێت بەڵام بە سووربوونی  لێژنەکان و ئەو بەرێزانی کە باسم کرد و بە سوور بوونی قوتابیانی خۆشەویستمان توانیمان ئەم خەونە بکەینە راستی.

ئەمساڵ ساڵێکی ئاسایی نیە و ئەوەش دەزانم کە زۆربەی زۆری ئەو پرۆژانەی کە پێشکەشکراون پرۆژەی کۆتا ساڵی قوتابیانن و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کارێکیان دەست بکەوێت، لەبەر ئەوە چەند خاڵێک هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم، قوتابی یاخود دەرچووی زانکۆ ئەگەر سووربێت و کاربکات و مەبەستی بێت لە بارودۆخە ناخۆش و نائاساییەکانی وەک ئێستاش دەتوانێت کار بدۆزێتەوە، هەموو کەس ئامانجی هەیە لە ژیان قوتابیانیش بەهەمان شێوە دەیانەوێت رۆڵێکیان هەبێت لەو ژیانە و لەکۆمەڵگە کە کۆمەڵگەی کوردستانیە، ئەگەر ئەو ئامانجەت هەبێت دەتوانی رێگەیەک بدۆزیتەوە تا ئامانجەکانی خۆت بهێنیتە دی، دوو شت زۆر گرنگە لێرەدا کە من دەمەوێ باسی بکەم: یەکەم دەبێت قوتابیان بیرکردنەوەیان بگۆڕن دووهەم هەمیشە ئامادەبن، گۆڕینی بیرکردنەوە ئەوەیە کە لەمەودوا چیتر بەدوای کاری تەقلیدی و کلاسیکی نەکەون ئێستا شێوازی کارکردن گۆڕاوە لەبەر ئەوە دەبێت خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەم شێوازە نوێیەی کارکردن، باشترین نموونەش لەکاتی بڵاو بوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڤید 19 چەند پرۆژەیەکی سەرکەوتوو لە وڵاتی خۆمان و هەم لە وڵاتانی دیکەش لەرێگەی ئۆنلاینەوە جی بەجێ کرا و قازانجێکی زۆریشیان کردووە، داواتان لێدەکەم کاتەکانتان بەفیڕۆ نەدەن بە تەلەفزیۆن و سوشیال میدیا تاکو جەخت بکەنەوە لە سەر ئەوەی پرۆژەی تایبەت بەخۆتان هەبێت، یان ئەو پرۆژەیەی کە لەم کۆنفرانسە پێشکەشی دەکەن بیکەنە واقیع وکاری لەسەر بکەن، قوتابی ئازیز بەخۆت مەڵێ ناتوانم شێوازی بیرکردنەوەت بگۆڕە و هەرگیز مەڵێ ناتوانم پێم ناکرێت هەرشتێک کە بتەوێ بیکەیت ئامانجت هەبێت پلانی بۆ دابنێیت مەبەستەکانی خۆت دیاری بکەیت دەتوانی ئەنجامی بدەیت.

لەکۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ دووبارە پیرۆزبایی لە قوتابیان کرد و وتی: بەراستی من شانازیتان پێوە دەکەم هەم قوتابیانی خۆشەویست هەم ئەو مامۆستا بەرێزانەی کە لە لێژنەکان کاریان کردووە، توانیتان ئەم کۆنفرانسە لە خەونەوە بکەن راستی کە هەم بۆ خۆتان و هەم بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستکەوتێکی گەورەیە، هیوادارم ئەو پرۆژانەی کە هەتانە بیکەن بە واقیع وکاری لەسەر بکەن و سوود و قازانجی بۆ هەمووان هەبێت.

شیاوی باسە کۆنفرانسە زانستییەکە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت بە بەشداری زیاتر لە 100 توێژینەوە کە خۆیان لە بوارەکانی کارگێرى و پزیشکى و ئەندازیارى و تەکنەلۆژیا و کشتوکاڵیدا دەبیننەوە و سەجەمیان لەلایەن قوتابیانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەکراون و لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا باشترین پرۆژەکان کە لە لایەن لێژنە تایبەتمەندەکانەوە هەڵسەنگاندیانی بۆ دەکرێت خەڵات دەکرێن.