ئەنجوومەنی زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر بڕیاریدا بە ده‌ستپێكردنى خوێندنى ئه‌لیكترۆنى لە گشت کۆلێژ و پەیمانگەتەکنیکییەکان

رۆژی چوار شەممە رێککەوتی 4ـی ئاداری 2020 ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا و تیایدا چەند بڕیارێکی گرنگی لەبارەی خوێندنی قوتابیانەوە دەرکرد.

له‌ میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ژماره‌ 7ـى ئاسایى ئه‌نجوومه‌نى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر له‌ رێكکه‌وتى 4/3/2020 له‌ ته‌وه‌رى دووه‌م : كاروبارى قوتابیان ، بڕگه‌ى یه‌كه‌م، بەمەبەستی بۆ به‌رده‌وام بوونى پڕۆسه‌ى خوێندن و دانه‌بڕانى قوتابیانمان له‌ فێربوون و وه‌رگرتنى بابه‌ته‌كانیان بڕیاردرا به‌ پێكهێنانى لێژنه‌یه‌ك بۆ رێكخستنى به‌كارهێنانى ئینته‌رنێت بۆ گه‌یاندنى وانه‌كان به‌ قوتابیان له‌ ماوه‌ى پشوو هەروەها‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ په‌یره‌وكردنى لە داهاتوودا.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى خوێندنى ساڵانه‌ له‌ كاتى ئێستادا هیچ بڕیارێك نه‌دراوه‌ ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌كانى مانگى (3) دواده‌خرێت بۆ كاتێكى تر كه‌ دواتر قوتابیانى لێ ئاگادارده‌كرێته‌وه‌ ، هیچ بڕیارێكیش سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجام نه‌دانى ئاهه‌نگه‌كانى ده‌رچوون و بۆنه‌كان نه‌درا‌ و له‌ چاوه‌روانى پێشهاته‌كان ده‌بین بۆ بڕیاردان .