Monthly Archives: نیسان 2020

راگەیاندراوی فەرمی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەربارەت بە دەستپێکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی

ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی زانکۆ ژمارە 12 کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 2020/4/23 بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدرا، هەروەها ئاماژە بە کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە مەبەستی بەفیڕۆنەچوونی ساڵێکی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران، کە داوا لە زانکۆکان کرابوو خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکەن. ئەنجوومەنی زانکۆ ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:

1. خوێندنی ئەلیکترۆنی لە 4/26 بەشێوەی تێست لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستپێدەکات و لە 5/2 بەشێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکات.

2. ئەپلیکەیشینی موودل بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی بەکاردێت و لە کاتی پێویستیش بۆ کۆبوونەوە و خوێندنی ڕووبەڕوو پێگەی زووم بەکاردێت.

3. خشتەی وانەکان و ساڵنامەی خوێندن و شێوازی ئەنجامدانی وانە پراکتیکیەکان لە هەموو بەشەکان هەیە و پێویستە هەمووان پابەندی بن.

4. هەموو سەرۆک بەش و مامۆستایان پێویستە پابەند بن بە ئەنجامدانی کارەکانی خۆیان. شایستە داراییەکانیش بە هەمان شێوەی خوێندنی ئاسایی خەرچ دەکرێت.

5. هەموو قوتابیان پێویستە بەشداری لەم جۆرە خوێندنە بکەن و هەموو ئەو ئەرکانەی پێیان دەسپێردرێت جێبەجێ بکەن.

6. شێوازی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی پاشان لە ئەنجوومەنی وەزارەت دیاریی دەکرێت.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر

د. کاوە شێروانی

سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆ

23/4/2020

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر توێژینەوەیەکی نوێی ھاوبەش لەبارەی کۆڤید١٩ـەوە ئەنجام دەدات

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی میدیایی؛ «ھەواڵی بەپەلە» گونجاوترین ژانرە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی پێشھات و گۆڕانکارییەکانی پەتای جیھانیی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە کۆڤید-19.
لەنوێترین توێژینەوەی ھاوبەشی نێوانیاندا؛ د.بەھات حەسیب قەرەداخی مامۆستا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و د.شوان ئادەم ئەیڤەس مامۆستا لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی هەڵسەنگاندنیان بۆ کاریگەرییەکانى پەیامى میدیایی لەسەر هۆشیاریى تەندروستیی بەکارهێنەرانى میدیا دەربارەى کۆڤید_19 کردووە.
بۆ ئەو مەبەستەش، ماوەى قەدەغەکردنى هاتووچۆى هەرێمى کوردستانیان لەنێوان 14ى ئادار بۆ 16ى نیسانى 2020، وەک کۆمەڵ و مشتەى توێژینەوەکە وەرگیراوە. پاش وەرگرتنەوەى 750 وەڵامى بەرتوێژان و شیکردنەوەى داتاکانیان، ئەم توێژینەوەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە میدیاکانی کوردستان و بەتایبەتی تەلەڤیزیۆنەکان زۆر چالاک بوون و کاریگەرییەکى زۆریان لەسەر بەرتوێژان هەبووە و توانیویانە قەناعەتیان پێبهێنن کە پابەندى رێنماییە تەندروستییەکان بن. ئەوەیش بەهۆى تێڕوانینى ئەرێنیی بەکارهێنەرانى میدیاکان بۆ شێوازى داڕشتنى پەیامى میدیایی لەگەیاندنى زانیاریی و رێنمایی پەیوەست بەخۆپاراستن لەپەتاى کۆڤید_19و مەترسییەکانى.


بەپێی ئەنجامە بەدەستھاتووەکانی توێژینەوەکەیان؛ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەلەڤزیۆنە کوردیی و جیهانییەکان، سەرچاوەى سەرەکیی زانیارییەکانى زۆرینەى بەرتوێژان بوون و لەو چوارچێوەیەشدا زۆرتر پشتیان بەژانرى رۆژنامەوانیی هەواڵ و “هەواڵى بەپەلە” بەستووە و کەمتر دیدارى تەلەڤزیۆنیی لەگەڵ پسپۆڕانى تەندروستییان بەلاوە گرنگ بووە. بەپێچەوانەشەوە، کەمینەیەک لەبەکارهێنەرانى میدیا لەهەرێمى کوردستاندا هێشتا گرنگیی بەهیچ جۆرە رێنمایی و پەیامێکى میدیایی نادەن و پێشیانەوە پابەند نابن. هاوکات بەرتوێژان زۆر بەگرنگى دەزانن، میدیاکان پەیامی ترس و بیم و هەواڵی ناخۆش کەمتر بکەنەوەو رەچاوی دۆخى دەروونیی وەرگرەکانیان بکەن. بەتایبەت لەسەروەختى بڵاوبوونەوەى نەخۆشیی و قەیرانەکان و کارەساتە سروشتییەکاندا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ماددەیەک بەرهەم دێنێت کە لە پشکنینی کۆرۆنا بەکاردێت

ئەمڕۆ ۱٤ـی نیسانی ۲۰۲۰ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و ڕاگری پەیمانگه‌ی تەکنیکیی پزیشکی ھەولێر مامۆستا ئومێد ئەرشەد حەوێزی لە تاقیگەکانی پەیمانگە دوای هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام بەرهەم هێنانی ماددەیەکیان ڕاگەیاند کە لە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردێت.

هەر ئەمڕۆ ماددەکە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر کرا، بەمەبەستی پەسەند کردنی لە کوالیتی کۆنترۆڵ، هەروەها زانکۆمان ئامادەیی دەربڕیوە کە لەکاتی پەسەند کردنی ماددەکە بەبڕی زیاتر ماددەکە بەرهەم بهێنێت، بۆ هاوکاری کردنی حکومەت و دەزگا تەندروستییەکان.

زانیاری زیاتر بڵاو دەکەینەوە…