کۆنفرانسی زانستی ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی کوردستان لە هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد

ئه‌مڕۆ چوارشەممە ۲۸ ئابی ۲٠۱۹ کۆنفرانسی نیشتمانیی زانستی ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان لە ژێر ناونیشانی (ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان، بەرەو جێ بە جێ کردنی پڕۆسەی بۆلۆنا) لە شاری هەولێر ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد ، كۆنفرانسه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پرسەکانی گۆڕانکاری و ڕیفۆرم و یەکخستنی پرۆگرامەکانی خوێندن و جێ بەجێ کردنی سیستەمی بۆلۆنا پرۆسێس و سیستەمی ECTS لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک .
بە مەبەستی پەرەپێدان و یەکخستنی سسیتەمی خوێندن، پڕۆگرامەکان، سیستەمی ECTS ، مەشقی هاوینە و پڕۆژەی دەرچوون، هەر سێ زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کۆنفرانسێکی زانستی بەڕێوەدەبەن لەشاری هەولێر کە دوو رۆژ دەخایەنێت لەشاری هەولێر بەبەشداری و چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر و هەرسێ سەرۆک زانکۆ و دەیان پرۆفیسۆر و توێژەر مامۆستا و بەڕێوەبچێت.
کۆنفڕانسەکە ئەمرۆ چوارشممە دەستی بەکارەکانی کرد بە ئامادە بوونی بەرپرسی لقی دوو وسەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسانی پسپۆر و ئەکادیمی کە ئەزموونی کارکردنیان لە خوێندنی تەکنیکیدا هەیە.
دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گوێگرتن لە سروودی نیشتمانی کوردستان پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کاوە شێروانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆنفرانس و سەرۆکی لێژنەی ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان ووتەیەکی پێشکەش کرد، دوای بەخێرهێنانی وەزیری خوێندنی باڵا و شاندی هەرسێ زانکۆکە و مێوانانانی حزبی و حکومی و لە ناوخۆ و دەرەوە وتی”: بەهاوکاری وهەماهەنگی هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئەم کۆنفرانسە ئەنجام دەدەرێت و بەرهەمی سەدان وۆرکشۆپ و کۆنفرانس و لێکۆڵینەوەی زانستیە تایبەت بە خوێندن لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بۆ سیستەمی بۆڵۆنا کە ئامانج لێی پێشخستنی ئاستی کوالێتی خوێندنە لەو سێ زانکۆیە بەبەشداری سەرۆکی کەرتی پسپۆریە کانی زانستی و بەڕێوەبەرانی پرۆگرامەکانی خوێندنی هەرسێ زانکۆکە .

وتیشی”: ئێمە نامانەوێت سیستەمی بۆڵۆنا وەک خۆی هاوردە بکەین و کۆپی بکەین بەڵکو ئێمە دیوێکی سیستەمەکە وەردەگرین کە لەگەڵ سیستەم و کوردستان وتوانای خوێنداکاراندا بگونجێت و سودی هەبێت بەپێی توانای مرۆی و ماددی زانکۆکان و کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرنامە و هێڵە گشتیەکانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رونیشیکردەوە، ئەمڕۆ سبەی لە گفتوگۆی کۆنفرانسەکە تایبەت دەبێت بە گۆڕانکاری و ڕیفۆرم و یەکخستنی پرۆگرامەکانی خوێندن و جێبەجێکردنی بۆلۆنا پرۆسێس و سیستەمی ECTS لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەرێمی کوردستان، هیوادارین هەمووشتان بەتێبینی زانستی و بەشداربن و پشت بەبەڵگەی زانستی ببەستن نەک رەخنەی کەسی “.

لەکۆتایی وتارەکەی سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆنفرانس پ.ی.د. کاوە شێروانی وتی”: هەوڵدەدەین بەهەموومان لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەی کۆنفرانسەکەدا تەواوی وردەکاری ئامانجەکانی سیستەمی بۆڵۆنا بخەینەڕوو بتوانین سیستەمی خوێندن لە زانکۆ پۆلیتەکنیەکان بەرەو پێش ببەین”.
دواتر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی د. ئارام محه‌مه‌د قادر لەوتارێکدا بەبۆنەی دەسپێکردنی کۆنفرانسەکە رایگەیاند، بۆڵۆنیا پرۆسێس هاوکارمان دەبێت بۆ گەشەپێدانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی ئاست و کارامەیی دەرچوان و زانکۆکانمان لە رەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نیودەوڵەتی دەبات و ڕێگاخۆشکەر دەبێت لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆژەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆکانمان.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی راشیگه‌یاند ، خوێندنی تەکنیکی یەکێکە لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سیستمی خوێندنی هەرێمەکەمان و رێگایەکی گرنگە بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری خۆماڵی و دروستکرنی کارامەیی لە نێو گەنجانی وڵاتەکەمان ، بێگومان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرکیزی تەواومان لەسەر ئەم بوارە دەبێت ، هەوڵ دەدەین بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی و وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بە وردی لەسەر ئەم بوارە گرنگە کار بکەین.
وتیشی ، خوێندنی ته‌كنیكی له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان روبه‌روی پرسیار و ئڵنگاری جدی بۆته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت پرسی كوالێتی خوێندن و راهێنان و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل سێكته‌ره‌ جیاجایكانی بازاڕی كار و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی ، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ داڕشتنی نه‌خشه‌رێگایه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ خۆمان بۆ قۆناغی داهاتو ئاماده‌ بكه‌ین “.
دواتر لەکۆنفرانسکەدا وتاری هەریەک لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عەدنان محسن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک وتاری زانکۆکانیان پێشکەشکرد .
هەر لە بەردەوامی کۆنفرانسەکە وتەبێژانی کۆنفرانسەکە (Keynote speaker) هەریەک لە پرۆفیسۆر رایۆن مەیتینن و بەشێوەی راستەوخۆ و ئامادەبوو لەهۆڵەکە و هەروەها پرۆفیسۆر هێنریک لەرێگای لینکی ڤیدیۆیی دوو پرێزنتەیشن پشکەشکران کە تایبەت بوون بە سیستەمی بۆلۆنا.
دواتریش سێ پریزنتەیشن لەلایەن سێ مامۆستا لەهەرسێ زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک پێشکەشکران دواتریش بەپێی ریزبەندی دەستکرا بە پێشکەشکردنی پرێزنتەیشن و توێژینەوە تایبەت بە سیستەمەکە.

کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ بەیانی چوارشەممە ۲۸ ئابی ۲٠۱۹ دەستی پێکرد کاتژمێر ۱٠ و بۆ ماوەی دووڕۆژ واتا تا سبەی پێنج شەممە ۲۹ ئاب کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت دواتریش لێژنەی باڵای کۆنووسی کۆتایی کۆنفرانسەکە و ئەنجامەکەی ئامادەدەکات بۆ پڕۆگرامەکانی خوێندن.