زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌ كشتوكاڵی به‌ڕێوه‌برد

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ٢٦\٣\٢٠١٩ زانكۆی پۆلیته‌نیكی هه‌ولێر به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر له‌ هۆڵی كۆنفرانسه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر وۆركشۆپێكی كشتوكاڵی له‌ ژێر ناونیشانی(كاریگه‌رییه‌كانی قڕكه‌ر و په‌ینی كیمیایی له‌سه‌ر ژینگه) كه‌ له‌ لایه‌ن په‌یمانگای ته‌كنیكی خه‌بات و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانكۆ رێكخرا بوو تیایدا هۆكار و چاره‌سه‌ر و مه‌ترسییه‌كانی په‌ینی كیمیاوی خرانه‌روو.

سه‌ره‌تای وۆرك شۆپه‌كه‌ پ.ی.د. كاوه‌ شێروانی دوای به‌خێرهاتنی مێوانان و وئاماده‌بووان، وتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: سوپاسی یه‌كێتی ژووره‌ بازرگانیه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ماهه‌نگ وهاوكارن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین باشتر پرۆژه‌ و كاره‌كانمان بكه‌ین به‌ پراكتیكی و كاریگه‌ری زیاتری ئه‌كادیمی و زانستیش له‌سه‌ر بواری بازرگانی و به‌رهه‌مهێنان هه‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.

وتیشی: وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلی ته‌كنیكی هه‌ولێر‌ به‌ گرنگیه‌وه‌ له‌و جۆره‌ وۆركشۆپ و سیمینارانه‌ ده‌ڕوانین، چونكه‌ كوردستان له‌ قۆناغی به‌هێزكردن و به‌ دامه‌زراوه‌یی كردنی ژێرخانی كشتوكاڵ دایه‌ بۆ پشت به‌ستن به‌به‌رهه‌می ناوخۆ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌هه‌موو لایه‌كه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌هه‌موومان هه‌وڵی به‌ پرۆفیشناڵی و رێكخستن و هۆشیاری جوتیاران بده‌ین به‌تایبه‌تیش له‌رووی به‌كارهێنانی په‌ینی كیمیاوی تا جوتیاران به‌ڕێگا‌یه‌كی زانستی و سه‌رده‌میانە بتوانن سودی لێببینن.

دواتر وتارێك له‌لایه‌ن نوێنه‌ری ژووری یه‌كێتی ژووری بازرگانی هه‌رێمی هه‌ولێر خوێنرایه‌وه‌، تیایدا سوپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلی ته‌كنیكی هه‌ولێری كرد كه‌ هه‌میشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و پرۆفشیناڵ كارده‌كه‌ن و كادیری تایبه‌ت له‌ بواری جۆراوجۆر و راهێنراو پێده‌گه‌یه‌نن له‌بواره‌ جیاجیاكاندا و گرنگی به‌ بابه‌تی كشتوكاڵی و بازرگانی ده‌ده‌ن، وه‌ ئێمه‌ش ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌كین له‌گه‌ڵ زانكۆی پۆلی ته‌كنیكی و كۆلێژ و په‌یمانگاكانی سه‌ربه‌و دامه‌زراوه‌یه‌.

سیمینارێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر مه‌ترسیه‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ له‌رێگای په‌ینی كیمیاوی پشكه‌شكرا له‌لایه‌ن (پرۆفیسۆر دكتۆر دلشاد عه‌زیز ده‌روێش) مامۆستا له‌ كۆلێژی زانست له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین كه‌ تیایدا ورده‌كاری له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌كارهێنان و لایه‌نی زانستی په‌ینه‌كان به‌گشتی خرانه‌روو دواتریش له‌لایه‌ن وئاماده‌بوان و مامۆستایان كۆمه‌ڵێك پێشنیار و راسپارده‌ خرانه‌روو و گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

له‌ بەشێکی دیکەی وۆركشۆپه‌كه‌دا پانیڵێكی تایبه‌ت له‌ژێر ناونیشانی( پیسبوونی ژینگه‌ له‌ دیدگای زانستی و وئاكامه‌كانیه‌وه‌) له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان( دكتۆر زێوه‌ر زه‌ینه‌ڵ سه‌رۆكی به‌شی پاراستنی رووه‌ك له‌ په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی خه‌بات، پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر سامی محه‌مه‌د سه‌رۆكی به‌شی به‌رووبه‌ومی كێڵگه‌یی، له‌ كۆلێژی كشتوكاڵ له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، هه‌روه‌ها مامۆستا محمد عبدالرحمان به‌رپرسی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی كشتوكاڵی له‌ پارێزگای دهۆك و هه‌روه‌ها دكتۆر چنار هادی عبدالرحمان مامۆستا له‌ كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین) پێشكه‌شكرا و ورده‌كاری ته‌واو له‌سه‌ر په‌یینه‌كان و كاریگه‌رییكان خرایه‌روو دواتر ده‌رگای و گفتوگۆ و تێیبییه‌كان بۆ ئاماده‌بوان كرایه‌وه‌ ودواتر له‌ لایه‌ن پانێلیسته‌كانه‌وه‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌.

دوای کۆتایی هاتنی وۆرکشۆپەکە بڕوانامەی ڕێز لێنان لەلایەن سەرۆکی زانکۆ بەخشرایە بەشدارانی سیمنار و پانێڵەکە.