مامۆستا وریا عەبدولقادر مامۆستای وەرزش لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بووە پاڵەوانی پاڵەوانییەتی نێودەوڵەتی ئەنتاڵیا بۆ تێنسی سەر زەوی لەسەر ئاستی یاریزانە دێرینەکان و سێ مەدالیای زێری بەدەستهێنا.
لە میانی بەشدارییکردنی لە یارییەکانی پالەوانییەتی نێودەوڵەتیی ئەنتاڵیا بۆ تێنسی سەر زەوی، مامۆستا وریا عەبدولقادر دوای گەیشتنی بە قۆناغی کۆتایی، بووە پاڵەوانی پاڵەوانییەتییەکە.
مامۆستا وریا عەبدولقادر کە هاوکات جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتی تێنسی عێراقە، لە میانی پاڵەوانییەتەییەکەدا لە رووبەڕووبوونەوەی تاکدا بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە یەک کۆمەڵە لە یاریزانی تورک، تارق فرەخی کە لە پۆلینبەندی یەکەمەکان بوو، بردەوە.
لە قۆناغی دووەمی پاڵەوانییەتەییەدا، ناوبراو بە ئەنجامی دوو کۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە یاریزانی ئازەربایجانی، ئالشین رەحیمۆڤی بردەوە.
هەروەها لە رووبەڕووبوونەوەی دوو بەدوودا، ئەمجارە مامۆستا وریا عەبدولقادر هاوڕێ لەگەڵ ئالشین رەحیمۆڤ رووبەڕووی هەردوو یاریزانی تورک، ئومێد ئاکسۆی و یاریزانی ئەڵمانی، ستیڤان ئولبرێک بوونەوە و یارییەکەیان بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە یەک کۆمەڵە بردەوە و بوونە پاڵەوان.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا پیرۆزبایی لە مامۆستا وریا عەبدولقادر کرد بەبۆنەی بە دەستهێنانی نازناوی پاڵەوانییەتییەکە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست، هاوکات هەموو پشتیوانییەکی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانییەتی دیکەی بۆ دووپات کردەوە.