لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کۆلێژی تەکنیکی سۆران لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژ هەڵسا بە سازدانی پانێڵێک لە ژێر ناونیشانی ( ماددەی هۆشبەر و مەترسییەکانی لەسەر کۆمەڵگا) ، بۆ هەریەکە لە د.سەڵاح ئەنوەر حەمەد، راوێژکار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرمەند بەرزنجی، بەڕێوەبەری کارگێری و خۆیەتی لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و محەمەد حەمید عەباس ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان.
لە سەرەتای پانێڵەکەدا کە هەریەک لە پ.ی.د.نجیب توما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و م. پاکستان محەمەد ئەمین یوسف، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆلێژ و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانی کۆلێژەکە ئامادەی بوون، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران لە گوتەیەکدا وێڕای بەخێڕهێنانی میوانان، هاوکات باسی لە گرنگی ئەنجامدانی ئەو پانێڵەی کرد.
دواتر لەلایەن م.عەبدولباسط عەلی غەفور وەک بەڕێوەبەری پانێڵ، پرسیار لە پانێڵیستەکان کرا و ئەوانیش لای خۆیانەوە باسیان لە زیان و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و لێکەوتەکانی کرد کە لە ئێستادا یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی جیهان و کوردستان بەتایبەتی هەڵکەوتەی جوگرافی دەڤەری سۆران.
جێی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ناوەندێکی ئەکادیمی پلانی ئەوەی هەیە کە جگە لە بوازی پێگەیاندن کادر لە ناوەندە زانستییەکانی، هاوکات خزمەت بە کۆمەڵگاش بکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە رێگەی زنجیرە سیمینارێکی زانستییەوە کار بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابیان دەکات لە زیان و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان.