Blog

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە نوێنەری رێکخراوێکی یابانی و شاندێکی کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 3ـی ئایاری 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پێشوازی لە نوێنەری رێکخراوی (IVY) ـی یابانی و شاندێکی کۆمپانیای تۆیۆتای یابانی لە عێراق کرد.

شاندی میوان پێکهاتبوون لە تکاشی سیتۆ بەڕێوبەری پرۆژە لە عێراق و سوریا لە رێکخراوی (IVY)ـی یابانی، حسین هەناری بەڕێوبەری گشتی سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیای تۆیۆتا لە عێراق و سەرۆک نووری بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای ناوبراو.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و م. فەرهاد عثمان رێکخەری پەیوەندی لەگەڵ شاندی میوان و مامۆستایانی بەشی ئۆتۆمبێل ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتە باسێکی لە بارەی ستراتیژیەتی کارکردنی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێلی وەک تاکە بەش لەسەر ئاستی کوردستان بۆ شاندی میوان کرد و شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە کارکردن لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەروەها گفتوگۆکرا دەربارەی هاوکاری کردنی بەشی ناوبراو لەرووی تاقیگە و هاوکاری لۆجستی و خولی راهێنان و هاوکاری کردنی مامۆستایانی بەشەکە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا کە هەردوو لا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای تۆیۆتا پڕۆپۆزەڵێک ئامادەبکەن بۆ هاوکاری کردنی بەشەکە و دەرچووانی چ لە رووی کردنەوەی خولی راهێنان ودابینکردنی پێداویستی لۆجستی چ لەرووی دۆزینەوەی هەلیکاری زیارتر بۆ دەرچووانی بەشەکە لە کۆمپانیای تۆیۆتا.

 شیاوی باسە لە ئێستادا ژمارەیەک لە دەرچووانی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل هەلیکاریان لە کۆمپانیای ناوبراو بۆ رەخسێندراوە و بەپێی ئەو پڕۆپۆزەڵەش ژمارەیان زیاتر دەکرێت.

لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ شاندی میوان بەیاوەری راگری کۆلیژی تەکنەلۆجی و سەرۆک بەش و مامۆستایانی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبیل سەردانی بەشەکەیان کرد و هۆڵ و تاقیگە و وەرشەکانیان بەسەرکردەوە.

پەیامی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

بەبۆنەی یەكی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكاران گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كرێكارانی كوردستان دەكەم. ئومێدی ژیانێكی بەختەوەر و دوور لە چەوسانەوە بۆ هەموو كرێكارانی ئازیز دەخوازم و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونیان دەكەم”.

ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران
پاکستان محمدامین یوسف
٢٠٢٣/٥/١

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یادی 125 ساڵە رۆژنامەگەری کوردی بەرز راگرت

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 30ـی نیسانی 2023 لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی و کەسایەتی و رۆژنامەنووسی بە ئەزموون مەراسیمی یادی 125 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی بەڕێوەچوو، کە لە لایەن هەردوو بەشی راگەیاندنی کۆلێژ و پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر رێکخرابوو.

رێوڕەسمەکە بە گوێگرتن لە سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد پاشان سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس وتەیەکی پێشکەش کرد ئەمەش دەقی وتەکەی بەڕێزیان:
“بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
بەناوى سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و راگرایەتی کۆلێژى تەکنیکى کارگێرى و راگرایەتی پەیمانگەى تەکنیکى کارگێرى هەولێر هەردوو بەشى راگەیاندن و میدیا ، بەخێرهاتنى میوانە بەڕێزەکان دەکەین و سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەین.

لە یادى 125 ساڵەى رۆژنامەگەرى کوردى کە لە 22ـى نیسانى ساڵى 1898 بۆیەکەمجار رۆژنامەیەک بەزمانى شیرینى کوردى لەمیسر چاپکرا، قەشەنگترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانی كوردستان ده‌كه‌ین، بەم بۆنە پیرۆزەشەوە هەردوو بەشى راگەیاندن لە پەیمانگە و تەکنیکی میدیا کۆلێژ ئەم رێوڕەسمەیان رێکخست و ئەم یادە زیندوودەکەنەوە.

بەڕێزان بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و بەشی راگەیاندن لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر ساڵانە چەندین کادری پرۆفیشناڵ لە بواری راگەیاندن پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکەن، هیوادارین ئەم دوو بەشە کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبێت لەسەر زمان و کۆمەڵگە.
بەڕێزان یادکردنەوەى هەر بیرەوەرییەک چ خۆش یا بیرەوەرى ناخۆش و بەتایبەتیش بیرەوەرییە نەتەوەییەکان رۆلێکى گەورەى هەیە لەهۆشیارکردنەوەى گەنجان و لاوان و زیاتر هانیان دەدات و شانازى بەنەتەوەکەیانەوە بکەن و ئیلهام بەخشە بۆکار و داهێنان و قوربانیدانى مرۆڤ، بۆیە ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەردەم پشتگیری لە یادکردنەوەی ئەو بیرەوەرییانە دەکەین.

بەڕێزان ئەوەی کە گرنگە ئاماژەی پێبدەم بابەتی راگەیاندن لەناو کۆمەڵگەدا ئەگەر سەرنجى پێناسەى راگەیاندن بدەیین لەگەڵ ئەرکەکانى زمان لەکۆمەڵگادا یەک دەگرنەوە ، هەروەها ئەگەر سەرنجى پێناسەى زمان بدەیین لەگەڵ ئەرکەکانى راگەیاندن لەکۆمەڵگادا یەک دەگرنەوە، بۆیە ئێمە پێمانوایە کە راگەیاندن ئامرازێکی زۆر زۆر گرنگە بۆ پێشکەوتن و زیندوو هێشتنەوەی زمان بۆیە پێویستە قوتابیان و گەنجانمان زمانی کوردییان خۆشبوێت، چونکە خۆشەویستی زمان واتا خۆشەویستی خاک و نیشتمان، و ئەرکی ئێمەی مامۆستایە قوتابییان لەسەر خۆشویستنی زمانی کوردی پەروەردە بکەین.

بەڕێزان لەکۆتاییدا ئەو پەیڤ و دێرە شیعرەى هەڵبەستڤان و نووسەرى ئیزیدى لە ئەرمینیا شکۆی حەسەن بێنمەوە یادتان کە ئارام دیکران بە گۆرانى و ئاواز دەیڵێتەوە و دەڵێت :
ب خەمل و رەوشە شیرین و خوەشە
شيرين و خوەشە زمانی کوردی
ب خوەش ئاوازە لەتیف و نازە
لەتيف و نازە زمانی کوردی

هیوادارین لەم یادانەدا زیاتر بتوانین وانەیەکی تازە لە خۆشەویستی زمان بە قوتابیان بگەیەنین، دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادە لە سەرجەم میدیاکارانی کوردستان دەکەین هەروەها پیرۆزبایی لە قوتابیانی هەردوو بەشی راگەیاندن لە کۆلێژ و پەیمانگەی کارگێری هەولێر دەکەین کە داهاتووی میدیای ئەم نیشتمانەن، لەکۆتاییدا دەستخۆشى لە لیژنەى ئامادەکاری ئەم رێوڕەسمە بکەم ئومێدەوارم ساڵانە ئەم یادە بەرز و پیرۆز رابگرن. هەر شاد و سەرکەوتووبن”.

پاشان پانێڵێک لە لایەن د. بەهات حەسیب قەرەداغی لەسەر رەوشی میدیا و میدیاکاران لە کوردستان بەڕێوەچوو، بە بەشداری بەڕێز د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێز ئازاد جوندیانی کەسایەتی سیاسی، بەڕێز د. کوردستان موکریانی نووسەر، ئەكادیمیست، زمانزان و سەرۆكی پێشووی ئەكادیمیای كوردی.

بەشدارانی پانێڵەکە بەشێوەیەکی ورد باسیان لە رەوشی میدیا و کێشە و گرفتەکانی بەردەمی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە پاشان بە پرسیاری ئامادەبووان پانێڵەکە دەوڵەمەندتر کرا و لە لایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵامدرانەوە، ئاشان خەڵاتی ریزلێنان بەخشرایە بەشداربووانی پانێڵەکە.

هەر لە یادەکەدا چەند چالاکییەکی قوتابیان و پێشانگای کتێبی بەرهەمی مامۆستایانی زانکۆمان نیشاندران لە کۆتاییشدا چەند بەرهەم و پرۆژەیەکی قوتابیان کە پێکهاتبوو لە چەند ڤیدیۆ و دیکیۆمێنتارییەک بۆ ئامادەبووان نمایشکران.

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە کۆنفرانسێکی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی کرد لە یه‌كه‌مین كۆنفرانسی چاودێرى ته‌ندروستیى بەشێوەی کۆمپیوتەرایز (first-ever healthcare simulation conference) كه‌ له‌لایه‌ن كۆلێژی په‌رستیارى زانكۆى ئه‌مریكى له‌ دهۆک ڕێکخرابوو.

لەسەر بانگهێشتی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، شاندێکی زانکۆمان بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بەیاوەری پ.ی.د.نەجیب تۆما، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.ئومێد ئەرشەد حەوێزی، راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر و د.طالب محمد شریف، راگری پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر، بەشدارییان کرد لە کۆنفرانسى هاوشێوەکردنى چاودێرى تەندروستى.

هەریەک لە د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پ.د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و کەسانی ئەکادیمی ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.