Blog

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەرفەتی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە بۆ قوتابیان لە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی دەڕەخسێنێت

لە ئەنجامی کارەکانی ٣٠هەمین دیداری زانکۆ عەرەبییەکان بۆ ئالوگۆڕی دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان لە نێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە لایەن زانکۆی (لیبیا المفتوحە) لە وڵاتی لیبیا میوانداریی کرا، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەرفەتی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە بۆ قوتابیان لە زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی دەڕەخسێنێت.

لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە نێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکاکی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدرا، بۆ ئەمساڵ زانکۆمان 25 قوتابی رەوانەی چەند زانکۆیەکی جیاواز لە وڵاتانی عەرەبی دەکات، بۆ ئەم مەبەستە قوتابییانی قۆناغی سێیەمی کۆلێژەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بوارە جیاوازەکان دەرفەتی پێشکەشکردنیان هەیە کە لە وڵاتانی ئاماژەپێکراو مەشقی هاوینە ئەنجام بدەن، کە ماوەی 21 رۆژ دەخایەنێت.

هەر قوتابییەک ئارەزووی بەشداریکردنی هەیە لە رێگەی ئەو لینکەی خوارەوە دەتوانێت ناو و زانیاری خۆی تۆمار بکات بە پێی ئەم مەرجانەی خوارەوە:

1- قوتابی قۆناغی سێیەمی کۆلێژ (یان یەکەمی سەر ئاستی بەشەکانی پەیمانگە) بێت.

2- پێویستە پێشکەشکار زمانی عەربی بەباشی بزانێت و بۆ بەشە پزیشکییەکانی مەرجە پێشکشکار زمانی (ئینگلیزی) بەباشی بزانێت.

3- بلیتی فرۆكە و ڤیزا لەسەر ئەستۆی قوتابی دەبێت و تەنها (خواردن و شوێنی مانەوە و هاتوچۆی ناو وڵاتی میواندار لەسەر زانکۆیە).

4- کۆتا کات بۆ پێشکەشکردن رۆژی 2025/5/25 دەبێت.

بۆ خۆتۆمارکردن لێـــــــــــرە کلیک بکە:
https://docs.google.com/forms/d/1YQP-N8rxbp1lzDIR-Hdwh2CACV6tfuWb3JrNzPfJWS4/edit

پێنجەمین کۆنفڕانسی زانستی پڕۆژەی توێژینەوەی قوتابیانی زانکۆمان لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بەڕێوەچوو

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، پێنجەمین کۆنفڕانسی زانستی پڕۆژەی توێژینەوەی قوتابیانی زانکۆمان، لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەدا، پ.د.هاوژین صلێوە عیسی راگری پەیمانگای تەکنیکی کۆیە و سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.

پ.د.هاوژین صلێوە عیسی لەدوای بەخێرهێنانی میوانان، کورتەیەکی لەبارەر ئامادەکارییەکانیان خستەڕوو، هاوکات خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی وەک پەیمانگای تەکنیکی کۆیە میوانداریی ئەم چالاکییە زانستییەی زانکۆ دەکەن.

پاشان پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و سەرۆکی لێژنەی باڵای کۆنفڕانس لە وتەیەکدا بەناوی خۆی و سەرۆکی زانکۆوە خۆشحاڵی نیشاندا بەوەی پێنجەمین کۆنفڕانسی زانستی پڕۆژەی توێژینەوەی قوتابیانی زانکۆمان لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بەڕێوەدەچێت و دەستخۆشی لە لێژنەی ئامادەکاریی کۆنفڕانسەکە کرد.

پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەنجامدانی ئەم کۆنفڕانسە نیشانەی بایەخدان و خەمخۆری زانکۆیە بە توانا و لێهاتووییەکانی گەنجان و قوتابیانی زانکۆمان تاوەکو بەبیری داهێنەرانە، بەخوێندنی تەکنیکی رۆژی بەم شێوەیە دروست بکەن و توانا و داهێنانی قوتابیانی زانکۆمان بگوازنەوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا راشیگەیاند کە وەک زانکۆ ساڵانە لە دەستپێکی ساڵی خوێندن ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە و گوتی”زانکۆ ئەم شوێنەیە کە توانا و دەرفەتەکان دروست دەکات تاوەکو وڵات پشت بە تواناکانی گەنجمان ببەستێت و ئەم داهێنانە لە خزمەت وڵاتدا بەکاربهێندرێت.

گوتیشی، ساڵانە سەدان پڕۆژەی ئاست بەرز لە زانکۆ دەنووسرێنەوە، بەڵام ژمارەیەکیان بەشداریی ئەم کۆنفڕانسەدا دەکەن کە بەسەر پێنج سێکتەردا دابەش بوونە.

پاشان دوو قوتابی بەجیا وەک قسەکەر دوو توێژینەوەیان پێشکەش کرد.

دواتر قوتابیان بەسەر گرووپەکاندا دابەش بوون و لەلایەن لێژنە کەرتییەکانەوە پڕۆژەکانیان کە ژمارەیان ٧٦ پڕۆژە بوو، تاوتوێ کران و هەڵسەنگێندران.

لە دانیشتنی دووەمی کۆنفڕانسەکەدا کە ڕێوڕەسمی کۆتایی کۆنفڕانسەکە بوو، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی رایگەیاند کە ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵانە بڕیار دەدات کە کۆنفڕانسی زانستی پڕۆژەی توێژینەوەی قوتابیانی زانکۆمان لە یەکێک لە کۆلێژ و پەیمانگاکان ئەنجام بدرێت، ئەمساڵیش بڕیاری ئەوە درا کە ئەم کۆنفڕانسە لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە لەژێر ناونیشانی (زانست دەکەین بە کردار؛ داهێنانمان هەلی کارن) ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیانی بەشداربووی کۆنفڕانسەکە کرد و لەبارەی کۆنفڕانسەکەیشەوە ڕایگەیاند، بە هەموو پێوەرێک کۆنفڕانسەکە کۆنفڕانسێکی زۆر سەرکەوتووبوو.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی راشیگەیاند کە کۆنفڕانسی هاوشێوە لە سەرجەم زانکۆکانی وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت و بەگشتی کۆنفڕانسەکان دوو ئامانجیان هەیە کە ئامانجی تایبەتی و ئامانجی گشتییە.

گوتیشی ئامانجە تایبەتییەکە ئەوەیە کە ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان کە قوتابیان چۆن بەشێوەیەکی ڕێک و پێک پڕۆژەکانیان نمایش کرد کە ئەنجامی چەند ساڵەی خوێندنیان بوو لە زانکۆ.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرسامی خۆی بە توانا و لێهاتوویی و پڕۆژەکانی قوتابیان نیشاندا و رایگەیاند لە خوێندنی بەرایی سەردەمی ئەواندا ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسا کە بەشداریی لەم جۆرە کۆنفڕانسەدا بکەن، و هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو کۆنفڕانسانەی لە زانکۆکانی وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەرێت لەگەڵ ئەم کۆنفڕانسەدا نییە.

گوتیشی، توێژەر بەر لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەی دێت لە کۆنفڕانسێکدا دەیخاتە ڕوو، هەروەها لە کۆنفڕانسەکاندا ئاشنایەتی و ناسین لەگەڵ کەسانێکدا دەکەیت کە لە هەمان پسپۆڕی خۆتن کە پێشتر دەرفەتی ئەوە نەبووە یەکتر ببین و بناسن، هەروەها لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵایەتیشە کە بەهۆی بەشدارییکردن لە کۆنفڕانسێک ئاشنای کولتوور و زمان و دابونەریتی وڵاتانیش دەبیت.

سەرۆکی زانکۆ رووی قسەکانی کردە قوتابیانی بەشداربووی کۆنفڕانسەکە و گوتی تواناکانتان بەشێوەیەکە کە دەتوانن لە کۆنفڕانسە جیهانییەکاندا بەشداربن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پیرۆزبایی لە قوتابیان کرد، دەستخۆشی لە مامۆستایانی سەرپەرشتیار و لێژنەی باڵا و لێژنەی ئامادەکاریی و لێژنە کەرتییەکانی کۆنفڕانسەکە کرد.

دواتر بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە ناوچە گەشتیارییەکانی کۆیەیان بەسەرکردەوە و پێکەوە لە خوانێکدا کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پەیمانگا بەرێوەچوو

ئەمرۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ۱٤ی ئایاری ۲۰۲٥، بە سەرپەرشتی بەرێز پ.ی.د. یوسف مصطفی رسول ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، ئەنجوومەنی پەیمانگە کۆبوونەوەی ژمارە (۷)ی بۆ ساڵی خوێندنی( ٢٠٢٤ -٢٠٢٥) ئەنجامدا ، کۆبونەوەکە باس لە چەند بابەتێکی گرنگی زانستی و کارگێری وەک ( کاروباری قوتابیان و ئامادەکاری بۆ تاقی کردنەوەی کۆتایی وەرز و چالاکییەکان ) تاوتوێ کرا.

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی خەبات ۲۰۲٥/٥/۱٤

لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران ڕۆژی جیهانی پەرستاران بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025 ، بەئامادەبوونی پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆلێژ و عەدنان مەلا عەلی پەرستاری بەئەزموون لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری، قوتابییانی بەشی پەرستاری، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە مەڕاسیمێکدا شانۆیەک و چەند چالاکییەکی جۆراوجۆریان لە ناو کەمپەسی کۆلێژ ئەنجامدا.

چاڵاکییەکان پێکهاتبوون لە؛ پێوانی نیشانە زیندەگییەکان وەک پێوانی پەستانی خوێن و لێدانی دڵ و پلەی گەرمی لەش و هەروەها بووژانەوەی دڵ و هەناسەدان (𝐂𝐏𝐑) و نمایشی رزگارکردنی نەخۆش لە کاتی ڕووداوی نەخوازراو کە لە لایەن قوتابییانی بەشی پەرستاری بەیانیان و ئێواران ئەنجام دران.

لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا لەلایەن قوتابییانی بەشی پەرستاری سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ڕاگری کۆلێژ و سەرۆکی بەشی پەرستاری و بڕیاردەری بەشی پەرستاری کرا.

+39

See insights

Boost a post

All reactions:

244Muhammad Z Ababakr, Mhamad Ali and 242 others