Blog

بیست و نۆهەمین دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بە میوانداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.فواز احمد الزغول بەرێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی، 29هەمین دیداری زانکۆ عەرەبییەکان بۆ ئالوگۆری دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان بە بەشداری زیاتر لە 70 سەرۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆمان، دەستی بە کارەکانی کرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەک لە کونسوڵی وڵاتە عەرەبییەکان، مامۆستا ئەحمەد کانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان حوسێن کەلاری سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان، خاتوو شیرین خالد بەرپرسی ناوچەی ئایندە، سەرۆکی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆک بەش و مامۆستایان و قوتابیان بەڕێوەچوو.

دوای ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی کۆماری عێراق و مارشی نیشتمانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن مامۆستا هاوڕێ چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێدرایەوە دواتر فیلمی دۆکیۆمێنتاری تایبەت بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نمایشکرا.

دواتر پ.د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆ وتارێکی بە زمانی عەرەبی پێشکەشکرد کە تیایدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و خۆشجاڵی خۆی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی دەربڕی بە ئامادەبوونی میوانان و شاندی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەی بە دەرفەتێکی زێڕین لەقەڵەم دا بۆ قوتابییانی زانکۆکانی بەشدار لە یەکێتییەکە گوتی، ” خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کەوا ئەمڕۆ لە ئامێزی زانکۆی تەکنیکی هەولێر بە دیدارتان شاد دەبین، لە ئەنجامدان و رێکخستنى  کۆڕبەندی بیست و نۆهەمین بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی ڕاهێنان لە نێوان زانکۆ عەرەبییەکان. ئەم کۆڕبەندە دەکەوێتە چوارچێوەی گشتی ئاراستە ئەکادیمییەکانمان بۆ پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وبوارەکانى تری قوتابییەکانمان، هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی ڕاهێنان لە نێوان زانکۆ عەرەبییەکان.مەشقی هاوینە گرنگی بە هەڵسەنگاندنی قوتابیانمان دەدات لەسەر بنەمای هەستە ئەرێنییەکانیان لە بواری کاردا، هەروەها شێوازی کارکردنیان لەگەڵ کەسانی تر، توانای فێربوون و دانبەخۆداگرتن وهەستکردن بە بەرپرسیارێتی، گەشەپێدانى کارامەیی و توانای خوێندکاران بۆ دروستکردنی پەیوەندی پیشەیی. سەرەڕای تواناکانیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگەی دەوروبەر. هەروەها توانا و ئاستیان لە  چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەرەدەسەنێت.

ئەمڕۆ، لە سەرتاپای جیهان، زانکۆکان بەگشتی گرنگییەکی زۆر بە مەشقی مەیدانی دەدەن، لەنێویاندا زانکۆکەمان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کە زانکۆیەکی زیندوو و پراکتیکییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە خاوەنی ستراتیژێکی تایبەتی خۆیەتى لە بواری مەشقی هاوینە. لەو چوارچێوەیەدا زانکۆکەمان گرنگییەکی زۆری داوە بە ناردنی قوتابی وخوێندکارەکانی بۆ دەرەوەی هەرێم، ئەمە جگە لە ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە بواری مەشقی مەیدانی لەگەڵ زانکۆ نیشتمانی و هەرێمی و بیانییەکان.

پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە مەشقی هاوینەدا لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان زۆر مەبەست لەخۆدەگرێت، لەوانە ئامانجی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و سیاسی، هەروەها فێربوون وئاشنابوون بە داب و نەریتی گەلان و ڕێزگرتن لێیان. واتە ئاڵوگۆڕکردنی قوتابیان وخوێندکاران بۆ بەشداریکردن لە مەشقی هاوینەدا دەرفەتی فێربوونی شێوازی ژیانی نوێ و ناوازە و بەدەستهێنانی ئەزموونی گرنگ دەڕەخسێنێت هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کەمکردنەوەی بارودۆخی گرژی و ململانێ لە جیهاندا و دروستکردنى پردی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان گەلان، کە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی هەلی کاری نوێ لە جیهاندا جگە لەوەش، پرسی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران پەیوەست بووە بە پرسی (نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان)، بەو پێیەی بە یەکێک لە نیشاندەرەکان دادەنرێت بۆ ڕیزبەندیکردنی زانکۆکان لە زۆرێک پۆلێنبەندییە نێودەوڵەتییەکان. بۆیە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخێکی زۆر بە بابەتی مەشقی هاوینە و ئاڵوگۆڕی قوتابیان دەدات لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی تایبەتمەند لەو بوارەدا.

 لەکۆتاییدا سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆمتان پێشکەش دەکەم بۆ بەشداریکردنتان لە کارەکانی ئەم کۆڕیەندە، بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەم بۆ ئامادەبوونیان لە هەولێری خۆشەویست پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ هیوا ونزای دڵسۆزانەمان بۆ سەرکەوتنتان. “

دوای وتاری ئەنجومەنی عەرەبی لە لایەن پ.د.فواز احمد الزغول بەرێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی و هەروەها وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵا لە لایەن پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەت، پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشییە وەزارەتی خوێنی باڵا وز زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پارێزگاری هەولێر.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا رێزبەندی ئەو زانکۆیانە خوێندرایەوە کە لە ساڵی 2023دا باشترین بوون لە مەشق دان بە قوتابییان و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا.

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی چەند پرێزنتەیشن و سیمنارێک لەوانە: پێشەکیەک لەسەر هاوکارییەکانی زانکۆکانی ڕوسی بەڕێز د.بشیر سماحە، پێشەکیەک لەسەر ڕێکخراوە عەرەبییەکان کەبەرپرسن لەوەرگرتن و تۆمارکردن لە لایەن پ.د.بسام لامحادین ئەمینداری گشتی رێکخراو.

دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت میوانان و بەشداربووانی دیدارەکە سەردانی فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابیانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێریان کرد و سەرسامی خۆیان بە ئاستی لیێهاتوویی قوتابییانی زانکۆمان دەربڕی لە ئەنجامدانی پرۆژەی دەرچوونیان و ئاستی زانستییان.

دواتر دوو سیمناری دیکە پێشکەش کران لەسەر مەشق لەزانکۆکانی مالیزیا کە لە لایەن پ.د. رضوان بن رشید بەرێوەبەری رۆشنبیری مالیزیا، هەروەها پێشەکیەک لەسەر دامەزراوەی یونیراکس بەڕێز شریف الجاد، بەڕێز مجدی حسین، خاتوو لیندا قبلاوی پێشکەش کرا.

دواتر هەر لە چوارچێوەی بەرنامەکانی دیدارەکەدا شاند و میوانانی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بەشدارییان کرد لە فیستیڤاڵی تایبەت بە فۆلکلۆری کوردیی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، لە کۆتاییشدا سەردانی قەڵای هەولێر و شوێنەوارە دێرینەکانی دیکەیان کرد.

بڕیارە رۆژی دووشەممەش دیدارەکە لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە بەردەوام بێت کە تیایدا سیمناری تایبەت بە روونکردنەوەی چۆنیەتی ئاڵوگۆری هەلی ڕاهێنان، ئاڵوگۆرکردنی هەلی ڕاهێنان لەنێوان زانکۆ بەشداربووەکان، هەروەها بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کۆتایی کۆبوونەوەکە کە خۆی لە ڕاگەیاندنی پێشنیارەکان و گفتوگۆکردن، وتەی شاندە بەشداربووەکان و ڕێزلێنان لە (ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری و لێژنەی جێبەجێکاری و پێشکەشکارانی بەرنامەی پێشەکی) دەبینێتەوە.

وۆرکشۆپێک لەسەر سیستەمی ژمێریاری کریستاڵ لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەڕێوەچوو

ڕۆژی شەممە 27ـی نیسانی 2024، لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران / بەشی ژمێریاری بە هەماهەنگی لەگەڵ ( کۆمپانیای DWER) وۆرکشۆپێک لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستەمی ژمێریاری تایبەت ( سیستەمی ژمێریاری کریستاڵ وەک نمونەیەکی پراکتیکی ) بۆ 41 قوتابی بەشی ژمێریاری کرایەوە.

وۆرکشۆپەکە لەلایەن ( رەوەز زوبێر ) پێشکەش کرا، ناوبراو تیشکی خستەسەر گرنگی زانینی بەرنامە ژمێریاریەکان بۆ قوتابییان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دا، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و کاری ژمێریاری، هەروەها دەرخستنی باری دارایی کۆمپانیاکان و کارکردن لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج.

لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا (پ.ی.د. سیروان لەتیف حاجی) ڕاگری کۆلێژەکەمان وتەیەکی پێشکەش بە قوتابییانی بەشداربوو کرد و پاڵپشتی خۆی لە ئەنجامدانی چالاکی لەم شێوەیە بۆ قوتابییان دووپاتکردەوە، دواتر بڕوانامەی بەشداربوونی بەقوتابییان بەخشی و سوپاس و پێزانینیشی ئاراستەی کۆمپانیای ناوبراو و سەرپەرشتانی وۆرکشۆپەکە کرد.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر  پێشەنگایەکی هەلی کاری بۆ دەرچووان رێکخست

رۆژی پێنچ شەممە 25ی نیسانی 2024، لە ژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر پێشانگای هەلی کار رێکخست.

پێشانگەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، د. دیار جەباری کارگێڕی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ، پ.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و ژمارەیەکی بەچاو لە مامۆستایان و قوتابییان بەڕێوەچوو.

لە وتەیەکدا د.موراد ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەخێرهاتنی میوانانی کر د و سوپاسی ئامادەبوونی میوانانی کرد وەک پشتگترییەک بۆ قوتابیان و بەشداربووان، هەروەها سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ کۆلێژەکە.

پێشەنگاکە بەئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووان لە ناو کەمپی کۆلیژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر رێکخرابوو، چەندین کۆمپانیا و نەخۆشخانە و بەشێک لە تاقیگە تایبەتەکان بەشداربوون تێیدا.، لەکۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووان دەستخۆشییان لە ئامادەکار و سەرپەرشتیارانی پێشەنگاکە کرد کە بەشێوەیەکی زۆر ڕێک و پێک رێکخرابوو.

کۆنفرانسی زانـــکـــۆی جـیــهان – هــەولـێـــر

ئەمڕۆ ڕۆژی چوارشەممە24ی نیسانی 2024، بەنوێنەرایەتی بەرێز (پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ‎بەڕێز (پ. د. ایاد زکی صابر),ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر، بەشداری کرد لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانسی زانـــکـــۆی جـیــهان – هــەولـێـــر بـــە هـاوبـــەشــی لــەگــەڵ
زانـکـۆی ئیـسـلامـی نێـودەوڵـەتـی مالـیـزیـا و زانــکــۆی نــیشتمــانـی ئـەجـلـون – ئـوردن
پـێنـجەمـیـن کـۆنـفـرانـسی زانـسـتی نێـودەوڵـەتی لـە بواری ( ئەندازیاری گەیانـدن و زانسـتی کۆمپـیوتەر ) رێکخرابوو.