Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی الامام الاعظم دەکات

رۆژی یەکشەممە 20ـی ئابی 2023، پ.د.ئیدریس محمد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە شاندێکی زانکۆی (الامام الاعظم).

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی، زانستی و قوتابییان ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ دوای بەخێرهاتن، پوختەیەکی دەربارەی زانکۆمان پێشکەشی شاندی میوان کرد. لە بەرامبەردا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

لە کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە بەرەو پێشبردنی زانکۆکان کرا بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر و هەردوولا کۆک بوون لەسەر لە دروستکردنی پەیوەندی زانستی، لەو بارەیەوە سەرۆکی زانکۆ جەختی لە هەماهەنگی کردنی هەردوو زانکۆ کردەوە لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت توێژینەوە و کۆنفرانسی زانستی.

 تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو شێوازی وەرگرتنی قوتابییان لەزانکۆکان هەروەها کردنەوەی خوێندنی باڵا ماستەرو دکتۆرا لایەنێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هەوڵی بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆکانیان بە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست زانی تاکو لەو رێگەیەوە ئاستی زانستی مامۆستایان و قوتابییان بەرەوپێش بچێت.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە کۆبوونەوەی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی عێراق کرد

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری کرد لە کۆبوونەوەی دەوریی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆى پۆلیتەکنیکی ناوەڕاست میوانداریی کرا و له‌ شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی فیدڕالی، د.حەیدەر عەبد زەهد و سەرۆکی لیژنەی پڕۆژەی چاکسازیی خوێندن و مەشقی تەکنیکی و پیشەیی لە عێراق، د.حامد خەڵەف ئەحمەد و راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، عەلا عەبد حەسەن و سەرۆکی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی عێراق و هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەی بوون، باس لە هەنگاوەکانی بەرەپێشبردنی خوێندنی تەکنیکی وپیشەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.

دوای پێشکەشکردنی گوتارەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەکە خرایە روو کە لە میانی نۆ تەوەری جیادا باس لە سەربەخۆیی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی بە تایبەتی لەو بەشانەی کە سیستەمی بۆڵۆنا پەیڕەو دەکەن، هەروەها پێشنیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشووی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی لەبارەی گۆڕینی پەیمانگاکانی تەکنیکی بۆ کۆلێژ، پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی خوێندنی تەکنیکی لە عێراق و گۆڕینی بۆ فەرمانگەی خوێندنی تەکنیکی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی بۆلۆنا و ئەو ئاستەنگانەی کە رێگرن لە بەردەمی جێبەجێکردنییدا، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و تاوتوێکردنی بنیاتنانی ژێرخان بۆ ئەو زانکۆیانەی  کە تازە دروستکراون هەروەها کارکردن بۆ گۆڕینی خاوەندارییەتی زەوییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی لەگەڵ چەند بابەتێکی دیکەیی هەنووکەیی خرانە بەرباس.

 

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆبوونەوەی تایبەت بە وەرگرتنی قوتابیان لە بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان بەرێوەچوو

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 17ـی ئابی 2023، لە سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕەوشی خوێندن و بەردەوام بوونی خوێندن و وەرگرتنی قوتابیان لە بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە کۆلیژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە کە لە  نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و خاچی سووری نێودەڵەتی ئەنجامدرا، بەسەرپەرشتی نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بەڕێز  پ. ی. د. محمد کلاری ، وە شاندی زانکۆمان بریتی بوو لە بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان، شاندی خاچی سووری نێودەوڵەتی بریتی بوو لە بەڕێز تیگران بێتانیان بەڕێوەبەری پڕۆگرامی (𝗉𝗁𝗒𝗌𝗂𝖼𝖺𝗅 𝗋𝖾𝗁𝖺𝖻𝗂𝗅𝗂𝗍𝖺𝗍𝗂𝗈𝗇) لە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە بەغدا و بەڕێز یان لیبێک بەڕێوەبەری هاوبەشیەکان لە رێکخراوی ناوبراو. شایانە باسە بەڕێز پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەشێک لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو و وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، تەواوی پاڵپشتی خوی دەربڕی بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە گفتوگۆی لەسەرکرا و پێشنیاری گونجاو لە بارەی بەشەکەوە خرایەڕوو وەک:

1- بەردەوام بوونی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی و مەعنەوی تا کۆتایی ساڵی 2026 بۆ هەردوو خوولی یەکەم و دووەمی وەرگرتنی قوتابیان.

2- دابین کردنی بوودجە بۆ 2 ستافی ئەکادیمی بیانی بۆ وانە ووتنەوە لە هەردوو خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر لە لایەن خاچی سووری نێودەوڵەتی بەڕێژەی 75% وە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە رێژەی𝟤𝟧% .

3- بۆ وەرگرتنی قوتابییان لە خوولی سێیەم واتا بۆ ساڵی ئەکادیمی 2024 – 2025 پێویستە گشت لایەنە هاوبەشەکان هاوکاری و هەماهەنگی بکەن لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆگرامە.

4- خاچی سووری نێودەوڵەتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەوڵ دەدەن بە دۆزینەوەی سپۆنسەر بۆ ئەم پڕۆگرامە بەتایبەتی بۆ خوولی سێیەم و خوولەکانی دواتر.

5- هەوڵ بدرێت بە زووترین کات کار بکرێت لەسەر وەرگرتنی متمانەی ئەکادیمی بۆ ئەم بەشە لە لایەن دامودەزگا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە متمانە بەخشین بە پرۆگرامی ئەکادیمی، بۆ ئەوەی ئەم بەشە بتوانێ قوتابییانی بیانی وەربگرێت.

6- بەردەوام بوون لە کردنەوەی خوێندنی باڵا بۆ ئەم بەشە بەمەبەستی دابین کردنی ستافی ئەکادیمی پسپۆری ناوخۆیی.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا نوێنەرانی خاچی سووری نێودەوڵەتی تەواوی پاڵپشتی خۆیان دەربڕی بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆگرامە.

 

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی ئینستیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان دەکات

رۆژی چوارشەممە 16ـی ئابی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پێشوازیکرد لە د. سەرباز نەجیب عوسمان جێگری سەرۆکی ئینستیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان(K.I.I) و شاندی یاوەری.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و بەرێوەبەری پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ لە بارەی مێژووی دروستبوون و بەرنامە و ستراتیژیەتی زانکۆ دوا، و کورتەیەکی سەبارەت بەو بەشانە خستەڕوو کە تایبەتمەندن و بەپێی پێویستی بازاڕی کار بابەتەکانی ئامادەکراون وەک بەشی (ICT) و بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێڵ و بەشی پەلی دەستکرد، هەروەها باسی لە بەرنامەی زانکۆ کرد سەبارەت دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆمان.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ زانکۆ سەبارەت بە بازاڕی کار، لەهەمان کاتدا رەزامەندییان نیشاندا بە پشتگیری کردنی بەشێک لە توێژەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و پاڵپشتیکردنیان لە رووی تەکنیکی و بەکارێنانی ئامێرەکانی تاقیگەکانی دامەزراوەکە، بە تایبەت ئەو توێژینەوە و پڕۆژانەی کە نوێگەری تێدابێت.

جێگری سەرۆکی ئینستیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەبڕی بەوەی کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زیاتر گرنگی دەدات بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی، تاکو بتوانن لەبازاڕی کاردا کاریان دەست بکەوێت.

هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی ئینستیوتەکە هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بێت لە دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی وڵاتانی جیهان، هەروەها بەپێویست زانرا کە ئینستیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان هاوکاربێت لەدانان و پەرەپێدانی پرۆژەی وزەی نوێبووەوە لە زانکۆمان.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا بڕیار درا کە هەردوولا لە داهاتوویەکی نزیکدا گرێبەستێک واژوو بکەن بۆ ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی پێکەوەیی.