Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

پەیمانگەیەکی سەر بەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەبێتە دەستە خوشکی پۆرتیڤڵ کۆلێژی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا

لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا بەئامادەبوونی د. نەجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و د.طالب محمد شریف عمر راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و د.رەنج سیروان عەبدوڵا بەرێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر / زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پۆرتیڤل کۆلیجی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتننامەی نێوان هەردوو لا کە پێکدێت لە پلان و بەرنامەی کاری هاوبەش بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بوارەجیاوازەکانی زانستی و ئەکادیمی و کارگێری تاوتوێکرا.

شایانی باسە، ماوەی ساڵێک زیاترە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و پۆرتیڤڵ کۆلێژ کار بۆ ئەو پرۆژەیە دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە جیاتی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و زانکۆی کیێرن لە جیاتی پۆرتیڤل کۆلێژ یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژوو کردووە.

وۆرکشۆپێک لەبارەی بۆڵۆنا پرۆسێس و سیستەمی داتابەیسی (ECTS) بۆ مامۆستایانی پەیمانگای تەکنیکی کۆیە رێکخرا

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە بۆڵۆنا پرۆسێس و سیستەمی داتابەیسی (ECTS) بۆ مامۆستایانی پەیمانگای تەکنیکی کۆیە رێکخست.

وۆرکشۆپەکە لەلایەن لیژنەکانی بۆڵۆنا پرۆسێس و سیستەمی داتابەیسی (ECTS) لە سەرۆکایەتی زانکۆ، کە هەریەک لە پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، سەرۆکی لیژنەی بۆڵۆنا، د.دلێر عبداللە ئەندامی لێژنەی بۆڵۆنا، هەروەها ئەندامی لیژنەی داتابەیسی (ECTS)  م.یاسین حمید رشید، م.ی.ڕێبوار خالد حمد و م. گۆران مغدید بەڕێوەچوو کە تیایدا نوێترین پێشهات و بەرەوپێشچوونەکانی هەردوو سیستەمەکە بۆ ئامادەبووان و مامۆستایان روونکرایەوە.

لە وۆرکشۆپەکەدا سەرۆکی لێژنەی باڵای بۆڵۆنا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر باسی لە هەنگاو و رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەمساڵی خوێندن کرد.

دواتر د.دلێر عبداللە پێداویستییەکانی سیستەمی بۆڵۆنای بۆ سەرۆک بەش و مامۆستایان روونکردەوە، هەر لە چوارچێوەی وۆرکشۆپەکەدا ئەندامی لێژنەی داتابەیس، م.ی. ڕێبوار خالد حمد  باسی لە هەڵە تەکنیکییەکانی ساڵانی رابردوو کرد کە سەرۆک بەش و مامۆستایان لەناو سیستەمی داتابەیسی (ECTS) ئەنجامیان داوە، هەروەها م.یاسین حمید رشید تیشکی خستە سەر ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕووکار و شێوازی کارکردنی سیستەمەکەدا کراون.

دواتر م.گۆران مغدید  تیشکی خستە سەر فرمانە نوێیەکانی سیستەم و باسی لە نوێترین زیادکراوەکانی ناو سیستەمەکە کرد کە بۆ ئەمساڵی خوێندن بەردەست دەبن.

 

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ لە شاری دهۆک رێوڕەسمی کۆتایی خولی رێبەری گەشتیاری و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار بەڕێوەچوو

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە شاری دهۆک بەشداریی کرد لە رێوڕەسمی کۆتایی هەردوو خولی رێبەری گەشتیاری و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکان.

لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولەکەدا کە بۆ فەرمانبەرانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و گەشتوگوزاری دهۆک بە هاوکاری رێکخراوی کارگوزاری نێودەوڵەتیی ILO و رێکخراوی یونیسکۆ و پاڵپشتی یەکێتیی ئەورووپا کرابوویەوە، هەریەک لە جێگری پارێزگای دهۆک و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و بەڕەێوەبەری شوێنەواری دهۆک و نوێنەرانی رێکخراوی ILO و رێکخراوی یونیسکۆ و یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی بوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتەیەکی پێشکەش کرد.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە گوتەکەیدا دوای خۆشحاڵی دەربڕین بە ئامادەبوونی لەو رێوڕەسمەدا، تیشکی خستە سەر ئەرکی زانکۆ لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و گوتی: “سەرەڕای پێشکەشکردنی مەعریفە و ئەنجامدانی توێژینەوە زانستی، هاوکات ئەرکی زانکۆیە کە خزمەتی کۆمەڵگا بکات و بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروفتەکانی و رۆڵی کاریگەر  بگێڕێت لە پێشخستی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئاسایشدا”.

دواتر هەریەک لە جێگری پارێزگاری دهۆک و نوێنەری رێکخراوەکانی بەشداربووی رێوڕەسمەکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی  شوێنەوار و گەشتوگوزاری دهۆک لە گوتاری جیاجیادا دەستخۆشییان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد.

شایانی باسە هەریەک مامۆستایانی بەشی کارگێری دەزگاکانی گەشتیاری لە پەیمانگای تەکنیکی هەولێر پ.ی.د.عەفاف یوسف نوری و م.فەخرەدین ئەحمەد عەزیز و مامۆستایانی کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر م.سۆران بولص بطرس و م.مەریوان صابر خالد وەک راهێنەری سەرەکی بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی خولەکان و بۆ ئەمەش سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەتی دەستخۆشی لێکردن و سوپاسی کردن.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکەدا دابەشکرا کە ژمارەیان ٣٥ کەس بوو کە بۆ ماوەی یەک مانگ بەشێوەی تیۆری و کرداری بەردەوام بوو.

 

سەرۆکی زانکۆ سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆکی کرد و لەلایەن پ.د.ئاری عادل، سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکەوە پێشوازیی لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و ژمارەیەک لە راگرانی کۆلیژ و پەیمانگانی سەربە زانکۆکە ئامادەی بوون، باس لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوو زانکۆ لە بوارەکانی زانستی و ئەکادیمی کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک کرا کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و جەخت لە پێویستی فراونترکردنی کۆنفرانسەکە و بەشداریکردنی زانکۆی نێودەوڵەتیی دیکە و بە نێودەوڵەتییکردنی کۆنفراسەکە کرا.

هاوکات باس لە پێویستی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا و کولتووری کوردستانی و شارەزابوونی کولتووری کۆمەڵگای دیکەش بکات.