Monthly Archives: ئایار 2025

بەرز ڕاگراتنی ڕۆژی جیهانی پەرستاران

ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥ بە بۆنەی ڕۆژی (جیهانی پەرستاران) پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر مەراسیمێکی شایستەی بەم بۆنەیەوە ڕێکخست.

بە ئامادەبوونی (پ.د. تیران جمیل پیرۆ) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی و (م. طارق ويسی صادق) ياريدەدەری ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و (م. پیشتیوان ظاهر مجيد) سەرۆک بەشی پەرستاری و (پ.ی د. سەرسام خلیل شوانی) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر (م.کۆڤان عمر بارزانی ) بەرپرسی ڕێکخراوی ماموستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و (م.عبدالستار) بەرپرسی رێکخراوی فەرمانبەران مەراسیمی ڕۆژی پەرستارانی جیهانی بەرز ڕاگیرا. لە سەرەتا بەڕێز ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەخێرهاتنی میوانانی کرد و پیرۆزباییەکی گەرمی لە گشت پەرستارانی جیهان و کوردستان بە گشتی و ماموستایان و فەرمانبەرانی بەشی پەرستای پەیمانگە بەتایبەتی کرد. دواتر هەر بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران بەڕێزان (م. شیرین جوهر ) (م.صالح مصطفى) (م. دلێر طاهر) ( مریم یاسین) هەستان بە پێشکەشکردنی چەند سیمینارێک و ئەنجامدانی چەند چالاکیەکی تر .
لە کۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە ماموستایان و فەرمانبەرانی بەشی پەرستاری پەیمانگەکەمان کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێگەیاندنی قوتابیانی ئەو بەشە.

لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە چەند چالاکییەک یادی ڕۆژی جیهانیی پەرستاران کرایەوە

 ڕۆژی سێشەممە 12ـی ئایاری 2025 ، بەئامادەبوونی پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆلێژ و عەدنان مەلا عەلی پەرستاری بەئەزموون لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری، قوتابییانی بەشی پەرستاری، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پەرستاران لە رێوڕەسمێکدا شانۆیەک و چەند چالاکییەکی جۆراوجۆریان لە ناو کەمپەسی کۆلێژ ئەنجامدا.

چاڵاکییەکان پێکهاتبوون لە؛ پێوانی نیشانە زیندەگییەکان وەک پێوانی پەستانی خوێن و لێدانی دڵ و پلەی گەرمی لەش و هەروەها بووژانەوەی دڵ و هەناسەدان (𝐂𝐏𝐑) و نمایشی رزگارکردنی نەخۆش لە کاتی ڕووداوی نەخوازراو کە لە لایەن قوتابییانی بەشی پەرستاری بەیانیان و ئێواران ئەنجام دران.

لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا لەلایەن قوتابییانی بەشی پەرستاری سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ڕاگری کۆلێژ و سەرۆکی بەشی پەرستاری و بڕیاردەری بەشی پەرستاری کرا.

 

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی شاندێکی زانکۆمان کە پێکهاتبوو لە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆمان بەشدارییان کرد لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥ لەشارى هەولێر بەڕێوەچوو.

لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند؛ ئەم دیدارە دەرفەتێکە بۆ پێداچونەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامی کۆرسەکانی پێداگۆجی لە زانکۆکانی کوردستان، گوتیشى؛ لە ماوەی کارکردنمان هەموو پشتیوانیەکی سەرکەوتن و بەردەوامیمان پێشکەش کردوە، ڕێنماییەکی توندوتۆڵمان داناوە بۆ پارێزگاریکردنی، ئێستاش کاتی ئەوە هاتوە ئەم دیدارە وەک دەرفەتێکی زێڕین ببینین، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەم کۆرسە، بە وردی بە مۆدیوڵەکاندا بچینەوە، زیاتر دەوڵەمەندی بکەین، چونکە پەرەپێدانی پرۆگرام پرۆسەیەکی داینەمیکیەو بەشداری هەموو مامۆستایانی پێداگۆجی و هاوبەشەکانی پێویستە.

هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە پرۆسەی خوێندن تەنها لە چوارچێوەی هۆڵەکانی خوێندندا قەتیس نەکەین، بەڵکو ئاوێتەی خەم و پرسەکانی کۆمەڵگەببین، خوێندکاران هان بدەین توانای بیرکردنەوە و داهێنانی خۆیان بەکار بهێنن بۆ چارەسەرکردنی کیشەو گیروگرفتەکانی کۆمەڵگە،

گوتیشى؛ گرنگە هەنگاو بنێین ئەم ڕیفۆرمە تەنها بۆ خوێندنی باڵا نەبێت، بەڵکو دەبێت کار بکەین بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی نیشتیمانی بۆ ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە قۆناغەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، هەر بۆیەش پلانمان هەیە کارئاسانی بۆ بەشداری هەموو مامۆستایانی زانکۆ بکەین بۆ ئەوەی بەشداری لەم کۆرسە ناوازەیە بکەن، بەشێک لە زانکۆکان دەستیان بەم کارە کردوەو ئێمە دەستخۆشیان لێدەکەین.

هەر لە دیدارى پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانەوتنەوە) د. ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان لە وتەیەکدا ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت کرد بۆ پەرەپێدانى پرۆگرامى پێداگۆجى و ئامانجەکانى ئەنجامدانى ئەم دیدارە بۆ پێداچونەوەى قوڵ و گرنگ بە پرۆگرامى پێداگۆجى.

هەروەک گوتیشى؛ لەم دیدارەدا پانێڵێک بە ناونیشانى رۆڵى پێداگۆجى لەبەرەو پێشبردنى کواڵتى پرۆسەى فێربوون پێشکەش دەکرێت، هەروەها لەڕێگەى شەش گرووپیشەوە کە لەسەر بنەماى شەش مۆدیۆڵى پێداگۆجى پێکهراوە پێشکەش دەکرێت، پێشتریش زنجیرەک کۆبوونەوە ئەنجامدراوە بۆ گفتوگۆکردنى بابەتەکان و ئەنجامدانى گۆڕانکارى پێویست لە ناوەرۆکى پرۆگرامەکان.

 

 

 

وۆرک شۆپێکی زانستی لە پەیمانگا بەڕێوەچوو

رۆژی سێ شه‌ممه‌ ڕێکەوتی ۲۰۲٥/٥/۱۳، لە ژێر چاودێر ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی خەبات بەرێز پ.ی.د. یوسف مصطفی رسول، بە ئامادەبوونی ڕاگری پەیمانگا و بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان، بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری هەلستان بە ئەنجامدانی وۆرک شۆپێکی زانستی بەناونیشانی ( گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن و گونجاندنی لەگەڵ پێویستی بازاڕی کاری سەردەم)، سەرەتا ڕاگری پەیمانگا ووتەی بەخێرهاتن و کردنەوەی وۆرک شۆپەکەی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد، دواتر سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری م.ی.سرود جلال عثمان و م.ی.فرست فاخر و م.ی.سۆزان سلێمان مغدید و م.ی.ازاد مقداد علی و م.ی.هۆگر محمد رسول و خاوەن کۆمپانیای بواری ئایتی و دەرچووانی بەشی ئایتی کە خاوەن کارن، هەر یەکە و بە جیا بابەتی خۆیان پێشکەش کرد، لەکۆتایی بڕوانامەی رێزلێنان بە بەشداربووان ئامادەکارانی ۆرک شۆپەکە بەخشرا.