Monthly Archives: ئایار 2025

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاوتوێی داهاتووی بەشە کشتوکاڵییەکان و هۆکاری کەمی خواستی قوتابیان لەسەر ئەم بەشانە دەکات

لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پەیمانگای تەکنیکی خەبات وۆرکشۆپێکی لەبارەی داهاتووی بەشە کشتوکاڵییەکان و هۆکاری کەمی خواستی قوتابیان لەسەر ئەم بەشانە ئەنجامدا.

لەسەرەتای وۆرکشۆپەکەدا کە پ.د.ازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ ئامادەی بوون، پ.ی.د.یوسف مستەفا رەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و راگری پەیمانگای تەکنیکی خەبات بە وەکالەت وتەیەکی پێشکەش کرد و لەدوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی بابەتی وۆرکشۆپەکە و ئامانجەکەی کرد و رایگەیاند کە بەمەبەستیانە لەم وۆرکشۆپەدا بە بەشداریی کەسانی پسپۆڕ و مامۆستایان زانستیانە تاتوێی داهاتووی بەشە کشتوکاڵییەکان بکەن و بگەنە دەرەنجاميک باش.

راگری پەیمانگای تەکنیکی خەبات بە وەکالەت ئاشکرای کرد کە ئامانجێکی دیکەی وۆرکشۆپەکە بریتییە لە تاوتوێکردنی هۆکاری کەمی خواست لەسەر بەشە کشتوکاڵییەکان کە ئەم بابەتە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە گشت بەشە کشتوکاڵییەکان زۆرینەی زانکۆکان ئەم کێشەیە بەدی دەکرێت، بۆیە دەکرێت ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆمان وەک سەرەتایەک پەرە و بایەخی زیاتری پێ بدرێت و کۆنفرانسی زانستی لەسەر ئاستی زانکۆکان بۆ ئەنجام بدرێت کە تیایدا هۆکارەکان دیاری بکرێت و چارەسەرییەکانیش بخرێنەڕوو، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ هەوڵ دەدەین بگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هۆکاری کەمی خواست لەسەر بەشە کشتوکاڵییەکان چین، ئایا چارەسەرکردنی ئەم هۆکارانە لە دەسەڵاتی ئێمەیە؟.

پاشان پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە راگرایەتی پەیمانگای تەکنیکی خەبات و رێکخەرانی وۆرکشۆپەکە کرد و رایگەیاند، ئەم بابەتەی ئەمڕۆ کە باسی لێوە دەکەن بابەتێکی زۆر گرنگە و پەیوەندی بە گشت بەش و کۆلێژە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆکانی کوردستانەوە هەیە.

سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە مامۆستایانی بەشداربووی وۆرکشۆپەکە کرد کە دەستپێشخەر بوونە بۆ ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپە و هیوای خواست کە لە داهاتوودا لەسەر ئاستی زانکۆ کۆنفرانسێکی زانستی ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی زانکۆ بەپێویستی زانی کە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆنفرانسێکی زانستی هاوبەش ئەنجام بدەن و تیایدا بە گرنگییەوە ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن چونکە ئەم بابەتە پێویستی بە دانانی پلان و ستراتیژی تایبەت هەیە بۆ گشت زانکۆکان.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی هیوای خواست ئەم کارەی پەیمانگای تەکنیکی خەبات ببێتە سەرەتا و دەستپێشخەرییەک تاوەکو لە داهاتوودا کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

لە کۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی لە رێکخەران و ئامادەبووان کرد و رایسپاردن کە دەرەنجامەکان و راسپاردەکانی وۆرکشۆپەکە بدەن بە زانکۆ تاوەکو لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی کوردستان کۆنفرانسێکی زانستی لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەن و بگەنە ئەنجامی باش.

پاشان پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە پەیمانگای تەکنیکی خەبات کرد بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی کە ئەنجامیاندا کە بابەتێکی گرنگ و ستراتیژی و نیشتمانییە کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە لە بابەتە ستراتیژییەکان دەستپێشخەر بووە.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە پێویستی زانی کە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندارەکان رۆڵی خۆیان ببینن لە دانانی پلان بۆ بەهێزترکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان کە دەبێتە هاندەر بۆ قوتابیان کە روو لە بەشە کشتوکاڵییەکان بکەن.

پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەی داهات کرد و رایگەیاند کە کشتوکاڵ سەرچاوەیەکی نەوتیی بەردەوامە، رەنگە رۆژێک لە رۆژان نەوت وەک سەرچاوەیەک بەرەو کەمبوونەوە و نەمان بچێت بەڵام ژیان بەبێ خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان مەحاڵە، هەربۆیە گرنگی دان بەم بابەتە وەک بابەتێکی ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی خۆراک ئێجگار گرنگە.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە پێویستە مانگانە بڕە پارەیەک وەک هاندان و پشتیوانی دارایی پێشکەش بە قوتابیانی بەشە کشتوکاڵییەکان بکرێت کە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بایەخدانی زیاتریان بە خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوە، هەروەها هاتوچۆی خۆڕایی بۆ مامۆستایان و قوتابیانی بەشە کشتوکاڵییەکان دەرەوەی سەنتەری شارەکان دابین بکرێت.

راشیگەیاند کە هاوتەریب لەگەڵ هەنگاوەکانی ‌حکوومەت، پێویستە کەرتی تایبەت رۆڵی خۆی لەم بابەتەدا بگێڕێت و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە خوازیارانی خوێندن و دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان هەرگیز بیر لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی و تەنانەت کەرتی تایبەتیش نەکەنەوە بەڵکو داهێنەرانە ببنە خاوەنی کار و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان تاوەکو بتوانن هەلی کار بۆ خۆیان و دەوروبەریشیان بڕەخسێنن لە هەمان کاتدا پڕۆژەکانیان پڕۆژەی بەرهەمهێنەر بن کە ئەم خۆی لەخۆیدا بەشدارییەکی گرنگ دەبێت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان، ئەمەش لە رێگەی پاڵپشتی ‌‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێدانی قەرزی بچووک بەو کەسانەی کە خاوەنی بیرۆکە و پڕۆژەن لەم بوارەدا.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەندیکای ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان کرد و رایگەیاند کە پێویستە ئەوانیش لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن لە رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان.

پاشان لە میانی پێشکەشکردنی چوار بابەتدا ناوەڕۆکی وۆرک شۆپەکە خرایەڕوو و دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە بابەتەکان دەوڵەمەندتر کران.

لە کۆتاییدا بڕوانامە بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.

کۆبوونەوەی وەرزیی رێکخەرانی سەنتەری پەرەپێدانی کار لە کۆلێژ و پەیمانگاکان بەڕێوەچوو

بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی  کارەکانی سەنتەری پەرەپێدانی کار، بە سەرپەرشتی پ.ی.د.هەتاو کەریم بەريوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار کۆبوونەوەی وەرزیی خۆی لەگەڵ رێکخەرانی سەنتەری پەرەپێدانی کار لە کۆلێژ و پەیمانگاکان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندنی پلانی شەش مانگی رابردوو سەبارەت بە پەرەپێدانی کارو پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و کەموکوڕییەکان و ئاستەنگەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردن، هەروەها هەڵسەنگاندنی ڕۆڵ و ئەدای رێکخەرەکانی سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کاری بەشەکان و ئامادەکردنی راپۆرتی گشتگیر سەبارەت بە گشت چالاکییەکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی پلانی مەشقی هاوینە و گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی مەشق هاوینە و مەشق و ڕاهێنان بوو لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات بێت بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی بەشە جیاوازەکان لە پرۆسەی مەشق و ڕاهێناندا.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر بەدواداچوون بۆ پلانی راگەیاندراوی پەرەپێدان و ئەبدیتکردنەوەی پرۆگرامەکانی خويندن کە لە ئێستادا دەبێت گشت بەشە جیاوازەکان بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بێت و گونجاو بێت لەگەل بازاری کاردا.

لە کۆتایدا گفتوگۆ سەبارەت بە پلانی شەش مانگی داهاتووی سەنتەری پەرەپێدانی کار و سوود وەرگرتن لە کەموکوڕییەکانی ئەم ساڵ گفتوگۆ و لەسەر کرا و بە وەرگرتنی تێبینی و پێشنیازەکان کۆبوونەوەکە کۆتایی هات…

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەشدا… ئامادەبووان کران بە دوو گروپ و دابەش کرابوون بەسەر گرووپی ستافی CDC و ئەکادیمییانی CDC … گفتوگۆ کرا سەبارەت بە پلانی داهاتووی CDC بۆ یەک ساڵ وپێنج سالی و 10 ساڵیدا کە ئامادەکارییە لە چوارچێوەی پرۆژەی رایز کە زانکۆمان لەگەڵ حەوت زانکۆی هەرێمی کوردستان و ئەورووپا ئەنجامی دەدەن و گفتوگۆی تیروتەسەل کرا.

 

ئاهەنگی وێنەگرتنی دەرچوونی قوتابیانی پەیمانگە بەڕێوەچوو

رێکەوتی (٧ ی ئایاری ٢٠٢٥ )ئاهەنگی وێنەگرتنی دەرچوونی قوتابیانی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر/ بەیانیان و ئێواران بە ئامادەبوونی بەڕێز ( پ.ی. د. تیران جمیل پیرۆ) راگری پەیمانگە و بەرێز ( د. طارق ويسي صادق ) یاریدەدەری راگر و سەرجەم سەرۆک بەش و مامۆستایانی پەیمانگە بەڕێوەچوو.

       هۆبەی راگەیاندن و چالاکیەکان      

وۆرک شۆپێکی زانستی لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی لە کەمپی یەکی زانکۆمان بەڕێوەچوو

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.مراد امیر احمد ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و میوانان، وۆرک شۆپێکی زانستی لەژێر ناونیشانی ( Strategic Curriculum Planning for Radiologic Technology to Meet Futur Workforce Needs ) بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای وۆرک شۆپەکەدا ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی وتەی بەخێرهاتن و کردنەوەی وۆرک شۆپی پێشکەش کرد.

 دواتر سەرۆکی زانکۆ لە وتارێکدا ئاماژەی گرنگی ئەنجامدانی سیمینار و ۆورک شۆپ لە کۆلێژ و پەیمانگەکان کرد و پاڵپشتی خۆی و تیمەکەی لە ئەنجوومەنی زانکۆ دووپاتکردەوە هەر کۆنفڕانس و ۆورک شۆپێک لە بەرژەوەندی پێشکەوتنی زانکۆ و زانست بێت، بێ دوو دڵی پاڵپشتی دەکەین تا ئەوەی لە ڕووی جیهانییەوە زانکۆمان زیاتر بناسرێت.

پاشان ناوەرۆکی وۆرک شۆپ لەلایەن (د.ئازا اسماعیل عبدی ) و (م. ڕێبەر ڕۆستەم رسول) روونکرایەوە و ئامادەبووان کران بە چەند گرووپێک تاوەکو بەشێوەی پراکتیکی چەند چالاکییەکی تایبەت بە وۆرک شۆپەکە ئەنجام بدەن.

لەکۆتایی لەلایەن ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکییەوە بڕوانامەی بەشداربوون دابەش کرا.