رۆژی پێنج شەممە 7ـی ئەیلولی 2023، سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمەد تاهیر هەرکی، پێشوازی کرد لە بەڕێز DE WILDE Roeland بەڕێوبەری جێبەجێکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و محەمەد دلێر فەیسەڵ بەرپرسی کەمکردنەوەی مەترسی رووداوەکان لە رێکخراوی ناوبراو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا دەربارەی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆمان و رێکخراوی ناوبراو کە لە ماوەی رابردوو واژووکرابوو، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەتی شاری هەولێر لەرێگەی (EPU_Youth Mappers Students chapter) کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک مامۆستا و قوتابی زانکۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە شاری هەولێر.
یەکەمین کاری پێکەوەیی زانکۆمان لەگەڵ رێکخراوی ناوبراو پڕۆپۆزەڵێک ئامادەکرا بۆ چارەسەرکردنی گرفتی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لە هەندێک ناوچەی شاری هەولێر و پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرا دوای وەرگرتنی رەزامەندی بڕیارە لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە هەماهەنگی زانکۆمان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.