شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی زانکۆی بیلەفێلد بۆ زانستە پراکتیکیەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکەن

لە سەر بانگهێشتی فەرمی زانکۆی بیلیفێڵدی ئەڵمانی بۆ زانستە پراکتیکیەکان، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییان کرد لە چالاکیەکانی هەفتەی نێودەوڵەتی زانکۆی بیلیفێڵد، کە لە 8ـی ئایار تاکو 12ـی ئایاری 2023 بەردەوام بوو.

لە چالاکییەکەدا نوێنەری زانکۆکانی 31 وڵات بەشدار بوون وە زانکۆکەمان یەکێک بوو لە زانکۆ بەشداربووەکان. کە تیایدا چەندین سیمینار و چالاکی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا.

شاندی زانکۆمان پێکهاتبوون لە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵڵا، بەرێوەبەری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، و هەر لە پەراوێزی چالاکییەکەدا شاندی زانکۆمان چەندین دیدار و کۆبۆنەوەیان لەگەڵ بڕیار بەدەستان و توێژەر و پرۆفیسۆرەکانی ئەم زانکۆیە ئەنجامدا بە مەبەستی فراوانکردنی ئەو پەیوەندیە ئەکادیمی و فەرمیەی لە ساڵی 2019 ــەوە لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆ ئەڵمانیەکەدا هەیە.

لە کۆبوونەوەکاندا زۆر بابەتی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی قوتابیان و ئەنجامدانی توێژینەوەی پرۆژەکانی قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا بە هاوبەشی گفتوگۆی جددی لەسەرکرا، سەرەرای ئەنجامدانی کۆنفرانس و توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان ستافی هەردوو زانکۆ.

هەروەها بڕیارە سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژە تایبەتمەندەکان لە هەردوولا وردەکاری جێبەجێکردنی پرۆسەکان دابڕێژن.

شایانی باسە مامۆستا موئەیەد ئیسماعیل عوسمان مامۆستای توێژەر لە زانکۆی بیلەفێڵد، کە بەرەچەلەک خەڵکی هەولێرە، هاوکارێکی گرنگ بوو لە رێکخستنی پەیوەندی و ئامادەکاری و بە ئەنجام گەیاندنی کۆبوونەوەکان.