سەرۆکى زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامە بە بەشداربووانى خولى ئینتێرنشیپ دەبەخشێت

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتى سەنتەری گەشەپێدانی کار (سی.دی.سی.)ى سەرۆکایەتی زانکۆکەمان، خولێکی دوو مانگە بۆ ژمارەیەک لە پەنابەرانی سووری نیشتەجێی سنووری شاری هەولێر و قوتابیانی زانکۆکەمان کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ى نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د.نەجیب تۆما بتو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا،  م.کۆڤان عومەر بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی کار(سی.دی.سی.) ،بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری، کارگێڕی و دارایی سەرۆکایەتی زانکۆکەمان، ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابیانى زانکۆ کۆتایی بە خولێکى (ئینتێرنشیپ) هێنرا.

بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی کار م.کۆڤان عومەر لە گوتەیەکدا سەرەتا بەخێرهاتنی ئامادەبووانى کرد، دواتر باسی لە کار و چالاکییەکانی سەنتەرەکەیانی کرد و ئەو پرۆژانەی کە لە پڕۆگرامی کارەکانى داهاتوویاندایە خستەڕوو.

پاشان پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە گوتەیەکدا پیرۆزبایی لە بەشداربووانى خولەکە کرد ودەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەنتەری گەشەپێدانی کارى سەرۆکایەتی زانکۆمان کرد بۆ کۆشش و ماندووبوونیان بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆکەمان.  

سەرۆکى زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی ووتى”سەرۆکایەتى زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی و هاوکاری ستافی ئەکادیمى و کارگێڕی زانکۆکەمان تیشکى خستۆتە سەر بەستەوەى زانکۆ بە کۆمەڵگە. ئەم جۆرە خولانە لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوانەن بۆ بەرەوپێشبردن و گەسەندنى تاکەکانى ووڵاتەکەمان”. هاوکات رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانیان بۆ کردنەوەی خولی هاوشێوە تاوەکو لەو رێگەیەوە بەشداربووان بتوانن دەرفەتی زیاتری هەلی کاریان بۆ بڕەخسێت.

شایەنى باسە لە خولەکەدا١١٠ کەس بەشداربوون، بە هەماهەنگی و کۆمەکی دارایی ڕێکخراوى سپارکی نێودەوڵەتی هۆلەندی  لە رێگای وەزارەتی دەرەوەی هۆلەندا لە ماوەی دوو مانگدا لە هەریەک لە بوارەکانی زمانی ئینگلیزی، بزنس و مارکێتینگ مەشقیان پێکرا.

 لە کۆتایى ئەم بۆنەیە، دەرچووان بڕوانامەی باوەڕپێکراوی رێکخراوی سپاڕکی نێودەوڵتى هۆلەندی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان پێ بەخشرا کە پاڵنەر و هۆکارن بۆ زیاتر رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا.