رۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ١٦ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى و گەشەپێدانى هەرێمى ٢٠٢٢، لەژێر ناونیشانی (بەرەو زانستە کۆمەڵایەتییە کردارییەکان) لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر، زانکۆی پۆلیتەکنیکى دهۆک و زانکۆى )یو.تی.ئێچ.ئێم)ـی مالیزى لە شاری دهۆک دەستی بە کارەکانی کرد کە بۆ ماوەی دوورۆژ بەردەوام بوو.
بە چاودێرى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئامادەبونى پ.د. ئیدریس محەمەد طاهر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر، پ. د. ئاری عادل سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، ستافی ئەکادیمى زانکۆی (یو.تی.ئێچ.ئێم)ـی مالیزى، ژمارەیەک لە یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان، ستافی ئەکادیمى، و توێژەری زانستى و کۆمەڵایەتى بیانى و کوردی و عەرەبی سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى و گەشەپێدانى هەرێمى ٢٠٢٢، (بەرەو زانستە کۆمەڵایەتییە کردارییەکان) دەستیپێکرد.
سەرەتا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک پ.د. ئاری عادل بەناوى هەرسێ زانکۆکە وتارێکى پێشەکەش کرد کە تیایدا ئاماژەیدا بە ژمارە و ناوەرۆکی توێژینەوەکان کە پێکهاتوون لە ١٢٦ توێژینەوەى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى لەبوارەکانى ئامار و ئابوورى، کارگێرى، دارایى و بانک، ژمێریارى، راگەیاندن و زمان کە پێشکەشى کۆنفڕانسەکە کراون. لە کۆی گشتى توێژینەوەکان ١١٤ توێژینەوە ڕەزامەندى لەسەر دراوە کە لێژنەیەکى تایبەت هەڵسەنگاندنیان بۆ کردوون و لەماوەى دوو رۆژى کۆنفرانسەکە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
دواتر لە پانێڵى سەرەکى کۆنفرانسەکە تیشک خرایە سەر ئاراستەی پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا و کاریگەرییە لاوەکییەکانى لەسەر پەیوەندییە ئابووری، کۆمەڵایەتى، و تەنانەت زانستییەکانیش کە بەپوختى و ووردی باسکران.
لە رۆژی دووەمی کۆنفڕانسەکەدا سێشنەکان بەردەوام بوون کە تیایدا توێژەرەکان توێژینەوەکانى خۆیان پێشکەشکرد و بۆچوون و سەرنجی ئامادەبووانیشیان وەرگرت و گفتوگۆیان لەبارەیانەوە کرد.
بەر لە کۆتاییهاتنی کۆنفڕانسەکە، سەرۆکی زانکۆمان پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وتەیەکى پێشکەشکرد. لە دەستپێکدا پیرۆزبایی لە توێژەرەکان کرد کە توێژینەوەکانیان پەسند کراون و لە دوو رۆژی کۆنفرانسەکە بە سەرکەوتوویى پێشکەشیان کرد هاوکات سوپاسی لێژنەی باڵای هەڵسەنگاندنى توێژیەنەوەکانى کرد.
دواتر باسى لە ئامانجە گشتی و تایبەتییەکانی کۆنفرانسەکە کرد و ووتی: ” ئەو کۆنفرانسە بێجگە لە ئامانجە سەرەکییەکانى توانی توێژەرانی هاوپسپۆڕ لەیەک نزيک بکاتەوە بۆ ئەوەی دوایین کار و توێژینەوەكانیان بخەنەڕوو و تاوتوێی بکەن، هەروەها سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن.” سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر تیشکی خستە سەر ئامانجە تایبەتییەکەی ئەو کۆنفرانسە ووتی؛ لە ناونیشانی کۆنفرانسەکەدا دیارە گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى و گەشەپێدانى هەرێمى ٢٠٢٢، بەرەو زانستە کۆمەڵایەتییە کردارییەکان کە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا گۆرانکاری بەردەوام لە کۆمەڵگە روودەدات، دەرەنجام کێشە و گیروگرفتی جیاواز تووشی کۆمەڵگە بوونەتەوە. لە درێژەى ووتارەکەی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی ووتی: “زانستە مرۆڤایەتیيەکان بەگشتی لە رواڵەتدا پشت دەبەستن بە چەند بيرۆکەیەک کە بە بڕوای ئێمە لەم سەردەمەدا باوی نەماوە کە تەنها توێژینەوەکان پەیوەست بن بەم بیرۆکانە بەڵکو دەبێت زانستی جێبەجێکار پەیڕەو بکرێت و ئالیات و تەکنۆلۆژیای سەردەم بەکاربهێنرێت. بۆیە هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دهۆک بەهەماهەنگی و هاوکاری زانکۆی مالیزی ئەم کۆنفرانسەیان رێکخست. خۆشبەختانە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات بە هەوڵ و ماندووبوونی لێژنەکان کە ماوەی شەش مانگ زیاترە کاردەکەن. ئومێدەوارین لە ئاییندەیەکى نزیکدا کارو چالاکی تر هاوشێوەى ئەم کۆنفڕانسە ئەنجامبدرێت. لە کۆتایی ووتەکەی سوپاسگوزاری خۆى ئاڕاستەى لێژنەى باڵای زانستی و ئامادەکاری کۆنفڕانس کرد.
ئامانجى سەرەکى ئەم کۆنفرانسە کۆکردنەوەى توێژەرانى زانکۆکانى کوردستانە لەبوارى زانستە کۆمەڵایەتییەکان و رەخساندنى دەرفەتە بۆ قوتابیان و خوێندکارانى خوێندنى باڵاى ماستەرو دکتۆرا تاکو لەم کۆنفرانسە توێژینەوەکانیان بڵاوبکەنەوە، هەروەها هاندان و هاوکارى لەنێوان زانکۆکان و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکان لە گۆڤارە زانستییە نێوخۆیى و نێودەوڵەتییەکان. دیدگایەکى ترى ئەم کۆنفرانسە چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگەیە بەشێوەیەکى زانستى لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، بەستنەوەى بابەتى توێژینەوەکان بەکێشەکانى کۆمەڵگە، و بایەخدانى زیاتر بەو بوار و پسپۆڕییانەى کاریگەرى لەسەر چینە جیاواز و جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگە هەیە. لە کۆتایی کۆنفڕانسەکە خەڵات و دیاری پێشکەش بە توێژەران و لێژنەى باڵای زانستی و ئامادەکاری کۆنفڕانس كرد.