Daily Archives: ئه‌یلول 22, 2020

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی ڕێزلێنان دەبەخشێتە بەشداربووانی خولی خوێندنی ئەلیکترۆنی

رۆژی سێ شەممە رێککەوتی 22ـی ئەیلولی 2020 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە تیمی بەشداربوو لە خولی (خوێندنی ئەلیکترۆنی) کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان و عێراق بە هاریکاری لەگەڵ ڕێکخراوی ئایرێکس ی ئەمریکی بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە بەشداربووان کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن هەروەها باسی لە گرنگی خولەکە کرد وتی پێویستە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ بارودۆخەکە و پرۆسەی خوێندن دوا نەکەوێت .

خولەکە لەژێر ناونیشانی ((پرۆگرامی ڕاهێنانی هونەری و ئامادەکردنی ستافی ئەکادیمی بۆ خوێندنی ئەلەکترۆنی)) بەرێوەچوو تیمی بەشداربوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکهاتبوون لە 10 ئادمین لە بەشە جیا جیاکانی کۆلێژو پەیمانگەکان کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراو ماستەرو بەکەلۆریۆسن لە بوارەکانی کۆمپیوتەر و سستەمی زانیاری، تاکو لە دوای تەواوکردنی خولەکە زۆرترین ستافی ئەکادیمی سوودمەند ببن لەو چالاکی و ڕاهێنانەی کە ئەدمینەکان پەیڕەوی بوون و ئەنجامیان داوە لە ماوەی خولەکە.

کۆی گشتی بەشداربووانی خولەکە (885) ستافی ئەکادیمی پێکهاتبوو لە زانکۆ حکومی و ئەهلییە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە پێکهاتبوو لە پرۆگرامێکی پوخت دەربارەی خوێندنی ئەلەکترۆنی کە لە 3 یەکەی سەرەکی پێکهاتبوو هەر یەکەیەک 3 وانەی لەخۆ دەگرت, هەر هەفتەیەک 2 وانە ئەخوێندران هەر وانەیەک 2 کاتژمێری دەخایاند بێجگە لە چەندین کۆبوونەوە لە دوای وانەکان بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەکانی بەژداربووان.