Blog

راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە شاری دوبەی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی زانستی ئەنجامدا

راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە شاری دوبەی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی زانستی ئەنجامدا

هەفتەی رابردوو د.طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی زانستی بەرهەمداری ئەنجامدا لە بوارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەئەکادیمیەکان و کاری هاوبەشی زانستی و ئەکادیمی نێوان پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر- زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆکانی وڵاتی ئیمارات.

رۆژی چوارشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2024، لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئەکادیمیەکان، سەردانی زانکۆی ولۆنگۆنگ لە دوبەی- ئیمارات کرد

لە دیدارێکدا لەگەڵ تاتیانا یەکیمۆڤا بەرپرسی کاروباری پەیوەندییەکانی زانکۆی ولۆنگۆنگ، گفتوگۆکرا لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەو بوارە هاوبەشانەی لە نێوان زانکۆی ناوبراو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەیە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بتوانن لە بوارەکانی پێشخستنی توانا مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕی قوتابییان و ستاف و مامۆستایان سوود لەیەکتر وەربگرن، هەروەها کارکردن لەسەر توێژینەوەی زانستی وۆرکشۆپی هاوبەش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

رۆژی دواتر واتا رۆژی پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، راگڕی پەیمانگە سەردانی زانکۆی دوبەی کرد و لەلایەن پرۆفیسۆر حسێن ئەلئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پەیوەندییە ئەکادیمیەکان و پرۆفیسۆر واثق مەنسور راگری کۆلیژی ئەندازیاری و تەکنەلۆجیای زانیاری بەفەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا، دوای کورتەیەک باسکردن لە بارەی رەوشی گەشەسەندنی کوردستان وەک نمونەیەکی جوان لە پێکەوەژیان، باسیان لە ستراتیژی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کرد لە بواری بەنێودەوڵەتی بوون. هەروەها تیشک خرایەسەر دروستکردنی پەیوەندی ئەکادیمی و پەرەپێدانی ئەو بوارە زانستییە هاوبەشانەی لە نێوان پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر / زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و زانکۆی دوبەی هەیە و کاریان لەسەر بکرێت.

ئەو بوارانەش پێکهاتوون پێشکەوتنی توانا ئەکادیمیەکان ئاڵوگۆڕی قوتابییان و راهێنانی ستاف و مامۆستایان و ئەنجامدانی چالاکی و توێژینەوەی زانستی هاوبەش. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە وزەی نوێبووەوە و بەتایبەت کە ئەندازیارانی کە زانکۆی ناوبراو دەستپێشخەر بوون لە دامەزراندنی پرۆژەیەکی وزەی نوێبووەوە کە کارەبای زانکۆکەی دابین کردووە و بەشێکیشی لێ دەفرۆشنەوە، ئێمەش وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشی وزەی نوێبووەوەمان هەیە و دوو تاقیگەی پشکەوتووش بۆ بەشەکە دابینکراون، لەچوارچێوەی سراتیژیەتی زانکۆیە کە کار بکرێت لە بواری وزەی نوێبووەوە بۆ ئەو مەبەستەش بوونی هەماهەنگی نێوان هەردوو زانکۆکە کلیلێکە دەتوانرێت لە ئایندەدا پەرە بە پرۆژە و تاقیگە و بەشە زانستییەکان بدرێت بەردەوامیش بن، بەتایبەت لەگەڵ زانکۆی دوبەی کە یەکێکە لە زانکۆ حکومییە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتە.

هەر لەو سەردانەدا راگری پەیمانگە گەشتێکی بە نێو تاقیگەکانی زانکۆی ناوبراودا کرد لە بواری ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا و ئەلیکترۆنیک.

جێگەی ئاماژەیە راگری پەیمانگە دوای دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆی ولۆنگۆنگ و دوبەی، دیاری لۆگۆی پەیمانگە و زانکۆمانی لەگەڵ تابلۆیەکی سروشتی جوانی کوردستان پێشکەش کردن.

پێنج قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفرانسێکی زانستی گەشتی وڵاتی ئیمارات دەکەن

ئەمڕۆ پێنج شەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024،  پ.ی.د نەجیب توما بتو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی پێشوازی کرد لە پێنچ قوتابی زانکۆمان کە بڕیارە بەرەو زانکۆی العین بۆ وڵاتی ئیمارات گەشتی زانستی بکەن بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆنفرانسی ساڵانەی زانکۆی ناوبراو.

لەو کۆبوونەوەیدا کە پ.ی.د. د.ڕەنج سیروان بەرێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی بوو، د. نەجیب هیوای سەرکەوتنی بۆ قوتابییان خواست و پاڵپشتی تەواوی بۆیان دەبری، و داوای کرد گەشتەکەیان بەشێوەی رێک و پێک ئەنجام بدەن و کەلتوری وڵاتمان بگەیەننە ئەو وڵاتە، هەروەها گوێی لەڕاوبۆچوون و پرسیاری ئەوان گرت.

ئەو قوتابیانە پێنچ قوتابین و ماوەی پێنچ ڕۆژ لەو زانکۆیە دەمێننەوە، هەروەها لەڕێگای پێشکەشکردنی توێژینەوەکان ناویان بۆ ئەو گەشتە دەرچووە و بەشداری دەکەن لە کۆنفرانسی ساڵانەی قوتابیان بەناوی (المٶتمر الطلابی السنوی لجمعیە عمادات شٶون الطلبە 2024)، کە ئەمڕۆ سەفەر دەکەن و 2/22 گەشتەکەیان کۆتایی دێت.

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین کۆڕبەندی ساڵانەی خۆی ئەنجام دەدات

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین کۆڕبەندی ساڵانەی خۆی ئەنجام دەدات

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لە سەرەتای مانگی ئاداری 2024، یەکەمین کۆڕبەندی زانستی ساڵانەی خۆی لە ژێر ناونیشانی (بارزان بەرخودان و خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی : پەروەردەوفێرکردن و ژینگەپارێزی و پێکەوەژیان) رێکدەخات.

لەمیانی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکەدا مەراسیمی رێزلێنان بۆ ئەو بەرێزانەی کە هەڵگری نازناوی ” پرۆفیسۆر”ن و خەڵکی ناحیە و گوندەکانی سنووری قەزای مێرگەسۆرن، رێکدەخات. بۆ ئەم مەبەستە داوا لەو بەرێزانە دەکەین کە هەڵگری ئەو نازناوەن بەسوپاسەوە ئەم فۆرمەی خوارەوە پربکەنەوە.

https://docs.google.com/forms/d/16NAy-I9OXHAa_noQDwRbvV3Z4ofBIZrp-bgwNb93Kl4/edit

دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر دۆلاب و سۆبە بۆ قوتابییانی بەشەناوخۆییەکانی پەیمانگە دابین دەکات

دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر دۆلاب و سۆبە بۆ قوتابییانی بەشەناوخۆییەکانی پەیمانگە دابین دەکات

رۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی 9ـی کانوونی دووەم 2024 دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر، (40) سۆبەی جۆری تۆربۆ و (40) دۆلاب بەسەر بەشەناوخۆییەکانی کچان و کوڕانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دابەشکرد.

بەناوی راگرایەتی پەیمانگەوە سوپاسی بێ پایانی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین بۆ پشتیوانی و هاوکاری بەردەوامیان بۆ پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و قوتابیانی پەیمانگە.

ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر