Blog

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی کرد کە بڕیارە گەشتی مالیزیا بکەن بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 9ـی ئابی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی زانکۆمان کرد کە بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆکانی جیهان گەشتی وڵاتی مالیزیا بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە.


لە دیدارێکدا کە هەریەک لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و قوتابییان، بەرێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی هۆبەی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ کورتەیەکی دەربارەی وڵاتی مالیزیا و پێشکەوتنەکانی لە گشت بوارەکان باسکرد بەتایبەتی لە بواری زانستی و ئەکادیمی و کلتوری پێکەوەژیان لەو وڵاتە.


هەروەها بەرێزیان هیوای خواست کە گەشتی بەدەستهێنانی زانست و زانیاری بێت بۆ قوتابییان و پاڵپشتی تەواوی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ دەربڕین و بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی راسپارد کە بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بن.


هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆ رێنمایی قوتابییانی کرد کە هەوڵ بدەن لە سیمنار و چالاکییەکانیاندا لەو وڵاتە باسی پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانی کوردستان بکەن لە بوارەکانی زانستی، ئەکادیمی، ئاوەدانی و ئەو کلتوری پێکەوە ژیانەی کوردستان کە لە نێوان نەتەوە و ئایینەکاندا هەیە.


لە بەرامبەردا قوتابییان زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە تا لەرێگەیەوە قوتابییان ئاشنابن بە ئەزمون و کلتوری وڵاتان، هەروەها داوایان کرد کە ئەم جۆرە گەشتانە لە ساڵانی داهاتووش بەردەوام بن بۆ قوتابییان.

قوتابیانی میوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەکەن

لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پڕۆگرامی ئالۆگۆڕی قوتابیان لەگەڵ زانکۆکانی جیهان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 7ـی ئابی 2022 شاندێکی قوتابیانی زانکۆکانی (نجاح الوطنية)ـی فەڵەستینی، پۆلیتەکنیکی فەڵەستینی و (نزوى)ـی عوممانی سەردانی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریان کرد.


لە میانەی سەردانەکەیاندا بەش و تاقیگەکانیانی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوەیان بەسەرکردەوە و بەشدارییان لە چەند چالاکییەک کرد. دواتر سەردانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆریان کرد و لە سمینارێکدا بۆ قوتابییانی میوان لە راگری پەیمانگەی ناوبراو رۆشنیایی خستە سەر گرنگی و ستراتیژیەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئێستا و ئایندە. پاشان تیشکی خستە سەر مێژووی گەلی کورد و کوردستان ئەو مەینەتیانەی بەسەر گەلی کوردا هاتوون وەک جینۆسایدکردن و کیمیابارانکردنی گەلی کورد، و ئەو پێشکەوتنانەی کوردستان بەخۆیەوە بینیویەتی بە تایبەتی لە رووی کەلتوری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لە بیروڕا جیاوازەکان. هەروەها قوتابیانی میوان سەرسامی خۆیان بە پێشکەوتنەکان و ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان و کەلتوری پێکەوە ژیان و رۆشنبیری هاوڵاتیانی کوردستان دەربڕی.


هەر لەمیانەی سەردانەکەدا قوتابییانی میوان سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد لە بارزان و تاجە گوڵینەیان لەسەر گلکۆی نەمران دانا، پاشان سەردانی مۆنۆمێنتی جینۆسایدی ئەنفالکراوانی بارزانیان کرد.

کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى و پزیشکى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر خولێکى راهێنانى بەڕێوەبرد

بەشی چارەسەری سروشتى کۆلێژى تەکنیکى تەندرووستى و پزیشکى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر خولێکى راهێنانى لەژێر ناونیشانى (تەکنیکى تازەى چارەسەری سروشتى) پێشکەشکرد کە چوار رۆژى خایاند لە رێکەوتى 1ـی ئاب تاوەکو 4ـى ئابى 2022.
ئەم خولە  تایبەت  بوو بە قوتابیانى قۆناغی سێ و  یاریدەدەری تەکنیککارانى تاقیگە کە بەشێوەى پراکتیکى و تیۆری ئەنجامدرا.

خولەکە لەلایەن دکتور مەهدی خالد سەرۆکی بەشی چارەسەری سروشتى و یاریدەدەری تەکنیککارانى تاقیگەى چارەسەری سروشتى ماردین سەلیم و إسماعیل محسن محمد بەڕێوەچوو.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ دەکات

رۆژی سێشەممە رێکەوتی 2ـی ئابی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی لە ئۆفیسی خۆی پێشوازی لە شاندێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەڵگەکانی تاوان کرد.

شاندەکەی وەزارەتی ناوخۆ پێکهاتبوون لە بەرێزان عمید سەرکەوت جلال حسن، عقید ئاراز محمد مولود و نقیب ئاراس لطیف حمد، لە دیدارێکدا کە هەردوو راگری پەيمانگەى تەكنيكى پزيشكى هەولێر پ.ی.م ئومێد ئەرشەد حەوێزی و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی هەماهەنگى زیاتر بە مەبەستی دابين كردنى پيداويستى بۆ قوتابيانى بەشى بەڵگەكانى تاوان لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر له رووى تاقيگه و مامۆستاى پراكتيكى و خۆئامادەكردن بۆ ساڵى نوێى خويندن.