Blog

شەش مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی باوەڕپێکراوی کامپڵەس-یان پێبەخشرا

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا د. محمد کەلاری، بەڕێوبەری گشتی خوێندن و پلاندانان د. خەتاب ئەحمەد و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و میوانان و بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ، لە مەراسیمێکدا بڕوانامەی راهێنەریی باوەڕپێکراوی کامپڵەس بەخشرایە شەش مامۆستای زانکۆمان.


مەراسیمەکە رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 1ـی شوباتی 2023 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو. سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و هاوبەشانی ئەوروپی و مامۆستایان و قوتابیان و پەنابەرانی کرد و
وتی: پیرۆزبایی لە مامۆستایانمان دەکەم بۆ بەدەستهینانی بڕوانامەی راهێنەری شایستە زانکۆ وەکو دەزگایەکی ئەکادیمیی کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی مەعریفە و ئەنجامدانی توێژینەوە و کاری خزمەتکرنی کۆمەڵگە. لە ئێستادا پەیوەندی زانکۆ بە کۆمەڵگەکەی بووەتە، پێویستییەک بۆ لایەنی ئابووری بۆ دابینکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و هەروەها بۆ چارەسەر کرنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، لەم رووەشەوە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە یارمەتی کۆمەڵگە بدات بۆ ئەوەش کاری باشی کردووە و بەردەوامیش دەبێت.


هەر لەو روانگەوەیەشەوە دەروانینە پرۆژەی (کامپڵەس) کە پرۆژەیەکی 3 ساڵەیە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە لە ڕێگەی (ئیراسمس پڵەس)‏ پرۆگرامەوە کۆمەکی دارایی دەکرێت. و ئامانج لێی یارمەتیدانی پەنابەر و کەمدەرامەت و دەرچووانی زانکۆکەمانە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان تاکو ببنە خاوەن کار و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ئەم هەرێمە هەروەها زەمینەسازییان بۆدەکات تاکو بتوانن کارامەییەکانیان لە بازاری کاردا بەکاربهێنن.


ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خۆشحاڵین کە متمانەمان پێکراوە لە لایەن هاوبەشەکانمانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لە هەولێر.
هەروەها وتیشی : بەرێزان دەمەوێت هەندێک زانیاری دەربارەی پرۆژەکە بخەمە روو:
ئەم پڕۆژەیە لە لایەن حەوت ڕێکخراو، زانکۆ و پەیمانگە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و یۆنان، هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی شوباتی 2021 دەستیپێکرد کە تیایدا ڕاهێنان بە گەنجانی کەمدەرامەت و پەنابەر لە هەولێر و لاریسا لە یۆنان دەکەن.

‏بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی رابردوودا ئامادەکاریمان کرد و شەش مامۆستا لە زانکۆکەمان چوونە ئیتاڵیا و لە لایەن هاوبەشی ئیتاڵی ڕاهێنانیان پێکراوە لە بواری پەرەپێدانی پرۆژە و گرنگیدان بە فێربوونی بەردەوام (تعلیم مستمر)، ئەمڕۆش وەک هەنگاوێکی گرنگی پرۆژەکە ئەو مامۆستایانە بڕوانامەی راهێنەری شایستەیان پێ دەبەخشرێ و لەمەودوا دەتوانن بە پشتبەستن بە توانا و لێهاتوویی خۆیان سەرپەرشتی راهێنانە جیاوازەکانی ناو کامپەکان بکەن.


ئەم یرۆژەیە جەخت لەسەر پشتبەخۆبەستنی گەنجان و کەمدەرامەت و پەنابەران دەکات بۆ ئەوەی ببنە خاوەن پرۆژەی خۆیان و لە رێگەیەوە هەلی کار برەخسێنن بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.
ئێمەش لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کار دەکەین لەسەر دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆکەمان و بەستنەوەی زانکۆکەمان بە دام ودەزگا گشتی و تایبەتییەکان.
ئەوەی جێگەی دەستخۆشییە لەڕێگەی پرۆژەی کامپڵەسەوە مۆدێلێک پەرەی پێدراوە زیاتر گرنگی دەدات بە فێربوونی بەردەوام کە ئەم بابەتانە لەخۆ دەگرێت: (توانای خۆبەڕێوەبردن، هەڵسەنگاندن، ڕاوێژکاری و رابەرایەتی و بەڕێوەبردنی راستی و دروستی (بەڵگە). هەروەها دروستکردنی پلاتفۆرمی فێربوونی ئەلیکترۆنی.


پاشان دەستکرا بە پێشکەش کردنی چەند سیمنارێک لە لایەن هاوبەشەکان کە تیایدا هەریەکەیان بە جیا باسی رۆڵی دەمەزراوە و وڵاتەکەی خۆیان کرد لە پرۆژەکە.
دواتر لە لایەن مامۆستا هەورۆ کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی بڕوانامەی کامپڵەسی پێبەخشرا سیمنارێک پێشکەش کرا لەسەر شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی خولەکانی ناو کەمپەکانی هەولێرکە لە ئێستادا دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
لە کۆتاییشدا لە لایەن هاوبەشەکانەوە بڕوانامەی راهێنەریی شایستە و لێهاتوو بەخشرایە مامۆستایانی زانکۆمان.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە هاوبەشانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پرۆژەی (کامپڵەس) دەکات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 31ـی کانونی دووەمی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی پێشوازی کرد لە هاوبەشانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پرۆژەی (کامپڵەس) کە پێکهاتبوون لە حەوت دامودەزگای نێودەوڵەتی لە ووڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا ویۆنان.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرس و راهێنەرانی پرۆژەی ناوبراو لە زانکۆمان ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی هاوبەشانی ئەوروپی لە پرۆژەی کامپڵەس کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کارکردنی هاوبەشی نێوان زانکۆمان و دامودەزگا ئەوروپییەکان، هەروەها سوپاسی هاوبەشانی کرد کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان دەستنیشان کردووە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی کامپڵەس، هەروەها ئامادەیی زانکۆی نیشاندا بۆ هەرکارێکی پێکەوەیی بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەنجان و قوتابیانی کوردستان و پەنابەرانی کەمپەکان.

شیاوی باسە شەش مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵی رابردوو بەشداری خولێکی تایبەتیان لە وڵاتی ئیتاڵیا کرد بەمەبەستی بوون بە راهێنەر لەم سەردانەی شاندی دامودەزگاکاندا بروانامەی راهێنەرییان پێ دەبەخشرێ.

ئەم پرۆژەیە بە کۆمەکی دارایی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت کە ئامانج لێی یارمەتیدانی پەنابەران و دەرچووانی زانکۆکەمانە لە بەرەوپێشبردنی پرۆژەکانیان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خەڵات و رێزلێنان دەبەخشێتە دوو قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 31ـی کانونی دووەمی 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر خەڵات و ڕێزلێنانی پێشکەش بە قوتابیانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە پێشبڕکێی هواوی (ئای.سی.تی) بەشداریان کردوەو پلەی دووەمیان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هێناوە.

لە دیدارێکدا کە بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەڵاحەدین و لوبنانی فەرەنسی و نوێنەرانی کۆمپانیای هواوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازی کرد لە قوتابیانی بەشدار لە پێشبڕکێى (ئای.سی.تی) کرد و دەستخۆشی لێکردن بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی شایستە و هیوای خواست لە داهاتودا پلەی باشتر و نازناوی گەورەتر بۆ هەرێمى کوردستان بەدەست بهێنن، هەروەها دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی پێشبڕکێکە کرد بۆ ڕەخساندنی زەمینەکی گونجاو بۆ پیشاندانی توانا زانستیەکانی قوتابیان لەبواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان.

شیاوی باسە بەشداربووانی پێشبڕکێکە لە هەرێمى کوردستان پێکهاتبوون لە قوتابیانی زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەڵاحەدین و لوبنانی فەرەنسی، تیمێک لە بەشداربوان پلەی دووەم و ئەوانی تریش پلەی حەوتەمیان بەدەستهێناوە، لە هەردوو تیمەکەشدا لە کۆى شەش قوتابی چواریان قوتابى زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن.

لەکۆتایشدا د. ئارام محمد قادر خەڵات و ڕێزلێنانی پێشکەش بە قوتابیانی بەشدار لە پێشبڕکێکە کرد، دواتریش سوپاس و دەستخۆش ئاراستەى تیمى مامۆستایان و زانکۆ بەشدارەکانى پێشبرکێکە کرد.

سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە مەراسیمی راگەیاندنی پڕۆژەى پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەى (پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان)یان راگەیاند، کە بە بڕى (650,000) شەش سەدو پەنجا هەزار دۆلار جێبەجێ دەکرێت لە هەر سێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک).

ڕاگەیاندنى ئەو پڕۆژەیە ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی 30ـی کانونی دووەمی 2023 لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا هات، کە بەئامادەبونى (د.ئارام محمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (ئێرڤن هیکس) کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە وەزارەت بەڕێوەچوو.


ئەم پڕۆژەیە بە بڕى (650,000) شەش سەدو پەنجا هەزار دۆلار لە هەر سێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک) لە لایەن کونسوڵخانەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرپەرشتی رێکخراوی(USAID)  ئەمریکی جێبەجێ دەکرێت، کە پێکدێت لە دروستکردنی (9) نۆ تاقیگەی زانستی بەنوێترین ئامێرى زانستى سەردەمیانە، هاوکات بۆ هەریەک لەم تاقیگانە ڕاهێنانى تایبەت بەستافى نێوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان دەکرێت بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێنن.

پڕۆژەکە هەنگاوێکى گرنگە بەئاراستەى بایەخدانى زیاتر بەگەنجان و لاوانى کوردستان بۆ بەرزکردنەوەى توانا و کارامەییان لە بوارى تەکنەلۆژیاى زانیارى بەتایبەت لە بوارى (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئاى تى) و (نێتۆرکینگ) ڕاهێنان بکەن و ئەو کارامەییانە فێربکرێن، کە بۆ بازاڕى کارى نێوخۆیی و نێودەوڵەتى گرنگن.

شیاوی باسە مامۆستا سۆران عەبدولڕەحمان حەمەد بەرپرسی پرۆژەی ناوبراو لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەی مەراسیمەکە بوو.