شەش مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی باوەڕپێکراوی کامپڵەس-یان پێبەخشرا

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا د. محمد کەلاری، بەڕێوبەری گشتی خوێندن و پلاندانان د. خەتاب ئەحمەد و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و میوانان و بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ، لە مەراسیمێکدا بڕوانامەی راهێنەریی باوەڕپێکراوی کامپڵەس بەخشرایە شەش مامۆستای زانکۆمان.


مەراسیمەکە رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 1ـی شوباتی 2023 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو. سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و هاوبەشانی ئەوروپی و مامۆستایان و قوتابیان و پەنابەرانی کرد و
وتی: پیرۆزبایی لە مامۆستایانمان دەکەم بۆ بەدەستهینانی بڕوانامەی راهێنەری شایستە زانکۆ وەکو دەزگایەکی ئەکادیمیی کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی مەعریفە و ئەنجامدانی توێژینەوە و کاری خزمەتکرنی کۆمەڵگە. لە ئێستادا پەیوەندی زانکۆ بە کۆمەڵگەکەی بووەتە، پێویستییەک بۆ لایەنی ئابووری بۆ دابینکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و هەروەها بۆ چارەسەر کرنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، لەم رووەشەوە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە یارمەتی کۆمەڵگە بدات بۆ ئەوەش کاری باشی کردووە و بەردەوامیش دەبێت.


هەر لەو روانگەوەیەشەوە دەروانینە پرۆژەی (کامپڵەس) کە پرۆژەیەکی 3 ساڵەیە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە لە ڕێگەی (ئیراسمس پڵەس)‏ پرۆگرامەوە کۆمەکی دارایی دەکرێت. و ئامانج لێی یارمەتیدانی پەنابەر و کەمدەرامەت و دەرچووانی زانکۆکەمانە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان تاکو ببنە خاوەن کار و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ئەم هەرێمە هەروەها زەمینەسازییان بۆدەکات تاکو بتوانن کارامەییەکانیان لە بازاری کاردا بەکاربهێنن.


ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خۆشحاڵین کە متمانەمان پێکراوە لە لایەن هاوبەشەکانمانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لە هەولێر.
هەروەها وتیشی : بەرێزان دەمەوێت هەندێک زانیاری دەربارەی پرۆژەکە بخەمە روو:
ئەم پڕۆژەیە لە لایەن حەوت ڕێکخراو، زانکۆ و پەیمانگە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و یۆنان، هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی شوباتی 2021 دەستیپێکرد کە تیایدا ڕاهێنان بە گەنجانی کەمدەرامەت و پەنابەر لە هەولێر و لاریسا لە یۆنان دەکەن.

‏بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی رابردوودا ئامادەکاریمان کرد و شەش مامۆستا لە زانکۆکەمان چوونە ئیتاڵیا و لە لایەن هاوبەشی ئیتاڵی ڕاهێنانیان پێکراوە لە بواری پەرەپێدانی پرۆژە و گرنگیدان بە فێربوونی بەردەوام (تعلیم مستمر)، ئەمڕۆش وەک هەنگاوێکی گرنگی پرۆژەکە ئەو مامۆستایانە بڕوانامەی راهێنەری شایستەیان پێ دەبەخشرێ و لەمەودوا دەتوانن بە پشتبەستن بە توانا و لێهاتوویی خۆیان سەرپەرشتی راهێنانە جیاوازەکانی ناو کامپەکان بکەن.


ئەم یرۆژەیە جەخت لەسەر پشتبەخۆبەستنی گەنجان و کەمدەرامەت و پەنابەران دەکات بۆ ئەوەی ببنە خاوەن پرۆژەی خۆیان و لە رێگەیەوە هەلی کار برەخسێنن بۆ خۆیان و خێزانەکانیان.
ئێمەش لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کار دەکەین لەسەر دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆکەمان و بەستنەوەی زانکۆکەمان بە دام ودەزگا گشتی و تایبەتییەکان.
ئەوەی جێگەی دەستخۆشییە لەڕێگەی پرۆژەی کامپڵەسەوە مۆدێلێک پەرەی پێدراوە زیاتر گرنگی دەدات بە فێربوونی بەردەوام کە ئەم بابەتانە لەخۆ دەگرێت: (توانای خۆبەڕێوەبردن، هەڵسەنگاندن، ڕاوێژکاری و رابەرایەتی و بەڕێوەبردنی راستی و دروستی (بەڵگە). هەروەها دروستکردنی پلاتفۆرمی فێربوونی ئەلیکترۆنی.


پاشان دەستکرا بە پێشکەش کردنی چەند سیمنارێک لە لایەن هاوبەشەکان کە تیایدا هەریەکەیان بە جیا باسی رۆڵی دەمەزراوە و وڵاتەکەی خۆیان کرد لە پرۆژەکە.
دواتر لە لایەن مامۆستا هەورۆ کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی بڕوانامەی کامپڵەسی پێبەخشرا سیمنارێک پێشکەش کرا لەسەر شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی خولەکانی ناو کەمپەکانی هەولێرکە لە ئێستادا دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
لە کۆتاییشدا لە لایەن هاوبەشەکانەوە بڕوانامەی راهێنەریی شایستە و لێهاتوو بەخشرایە مامۆستایانی زانکۆمان.