Blog

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پرۆژەی چاپتەری گەنجانی نەخشەساز رادەگەیەنێت

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 1ـی ئاداری 2022 لە هۆڵی بونەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی، راوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. صباح و د. امیر، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و پسپۆڕان، مەراسیمی ناساندنی چاپتەری گەنجانی نەخشەساز

(EPU YouthMappers Students Chapter)

بەرێوەچوو.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسی لە گرنگی پرۆژەکە کرد و بە پێویستییەکی سەردەمی زانی و هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی مامۆستایانی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە مامۆستا محمد فەیسەڵ و مامۆستا گڵپە علی کرد کە سەرکەوتووانە پرۆژەکەیان بە ئەنجام گەیاندووە.

دواتر مامۆستا گڵپە علی کورتە باسێکی دەربارەی پرۆژەکە و مێژووی دامەزراندنی کرد و هەروەها روونیکردەوە کە (یوث ماپەرز) پێك دێت لە کۆمەڵێك قوتابی و توێژەر و مامۆستا کە تێیدا تەکنەلۆجیا و داتای بەردەست و گشتی بەکار دەهێنن بۆ دەسنیشانکردن و خستنەڕووی ئەو ئاستەنگانەی کە دێنە بەردەم پێشکەوتنی هەر ووڵاتێك. قوتابیانی زانکۆکان لەسەرتاسەری جیهان بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری دەکەن لە پرۆگرامێك کە بەردەستە بۆ هەموو خەڵك ئەویش پێی دەگوترێت پلاتفۆرمی (ئۆ ئێس ئێم)، کە تێیدا قوتابیان نەخشەی ئەو شوێنە دەکەن کە تێیدا دەژین وە لە بەرامبەردا سوودێکی زۆر گەورە بە کۆمەڵگاکەیان دەگەیەنن.

مەبەستی سەرەکی کردنەوەی ئەو چاپتەرە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر روونکردەوە کە بریتییە لە پێگەیاندن و گەشەپێدانی توانای گەنجەکانمان بۆ ڕابەریکردن و بەرەو پێشبردنی ووڵاتەکەمان لە ڕێگەی ماپ کردن.

دواتر مامۆستا محمد فەیسەڵ سیمنارێکی پێشکەش کرد دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی ئەو گرووپە قوتابییە لە پرۆژەکە کە تیایدا بە وردی ئامانج و سوودەکانی بۆ کوردستان بەگشتی و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و حکومەت و رێکخراو و کۆمپانیا و تەنانەت کەسانی ئاساییش روونکردەوە، هەروەها باسی لە رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای هەولێر کرد کە بە هۆی لافا و قەتیس بوونی باراناو لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە دروستبوو و چونیەتی رووبەروو بوونەوە یاخود ئامادەکاری کردن پێش رووداوەکان هەروەها لە کاتی رووداندا چۆن هاوکاری بگەیەندرێتە شوێنە زیان لێکەوتووەکان، لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە کە سوودێکی زۆری هەیە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ د. کاوە شێروانی خەڵاتی تایبەتی بەسەر قوتابییە چالاکەکانی ئەو پرۆژەیە دابەشکرد و پاشان لەلایەن راوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵاوە بروانامەی رێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی سەرپەرشتیار و قوتابیانی بەشداربوو.

(EPU YouthMappers Students Chapter)

پێك دێت لە کۆمەڵێك قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە لەسەر ئاستی جیهانی کاردەکەن بۆ هاریکاریکردنی مرۆیی خەڵکانی هەر ووڵاتێك لە ڕێگای دروستکردنی نەخشە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەژین، بە مەبەستی ئامادەبوون و کارئاسانی بۆ ئەو حالەتانەی کە تێیدا کارەساتی سروشتی و مرۆیی ڕوودەدات یاخود ڕوویداوە، ئەمەش یارمەتیدەرێکی

گەورە دەبێت بۆ دەزگاو دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان

هەشتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەندازیاری نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی دەستی بەکارەکانی کرد

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 23ـی شوباتی 2022 لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. محمد حسین احمد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان مامۆستا احمد کانی، بەڕێوبەری کارگێری و دارایی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەناو فەرەیدون جوانڕۆیی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر د. علی رشید، جێگری پارێزگاری هەولێر هێمن قادر و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان، مەراسیمی کردنەوەی هەشتەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تیشکى نێودەوڵەتى بە پاڵپشتى (ئی ئی ئی تریپڵ-عێڕاق) بەرێوەچوو.

دوای گوێگرتن لە سروودی نیشتمانی عێراق و سرودی نیشتمانی کوردستان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: “میوانە بەڕێزەکان، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بەخێرهاتنتان بکەم بۆ هەشتەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی تیشکى نێودەوڵەتى و بە پاڵپشتى (ئی ئی ئی تریپڵ-عێڕاق).

ئامادەبووانى ئازیز، ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر، لە ساڵى 2014 وە ئەم کۆنفرانسە لەگەڵ هاوکارانمان لە زانکۆکان ئەنجامدەدەین. پەیوەندییەکانمان لە ماوەى ئەو چەند ساڵە زۆر پتەو و بەهێز بووە.

ئامانجمان لە سازدانى ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بنیاتنانى پلاتفۆڕمێکى کۆنکرێتییە بۆ ستافە ئەکادیمی و توێژەرە نێوخۆییىەکانمان لە دامەزراو و رێکخراوە ئەکادیمییە جیاوازەکانمان، ئەم کۆنفرانسە زانیاری و گفتوگۆی درێژخایەنی دوایین کێشە و بابەتەکان لە سەرانسەری جیهان ئاڵوگۆڕ دەکات.

ئەمساڵ کۆنفرانسەکەمان رووبەروو پێشکەش دەکرێت لەگەڵ چەند پلاتفۆرمێکی ئونلاین.

ئەم کۆنفرانسە 130 توێژەر و ستافی ئەکادیمی لە دامەزراوە و رێکخراوە جیاوازەکانی 11 وڵات (چین، عوممان،ماکاو، هیندستان، پاکستان،ئێران، تورکیا، مەکسیک، سەنیگال، سۆدان و مالیزیا) کۆکردووەتەوە بۆ پێشکەش کردنی زانیاری نوێ و هاوبەش لە بوارەکانی (ئەندازیاری شارستانی، ئەندازیاری کۆمپیوتەر و ئەندازیاری گشتی).

ئامانجی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریکردنە لە گەشەپێدانی زانست و زانیاری و بەرزکردنەوەی رانکینگی زانکۆ و بەرزکردنەوەی کوالیتی توێژینەوەی زانستی، هەروەها رێکخستنی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بەشێکە لە ستراتیژیەتی زانکۆکەمان بەرەو نێودەوڵەتی بوون و بەجیهانی بوون، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیان، خزمەتگوزاری باشتر بو کۆمەڵگە و دەستنیشانکردنی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی و هەرێمییەکان.

دووبارە بەخێرهاتنی ئامادەبووان دەکەم هیوادارم لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی زانستیانەی بەبەرهەم پێشکەش بکەین.

هەروەها سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی هەردوو زانکۆکە دەکەم بۆ ئەو کۆشش و کاری بەردەوامیان لەم جۆرە چالاکییانە، سوپاسی ئەندامانی لێژنەی باڵای زانستی و رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە دەکەم وهەوڵی گشت لایک بەرز دەنرخێنم کە بەبێ ماندووبوون کاریان کردووە بۆ سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە.

هیوادارم کاتێکی خۆش و ئارام لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەسەر ببەن”.

شیاوی باسە ئەم کۆنفرانسە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت لە رۆژانی 23 و 24/2/2022، بە بەشداری 130 کەسی ئەکادیمی و توێژەر لە دامودەزگا و رێکخراوی ئەکادیمی لە 11 وڵاتی جیاواز بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری لە بواری ئەندازیاری.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 22ـی شوباتی 2022 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د کاوە عبدالکریم شێروانی و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر بەرێز موسا ئەحمەد و جێگرەکەی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ مەراسیمی واژۆ کردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆ و دەزگای خێرخوازی بارزانی بەڕێوەچوو.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی بەرێز موسا ئەحمەد و شاندی یاوەری و میوانان و مامۆستایان و بەشداربووانی خولی راهێنان کرد، و وتی : “ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر شانازی دەکەین کە یەکێک لە دەزگا ئەکادیمییەکانین کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دەرەوەی زانکۆ لەگەڵ کۆمەڵگە و هەموو چین و توێژەکانی هەیە، یەکێک لە شانازییەمانمان ئەوەیە کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی هەیە کە بە سوپاسەوە پەیوەندییەکی بەرهەمداریش بووە و چەندین کاری هاوبەشمان هەبووە پێش ئەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی لە نێوانیشمان واژۆ بکەین، کە ئەوەش جێگای دەستخۆشییە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ سوپاسی سەرپەرشتیار و مامۆستایان و بەشداربووانی ئەو خولەی کرد کە لە ماوەی رابردوو لەلایەن مامۆستایانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە بە هەماهەنگی دەزگای نابراو بۆ کارمەندانی دەزگاکە کرابوویەوە کە تایبەت بوو بە هەردوو بواری ژمێریاری بودجەی گشتی و سەرچاوە مرۆیی.

لە کۆتاییدا سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد کە جگە لە لایەنی هاوکاری و ئەنجامدانی خول و پەیوەندی لە زۆر کاری تر یارمەتی مامۆستایان و قوتابیان و دەزگاکانی  سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان داوە، سەرەڕای کاری خۆیان گرنگی بە لایەنی ئەکادیمی و ناوەندەکانی زانست دەدەن، هیوادارین ئەو پەیوەندییەی نێوانمان زیاتر پەرەی پێ بدرێت کاری گەورەتر بەیەکەوە ئەنجام بدەین.

دواتر سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: زۆر بەختەوەرین کە ئەمڕۆ لێرەین و ئەرکێکی پیرۆز دەخەینە سەر شانی ئێوە ئەویش هاوبەشی کردنی ئەو کارە جوانانەیە کە دەزگای خێرخوازی بارزانی کە کۆمەڵگەى ئێمە و مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی پێویستی پێیەتی، بۆ بەرەوە پێشبردنی کاری مرۆیی و پێکەوە ژیانێکی باشتربۆ کوردستان و عێراق کە بەداخەوە زیانێکی زۆریان بینیوە بەهۆی شەو شەڕ و لێکتێنەگەیشتنانەی کە هەن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا موسا ئەحمەد وتی ئێکە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی جیاواز لەو فۆرمە گشتییەی کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەوی دەکەن کاردەکەین و بابەتی کوردستانی بوون و پشتبەستن بە کادیری خۆماڵی یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمەبووە بە دڵنیاییەوە هەموو رێکخراوەکان بۆ پرۆژە گشتگیر و هەمەلایەنەکانیان پێوویستیان بە کادیری شارەزا و بەتوانا هەیە زۆرجاریش بۆ ئەم بابەتە پشت بە راهێنان و راهێنەرانی نێودەوڵەتی دەبەستن، ئێمە نەهجێکمان هەڵبژاردووە کە پێمان وایە میللەتی خۆمان لە هەموو بوارێکدا کەسانی شایستە و شارەزا و پسپۆڕمان هەیە و هیچ جیاوازییان نیە لەگەڵ شارەزایانی پێشکەوتیی وڵاتان، بۆیە گینگترین شت ئەوەیە بۆ بەرەوپێشبردنی بوارەکانی تەکنەلۆژی و تەکنیکی و کارگێری لە کۆمەڵگەی خۆماندا یەکدەنگی و هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لە ئیشدا دەمانگەیەنێتە ئەنجامی باش، دەمەوێت ئەوە ئاشکرا بکەم کە زیاتر لە 80 لە سەدی کارمەندانی دەزگاکەمان دوای دەرچوونیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ یەکەمجار لای ئێمە دەستبەکاربوون، کەمن ئەو رێکخراوانەی کە ئەو بوێرییە دەدەن بەخۆیان دەدەن بەو شێوازە پشت بەو کارمەندە ناوەندییانە ببەستن و بەرپرسیارییەتییان پێ بدات کە زۆربەیان لە پۆست و پلەی باڵادان لە چوارچێوەی دەزگای خێرخوازی بارزانیدا.

پاشان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی لە لایەن بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی موسا ئەحمەد واژووکرا.

لە کۆتاییشدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی خولی راهێنانی بواری ژمێریاری بودجەی گشتی و سەرچاوە مرۆییەکان

کە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆمانەوە سەرپەرشتی دەکرا بە بەشداری کارمەندانی دەزگای ناوبراو

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک دەربارەی وەرزش و تەندروستی مرۆڤ بۆ پ.ی.د. تحسین شێروانی رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 22ـی شوباتی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیان، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیدارێکی بۆ پ.ی.د. تحسین علی إسماعیل، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری وەرزش، رێکخست لەژێر ناونیشانی (وەرزش و تەندروستی مرۆڤ).

لە دەستپێکی سیمنارەکەدا د. تحسین شێروانی باسی لە گرنگی وەرزش و چۆنیەتی ئەنجامدانی بەشێوەیەکی دروست کرد و کاریگەری وەرزشی لەسەر سیستەمی بەرگری و سوڕی خوێن و کردارەکانی هەناسەدانی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە.

لە بەشێکی دیکەی سیمنارەکە باسی کاریگەری وەرزشی کرد لە کەمکردنەوە یاخود نەهێشتنی قەڵەویدا کرد و باسی لە هاوکێشەیەک کرد کە لەرێگەیەوە دەتوانرێت هاوسەنگی لە نێوان کێشی لەش و باڵادا بزانرێت، هەروەها ئەو پسپۆڕەی بواری وەرزش فۆرمێکی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرد کە چەندین پرسیاری تێدا بوو دەربارەی شێوازی ژیان و خواردن و وەرزش و کارکردن و کاریگەرییەکانی باری دەرونی لەخۆ گرتبوو، کە لە رێگەیەوە هەرکەسێک دەتوانێ ئاگاداری باری تەندروستی بێت و بزانێت پێویستی بە چ جۆرە راهێنان و سیستەمێکی خۆراکییە تاکو لەش و لارێکی رێک و تەندروستی هەبێت.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن د. تحسین علی إسماعیل بە وردی وەڵام درانەوە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە پ.ی.د. تحسین علی

إسماعیل و سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارەکە